بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاڵدار خەلیل، ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا بە ئاژانسی فورات نیووزی ڕاگەیاند: "وەک دەزانن ڕژێمی بەعس لە ٨ی ئاداری١٩٦٣ هاتە سەر دەسەڵات، لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ کۆتایی هات، پاش ٣ مانگی دیکە دەبێتە ٦٢ ساڵی تەواو. واتە دەسەڵاتداری ٦١ساڵ و ٩ مانگی ئەسەد و ڕژێمی بەعس کە لە دەستی بنەماڵەی ئەسەدا بوو کۆتایی هات. ماوەی ١٤ ساڵ گەلانی سووریا لە ناو بەرخۆدانێکدا بوون بۆیە ئەمڕۆ ڕۆژ وەک ڕۆژێکی مێژوویی دەبینرێ لە سووریا و سەردەمێکی نوێیە، بەڵام دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتە گرێدراوەکانی چۆن لە سووریای نوێ نزیک دەبنەوە؟ بە چ شێوەیەک سیستەمێک بنیات دەنرێت؟ ئایا سووریایەکی دیموکراتیک بنیات دەنرێت؟ بەهەر حاڵ ئەم بابەتانە شایانی باس کردنن، دەبێت سیستەمێکی دیموکراتیک بۆ هەموو گەلانی سووریا دابمەزرێت.
لە ساڵی ٢٠١١ بەدواوە ئێمە بەردەوام هەمان هەڵسەنگاندنمان کردووە. ئەگەر شۆڕشێک ڕووبدات، دەبێت گۆڕانکاریەک لەو شێوە بێنێتە سەر کار، شێوازی بەڕێوەبەری سووریا دەبێت بگۆڕدرێت. ئەو هێرشانەی لە سووریا بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لەلایەن گرووپە جیاوازەکانەوە ئەنجامدرا. لە نێوان ئەم گرووپانەدا کێشە و ناکۆکی هەیە. هەر گرووپێک پلانێکی جیاوازی خۆی هەیە. ئەمە مەترسیەکە کە لەوانەیە شەڕی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا بێنێت.
پێویستە ئەمەش لەبەرچاو بگیردرێت. هۆکارێکی دیکەی چارەسەرنەبوونی قەیرانی سووریا کە بە ساڵانە بەردەوامە، دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورکە لە سووریا. تا تورکیا وەک لایەنی قەیران و ئاژاوەگێڕییەکانی سووریا سەیر نەکرێت ناکرێت هەڵسەنگاندنێکی دروست بکرێت. بۆیە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەو مانایە نییە کە قەیرانەکە کۆتایی هاتووە. لەبەر ئەوە دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورک لە پرسی سووریا کۆتایی نەهاتووە. هەموو گەڵانی سووریا ماوەی ٦١ ساڵ و ٩ مانگ لە گەڵ سیاسەتی قڕکردن و سەرکوتکردن دەژیا، بە تایبەت دژی گەلی کورد بوو.
بێگومان دەمانەوێت لە داهاتووی نوێی سووریادا لە ژیانێکی ئارام و ئاسایشدا بژین، بەڵام دەستوەردانەکانی دەوڵەتی تورک لە پرسی ناوخۆیی سووریادا مەترسییەکان زیاتر دەکات. چ مەترسییەک؟ وەک چۆن دەوڵەتی سووریا سیاسەتی قڕکردن و سەرکوتکردنی پەیڕەو دەکرد، دەوڵەتی تورکیاش لەو کەمتر نییە و مەترسیدارترە. دەوڵەتی تورک تەنانەت بوونی فیزیکی گەلی کورد لە سەرخاکی خۆی قبووڵ ناکات. لانی کەم ڕژێمی بەعس سنوورێکی دیاریکراوی هەبوو، گەلەکەمان دەیتوانی لە گوند و شارەکاندا درێژە بە ژیانی خۆی بدات. بەڵام سیاسەتی دەوڵەتی تورک بەم شێوەیە نییە. بەپێی سیاسەتی دەوڵەتی تورک ئەم ناوچەیە خاکی تورکەکانە، نابێت کورد لەو ناوچانەدا بژێت. هەروەها لەگەڵ دامەزراندنی سووریایەکی دیموکراتیکدا نییە و ئامانجێکی وای نییە.
بە وتەی دەوڵەتی تورکیا، پێویستە پرۆژەی دیموکراتیک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نەمێنێت. دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لەبری ئەنجامدانی کۆبوونەوە، لەبری ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیک کۆببنەوە و باس لە ئایندەی سووریا بکەن، دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکرد. لە ئێستادا هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر مەنبج و دەوروبەری هەیە. ئەم هێرشانە بە فەرمانی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدرێن. ئەگەر بڕیار بێت سووریایەکی دیموکراتیک دابمەزرێت، بە هێرشکردنە سەر مەنبج و ناوچەکانی تری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوو نادات. بە پێچەوانەوە دەبێت لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا دیالۆگ دەست پێبکات.
ئاڵدار خەلیل سەبارەت بە هێرشی چەتەکانی تورک بۆ سەر مەنبج ڕایگەیاند: "لە مەنبج و دەوروبەری هێرشێکی چڕ و بەرفراوان هەیە، تەنها چەتەکان بەشدار نین لەو هێرشانەدا، سەرنج بدەن، لێدوانی سەرەتای چەتەکان سەبارەت بە ڕێگاو ڕێباز نییە و هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ بنیاتنانی داهاتوو نییە، هەموو شتێکیان تەنها هێرشی سەر مەنبج بوو(تا ئێوارەی دوێنێ) چەتەکان ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی مەزن بوونەوە، ئەگەر ئەم هێرشانە تێک نەشکێندرێن، دەوڵەتی تورک هەنگاو بە هەنگاو بەردەوام دەبێت، بۆیە دەبێت گەل لە یەک بەرەدا ڕووبەڕووی هێرشەکان ببێتەوە.
هەروەها سەبارەت بە دۆخی دێرەزوور، ئاڵدار خەلیل وتی: "دوای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) کۆتاییان بە داعش هێنا لە باخۆز لە دێرەزوور، ئەم ناوچەیە لەلایەن قەسەدەوە دەپارێزرێت، بەتایبەتی لە ڕێگەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور، کاتێ هێرش کرایە سەر حەما داعش ڕووی لە دێرەزوور کرد، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە بوو، ئەگەر ئەمە ڕووبدات، مەترسی لەسەر ناوچەکانی تری دێرەزوور دروست دەبوو، بۆیە گەلی دێرەزوور و مەجلیسی سەربازی دێرەزوور ڕووبەڕووی هێرشەکانی داعش بوونەوە هەتا ئەو بۆشاییەی دروست بووە نەکەوێتە دەستی چەتەکانی داعش، پێویستە ئەوە بزانرێت هەتا سیاسەتی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعش لە ئارادا بێت هەڕەشەکانیش لە ژیانی گەلانی هەرێمەکە بەردەوام دەبێت."
ئاڵدار خەلیل سەبارەت بە چارەسەری کێشەکان وتی: "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هێشتا لەکاتێکدا کە ڕانەگەیەندرابوو؛ واتە لە ساڵی ٢٠١١ و لەگەڵ ڕاگەیاندنی لە ٢٠١٤ بەدواوە تا ئەمڕۆ، بەردەوام بۆ سووریا پڕۆژەی یەکڕیزی و یەکێتی هەبووە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥وە ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک وەک چەترێک بۆ هێزەکانی هەموو سووریا و ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیەندرا، بۆیە ئێستا مەسەدە دەتوانێ ڕەوڵی چارەسەری کێشەکان ببینێ، هەروەها قەسەدە دەتوانێ ببێتە هێزی سەربازی سووریای تیموکراتیک. هەروەها پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دەتوانێ ببێتە پڕۆژەی داهاتووی سووریایەکی دیموکراتیک."
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند؛ پێویستە ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی شەهیدان و ڕەنج و تێکۆشانی گەل بەدیهاتوون لەم قۆناغە مێژووییەدا بپارێزرێن و وتی: "ئەگەر بتوانین ئەمڕۆمان بپارێزین، ئەوە بە مانای پاراستنی تێکۆشانی ١٤ ساڵی ڕابردوومانە. هەروەها ئەگەر جدیی نەبین ئەوە ناتوانین دەستکەوتەکانمان بپارێزین و دەکەوینە دۆخێکی نەرێنیەوە".
Your Comment