مەزڵووم کۆبانێ: بە نێوەندگیریی ئەمریکا گەیشتینە رێککەوتنێک بۆ کشانەوە لە مەنبج

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، لەپێناو سەلامەتیی هاووڵاتیان و داهاتووی وڵات چەکدارانیان لە مەنبج دەبەنە دەرەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەمڕۆ چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیاند: "لەکاتیکدا شەڕڤانانمان لە مەنبج بەردەوامن لە بەرگری کردن بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانەی لە ڕۆژئاوای فوراتەوە دەکرێن، ئێمە بە نێوەندگیریی ئەمریکا گەیشتینە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە مەنبج، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتیان".

کۆبانێ دەشڵێت: "شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبج، کە لە ۲۷ـی ۱۱وە بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە، بەزووترین کات لە ناوچەکە دێنە دەرەوە".

مەزڵووم عەبدی لەبارەی هۆکاری ئەم هەنگاوە ئاماژە بەوە دەکات: "ئامانجی ئێمە ئاگربەستە لە تەواوی سووریا و چوونە نێو پرۆسەی سیاسیە لەپێناو داهاتووی وڵات دا".

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی گەڕی ئەم جارەی شەڕ بە دەستپێشخەریی دەستەی تەحریری شام- هەتەشە، گرووپە چەکدارەکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن تورکیاوە لە ناوچەکانی باکووری سووریا و بەتایبەت رۆژئاوای فوورات رووبەڕووی شەڕڤانانی هەسەدە بوونەوە و لە مەنبج شەڕیان دەستپێکرد، مەنبج شارێکی زۆرینە عەرەبنشینە و چەندین ساڵ بوو لە لایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرا.

News Code 224523

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha