کوردپرێس: ئەم ئەستێرەیەی سینەما، بۆ ریکلامکردنی حەماسە سینەماییەکەی «کریستۆفەر نۆلان»، کەلوپەلی زێڕینی بەکار هێناوە کە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی ۳۰۰۰ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.
«ئۆدیسە» چیرۆکی گەشتی درێژخایەنی پاشایەکی یۆنانییە بۆ گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە. بەڵام بەکارهێنانی جووتێک گوارە لە گەشتی ڕۆژنامەوانیی پەخشکردنی ئەم فیلمە نوێیەدا، و دوورکەوتنەوەی درێژخایەنی ئەم شوێنەوارانە لە نیشتمانی دایکی خۆیان، ناڕەزایەتییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە.
لە ڕێوڕەسمێکی وێنەگرتندا لە لەندەن، زێندایا کە لە فیلمەکەی کریستۆفەر نۆلاندا ڕۆڵی خوداوەند «ئاتێنا» دەگێڕێت، جووتێک گوارەی لە گوێدا بوو کە لە شوێنەوارە دێرینەکانی ناوچەکەوە بۆ ۷۰۰ ساڵ پێش زایین دەگەڕێنەوە.
پەرچەکردار و دەنگدانەوەکان بۆ ئەم هەنگاوە خێرا بوون؛ شوێنەوارناسان بە ڕەخنەگرتن لە بەکارهێنانی کەلوپەلی بەنرخ و خاوەن بایەخی کەلەپووری وەک «خشڵی ئارایش» بۆ ریکلامی فیلمێکی هۆڵیوودی، ئەم کارەیان بە «دەستبەسەرداگرتنی» دەستکەوتە شارستانییەکان ناودێر کرد.
ئەم گوارانە هی گالێری «بارۆن لەندەن» (Barron London) و سەوداگرێکی هونەرییە لە گەڕەکی «مەیفێر»دا، کە لە ماڵپەڕی خۆیاندا گووتوویانە: «ئەم گالێرییە بە نهێنیپارێزیی خۆی ناسراوە و بە شێوەیەکی تایبەت لەگەڵ کۆکەرەوەکان، خاوەنەکان و ناوەندەکاندا کار دەکات بۆ دۆزینەوە و نیشاندانی کەلوپەلە بەنرخەکان.»
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن «بارۆن»ەوە، ئەم ئاسەوارانە کە لە ساڵی ۲۰۲۵دا لە زێڕنگەرێکی دیکەی لەندەنی بە ناوی «گلێن سپیرۆ» کڕدراون، «پەیوەندیدارن بە گەنجینەی زیویەوە کە لە کۆتایی دەیەی ۱۹۴۰دا لە باکووری ڕۆژئاوای کوردستان/ئێران دۆزرایەوە.»
ئەم گەنجینەیە، کۆمەڵەیەک لە زێڕ، زێو، بڕۆنز و گۆزەگەری بوو کە لە ساڵی ۱۹۴۷دا دۆزرایەوە و لەلایەن شوانەکانەوە تاڵان کرا. بەپێی وتارێکی توێژینەوە لە ساڵی ۲۰۱۵دا، پارچە ماوەکانی «لە دەیەی ۱۹۶۰دا لە بازاڕی عەتیقەی دەرەوەی وڵاتدا فڕۆشران» و «ئێستا لە موزەخانە و کۆمەڵە تایبەتە جیاوازەکانی جیهاندا پەرشوبڵاون».
پڕۆفیسۆر سوسەن بابایی، مێژوونووسی هونەر و مامۆستای ناوەندی «کۆرتۆڵد»، گوتی: «زۆر سەرسوڕهێنەرە کە دەبینین هیچ کەس تەنانەت بیری لەوە نەکردووەتەوە کە ڕەنگە ئەم کارە کارێکی باش نەبێت.»
ئەو وێڕای دەربڕینی «توڕەیی» لە بەکارهێنانی ئەم ئاسەوارە دێرینانە لەلایەن زێندایاوە، گوتی: «زانیاری و هەستیاریی کەلەپووریی پێویست لە نێوان ئەو کەسانەی جلی [ئەستێرەکان] دروست دەکەن، یان ئەوانەی خشڵیان بۆ هەڵدەبژێرن، و ئەوانەی وەک هێمای جوانی و دەسەڵات و بەرجەستەبوونی ئامانجە باڵاکانی فیلمەکە نیشانیان دەدەن، بوونی نییە.» پەیوەندی بە نوێنەرانی زێندایا و دیزاینەری جلەکانییەوە کراوە بۆ وەرگرتنی ڕوونکرنەوە.
ئەم جەنجاڵە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ناوەندە ڕۆژئاواییەکان کە ئاسەوارە دێرینەکان دەپارێزن، کەوتوونەتە ژێر چاودێرییەکی وردەوە. موزەخانەی بەریتانیاش بەهۆی پاراستنی «بڕۆنزەکانی بەنین»، بەردەننووسەکانی میحرابی پیرۆزی ئەسیوپیا و پەیکەرە مەڕمەڕییەکانی پارتینۆن کە هەموویان بە تاڵانکراو هەژمار دەکرێن، بەرەوڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە.
کیم کارداشیان لە ڕێوڕەسمی «مێت گالا» لە ساڵی ۲۰۲۲دا، جلێکی پۆشی کە هی مێریلین مۆنرۆ بوو. هەروەک ئیسکۆت فۆرتنەر، کە کۆمەڵەیەک لە کەلوپەلەکانی مۆنرۆی لەبەردەستدایە، لەو کاتەدا بە بی-بی-سیی گوتبوو: «کاتێک شتێک بەم ئاستە لە گرنگی دەکڕیت، بەڕاستی دەبێت بە بەڵێنی خۆت بۆ پاراستن و ڕاگرتنی بە وەفا بێت… و دیارە کە ئەمە ڕووی نەدا.» خاوەنەکانی ئەم جلە، کەوتنی هەر جۆرە زیانێکیان بۆ سەر جلەکە ڕەت کردەوە.
دکتۆر ئانلیز بائەر، شوێنەوارناس و بەرهەمهێنەرێک کە ڤیدیۆکەی دەربارەی گوارەکانی زێندایا بەهۆی ئەوەی هەندێک کەس بە «پەسەندکردنی بەکارهێنانی ئەم ئاسەوارانە»یان زانی، کەوتە ژێر ڕەخنەوە، گوتی کە کێشەی سەرەکیی ڕەوشتی ئەوەیە کە «خودی ئەم گوارانە لە عەتیقەی تاڵانکراو دروست کراون.»
ئەو زیادی کرد: «بەکارهێنانیان لەلایەن زێندایاوە ڕاستییەکی دووەمە… بەڵام چونکە ئەو ئەم گوارانەی لەسەر فەرشی سوور بۆ پەخشکردنی فیلمێکی گەورەی نێودەوڵەتی بەکار هێناوە، ئەم بابەتەی ناگهان بە شێوەیەک خستووەتە بەردەم دیدی گشتی کە پێشتر بەم جۆرە نەبینرابوو.»
بەپێی ڕاگەیەندراوی گالێری «بارۆن»، ئەم گوارانە «بەپێی مێژووە بەڵگەدارەکەیان و هەموو پێداویستییە یاساییە پێویستەکان، بە شێوەیەکی بەرپڕسیارانە ڕاگیراون.»
بابایی گوتی کە ئەم خشڵانە بە ئەگەری زۆرەوە «بارستەی مانایی ڕۆحیی زۆر گرنگیان» هەبووە و زیادی کرد: «ئەمەنە شتێک نین کە وەک زیو و زێڕی ئارایش نیشان بدرێن… ئەمەنە کەلەپووری مرۆڤایەتین. ئەمەنە کەلەپووری جیهانین، نە تەنیا زیو و زێڕێک.»
ئەو گوتی کە ئەنجامی ئەم کارە، بەتاڵکردنەوەی گوارەکانە «لە هەر جۆرە مانایەک». ئەو دەڵێت کە ئەم کارە «دەستبەسەرداگرتن، ڕووکەشکردن و گۆڕینی شێوەی بەشدارییە کەلەپوورییەکانی [ئێرانی کۆن]ە لە شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا.»
گالێری «بارۆن» لە ڕاگەیەندراوەکەیدا زیادی کرد: «مەبەستی پشت ئەم ئەمانەتپێدانە، هەرگیز بازرگانی نەبووە. ئامانجەکە، ڕێزگرتن بوو لە هونەری سەرنجڕاکێشی زێڕنگەرانی ئێرانی کۆن و هاندانی تێگەیشتنێکی بەربڵاوتر لە یەکێک لە گەورەترین نەریتە هونەرییەکانی جیهان. لە سەردەمێکدا کە ئێران زۆرجار لە دەروازەی سیاستە هاوچەرخەکانەوە نیشان دەدرێت، هیوادارین ئەم گوارانە بتوانن کەلەپووری هونەری و مێژوویی قووڵی ئەم وڵاتە بە بیرکەرەوەکان بهێننەوە.»
فیلمی «ئۆدیسە» هەروەها بەهۆی یەکێک لە شوێنەکانی وێنەگرتنییەوە کەوتووەتە ژێر ڕەخنەوە. فیلمسازانی «سەحراوی» داوای بایکۆتکردنی ئەم فیلمەیان کردووە بەهۆی بەکارهێنانی شاری «داخلە» لە «سەحرای ڕۆژئاوای ژێر داگیرکراو»، خاکێک لەژێر دەسەڵاتی مەغریبدا کە هەندێک جار وەک «دوا کۆلۆنیی ئەفریقا» ناوی دەبرێت.
Your Comment