جێبەجیکردنی ڕێککەوتنە ئابوورییەکان ئەولەویەتی هاوبەشی ئێران و عێراقە

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یاوریی شاندێکی باڵا لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران کۆ بوویەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ پێنجشەممە (۲۳ـی تەممووزی ۲۰۲۶)، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە تاران کۆ بوونەوە.

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە ئابووری و وەبەرهێنان بوو و هەردوولا باسیان لە داڕشتنی میکانیزمێک کرد بۆ کاراکردنی "لیژنەی هاوبەشی ئابووریی عێراق-ئێران" و رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنانی نوێ. لەمبارەوە سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە: "ئاسایشمان هاوبەشە و رێگە نادەین خاکەکەمان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئێران."

عەلی فالح زەیدی هەروەها رایگەیاند کە پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران بەهۆی هاوبەشییەکانی ئایین، شارستانییەت، جوگرافیا و کولتوورەوە قووڵ و ستراتیژین.

لایخۆیەوە سەرۆککۆماری ئێران سوپاسی گەلی عێراقی کرد بۆ بەشداریکردنیان لە مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی ئایەتۆڵڵا خامنەیی.

پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد کە سەقامگیریی ئەمنی مەرجی سەرەکییە بۆ گەشەپێدانی ئابووری و سەرکەوتنی پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.

News ID 227612

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha