بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوابەدوای پێشکەوتنی خێرا و ئاسانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد، دوای گرتنەوەی شارەکانی حەلەب، حومس و دەرعا، ئەم گرووپانە ڕۆژی یەکشەممە بەکاتی سووریا بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرنگارییەکی قورس هێزەکانی حکوومەت ببنەوە، چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سووریاوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا پێش ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بچێتە ناو پایتەختەوە، وڵاتەکەی بەرەو شوێنێکی نادیار بەجێهێشتووە.
بەشار ئەسەد، کوڕی حافز ئەسەد کە لە ساڵی ۲۰۰۰ دوای گیانلەدەستدانی باوکی پۆستی سەرۆکایەتی سووریای گرتە ئەستۆ، بە ۱۹هەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە دادەنرێت کە هاوکات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سووریا و سکرتێری گشتی پارتی بەعسی سووریاش بوو.
لە ۲۷ی مانگی یازدەی ۲۰۲۴ و تەنها چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە شەڕی لوبنان، هێرشێکی بەرفراوانی یاخیبووان لە دژی حکوومەتی سووریا شارەکانی وەک حەلەب و حەمای لە ژێر دەسەڵاتی ئەسەد دەرهێنا.
نەیارانی سەرۆک کۆماری سووریا بە سەرۆکایەتی هەیئەتی تەحریری شام و بە فەرماندەیی ئەحمەد ئەلشەرع ناسراو بە جۆلانی توانیان ۸۰% خاکی سووریا لەوانە شارە گرنگەکانی حومس، حەما، حەلەب و دەرعا لە کەمتر لە ۱۰ ڕۆژدا بگرن و دواجار بە کەمترین ڕێژەی بەرگری و توندوتیژی دیمەشقیش بگرن.
Your Comment