دوایین کاردانەوەکانی ئەمریکا بۆ پێشهاتەکانی سووریا

دوای ئەوەی گرووپە چەكدارەكان کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر دیمەشقی پایتەختدا ڕاگەیاند، کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە نزیکەوە بەدواداچون بۆ ئەو "ڕووداوە ناوازانە" دەکات کە لە سووریا ڕوودەدەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شۆن ساڤیت، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكا و تیمەکەی لە نزیکەوە چاودێری ئەو ڕوداوە ناوازانە دەکات كە لە سووریا ڕودەدەن و بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانمان".

ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، ئەولەویەتەکانی ئێستای ئەمریکا لە سووریا بریتییە لە: "دڵنیابوون لەوەی کە ململانێیەكانی ئێستا هاندەری سەرهەڵدانەوەی داعش نەبێت یان کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە".

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا دەڵێت: "ڕووسیا لە بنەڕەتدا هیچ هۆکارێکی نەبوو" تاوەکوو لە سووریا بێت. "ئەوان لەبەر ئۆکراینا حەزیان لە سووریا نەما."

شایانی باسە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە) ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە میدیای فەرمیی دەوڵەتەوە "ئازادکردن"ـی دیمەشق و "ڕووخانی بەشار ئەسەد"ـیان ڕاگەیاند، ئەوەش 13 رۆژ دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە هێرشێکی کتوپڕ و خێرا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەسەد کرد.

News Code 224492

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha