بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شۆن ساڤیت، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكا و تیمەکەی لە نزیکەوە چاودێری ئەو ڕوداوە ناوازانە دەکات كە لە سووریا ڕودەدەن و بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانمان".
ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، ئەولەویەتەکانی ئێستای ئەمریکا لە سووریا بریتییە لە: "دڵنیابوون لەوەی کە ململانێیەكانی ئێستا هاندەری سەرهەڵدانەوەی داعش نەبێت یان کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە".
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا دەڵێت: "ڕووسیا لە بنەڕەتدا هیچ هۆکارێکی نەبوو" تاوەکوو لە سووریا بێت. "ئەوان لەبەر ئۆکراینا حەزیان لە سووریا نەما."
شایانی باسە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە) ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە میدیای فەرمیی دەوڵەتەوە "ئازادکردن"ـی دیمەشق و "ڕووخانی بەشار ئەسەد"ـیان ڕاگەیاند، ئەوەش 13 رۆژ دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە هێرشێکی کتوپڕ و خێرا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەسەد کرد.
Your Comment