پێشبینی دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۵ دەکرێت

بەپێی پێشبینی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم سەرەتای ساڵی داهاتوو نەوتی هەرێم هەناردە دەکرێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕاگەیاند: "بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، مانگانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار و تا ئێستەش نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار زیانی دارایی بە گەنجینەی عێراق گەیشتووە".

کەمال محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد لە ماوەی ڕابردوودا وەک حکوومەتی هەرێم چەندان ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ئیمزا کرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام خاڵێکی ناو یاسای بودجەی گشتیی عێراق کە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی بە شەش دۆلار لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ڕێگر بووە لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکان و هەناردەکردنەوەی نەوت.

بە وتەی ناوبراو هەولێر و بەغدا لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی ناو یاسای بودجە و زیادکردنی تێچووی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ نزیکەی ٢٠.٦ دۆلار ڕێککەوتوون و لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی ١٦ دۆلار بۆ کۆمپانیاکان خەرج دەکرێت.

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم لەبارەی وردەکاریی قۆناغی دووەمیش، وتی: "لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ڕێککەوتووین، دوای هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی یاسای بوودجە، کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتیی بێلایەن، وردبینی لە دیاریکردنی تێچووی دەرهێنان و هەناردەی نەوت بکات و ماوەی ٦٠ ڕۆژ مۆڵەت بە کۆمپانیاکە دەدرێت ئەو بڕە ڕاستەقینە دیاری بکات".

بەپێی پێشبینی کەمال محەمەد تا کۆتایی ئەمساڵ هەمواری یاساکە پەسەند بکرێت، ئامادەکارییەکان تەواو ببن و سەرەتای ساڵی داهاتوو ٢٠٢٥ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.

News Code 224399

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha