دادگای کەرخی بەغداد: گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم دروست و بەركارن

دادگای کەرخی بەغداد سکاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق رەتكردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخی بەغداد، سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی رەتكردوەتەوە. سکاڵاکە لە دژی ۹ کۆمپانیای نەوتی بیانی كەرتی نەوتی هەرێم تۆمار کرابوو کە بریتین لە: ئەداکس، دانا گاز، دی ئێن ئۆ، گازپرۆم نەفت، جێنێل ئینێرجی، گالف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن ئینێرجی، شاماران، وێستەرن زاگرۆس، دادگای كەرخ لە ڕۆژی ۱۸ی ئەم مانگەدا بڕیاری خۆی بۆ ڕەتكردنەوەی سكاڵاكە دەركردووە.

دادگای كەرخ لە بڕیارەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، تەنانەت ئەگەر گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان پشتی بەو بنەما یاساییانەش بەستبێت كە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە شوباتی ۲۰۲۲دا بە نادەستوریی ناوی بردووە، هێشتا ئەو گرێبەستانە بە "دروست" ئەژمار دەكرێن.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ناوەڕاستی شوباتی ۲۰۲۲ لەسەر بنەمای سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق، یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە و هەرێمی پابەندكرد بەوەی نەوت و غازەكەی رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات، لەدوای ئەم بڕیارەو لە ئایاری ۲۰۲۲دا وەزارەتی نەوت سكاڵایەكی یاسایی تری بەرزكردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم.

دادگای كەرخ لە تەموزو تشرینی یەكەمی ۲۰۲۲دا بڕیاری خۆی دەركرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی حەوت كۆمپانیا، بەڵام لەبارەی دۆسیەی كۆمپانیاكانی (داناغاز)و(گازپرۆم) بڕیاری نەدا.

بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەستەوسان رانەوەستاو تانەی دا لە بڕیارەكانی دادگای كەرخ.

بەگوێرەی قسەی (سەباح سوبحی) ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق "دادگای كەرخ سەرباری رەتکردنەوەی سکاڵاکە، ژمارەیەک بڕیاری ساڵی ۲۰۲۲ی وەزارەتی نەوتی عێراقی هەڵوەشاندەوە کە چەند گرێبەستێکی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پوچەڵ دانابوو".

لە رەتكردنەوەی سكاڵاكەی وەزارەتی نەوتدا، دادگای كەرخ باسی لەوەكردووە، ئەو هۆكارانەی كە دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەی شوباتی ۲۰۲۲دا پشتی پێ بەستووە ناكرێت لەسەر ئەو گرێبەستانە جێبەجێ بكرێت كە بەر لە دەرچوونی بڕیارەكەی دادگا ئیمزاكراون، ئەمەش پاڵپشت بە بنەمایەكی گشتیی لە یاسای مەدەنی عێراق.

بەپێی بڕیارەكە، ئەو گرێبەستە نەوتییانەی كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكان ئیمزای كردووە بە "دروست و بەركارو پابەند بۆ هەردوولا" ئەژماردەكرێن و هیچ لایەنێكی دەرەوەی گرێبەستەكان مافی ئەوەی نییە تانەیان لێ بدات.

وەزارەتی نەوتیی عێراق ئەنجامی سەرەتایی بڕیاری دادگای دۆڕاندووە، بەڵام وەكو سەباح سوبحی دەڵێ: دوای بڕیارەکەی دادگا، وەزارەتی نەوتی عێراق ماوەی ۳۰ رۆژی لەبەر دەستە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدات، ئەگەر لەو ماوەیە وەزارەت هیچ تانەیەک لە بڕیارەکەی دادگا نەدات، بە تەواوەتی دۆسیەكە دادەخرێت".

بڕیارەكەی دادگای كەرخ لەكاتێكدایە، هەردوو حكوومەتی بەغداد و هەولێر بەمدواییە لەسەر هەمواری ماددەی تایبەت بە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ریككەوتوون و بڕیارە هەموارەكە لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۵دا لە پەرلەمان پەسەند بكرێت و هەر لە سەرەتای ساڵی نوێوە هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە، كە لە ۲۵ی ئازاری ۲۰۲۳وە راوەستاوە، بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریس دژ بە توركیا لە بەكارهێنانی بۆری نەوتی عێراق- توركیا بۆ هەناردەی نەوتی كوردستان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی حكوومەتی فیدراڵی عێراق.

News Code 224585

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha