بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەڵپەڕی سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی ئەمریکی کرد بە سەرۆکایەتیی سێس مۆڵتن کۆنگرێسمان و ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان كرد و بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ کردن بوو لەبارەی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پشتیوانی کردن و سەرخستن و خێراترکردنی چاکسازییەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و دۆخی ئاڵۆز و شەڕ و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
لە كۆبوونەوەكەدا کۆنگرێسمانەكە باسی لەوەكردوە، "هەرێمی کوردستان دۆست و هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمریکایە لە ناوچەکە و جەختی لە گرنگیی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کردەوە".
لای خۆیەوە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم سوپاسی پشتیوانی و هاوکاریی ئەمریکای کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
Your Comment