بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەتوان عەتوانی، لە ڕۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حکوومەتی عێراقی ڕاگەیاند، ئەو سەردانانەی کە پێشتر شاندی پەرلەمانی عێراق بۆ هەولێر ئەنجامیدا، ئامانجی گەیشتن بووە بە ئەنجامێکی باش و لێکگەیشتنێکی پەسەند لەلایەن بەغدا و هەولێرەوە، پەیوەست بە داهاتە نەوتی و نانەوتیەکان و گونجاندنی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکانی ئەنجامی داوە بۆ دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "لێکگەیشتنەکان لەگەڵ هەرێم بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانیزمێکە بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ یەکخستن و گەیشتن بە رێککەوتنی پەیوەست بە نرخەکانی نەوت، چونکە بۆ ئەوەی هەرێم دەستبکاتەوە بە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت پێویستمان بەرێککەوتنە لەسەر میکانیزمێکی دیاریکراو".
عەتوانی باسی لەوەش کرد، ئەوەی پێیگەیشتوون ڕەزامەندییەکی سەرەتاییە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێم گرێبەستەکانی بگونجێنێت، بەجۆرێک لەگەڵ دیدی دەستوردا هاوتەریب بێت، جۆری گرێبەستەکانیش لە هاوبەشی بەرهەمهێنانەوە بگۆڕێت بە هاوبەشی لە قازانج.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، "لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆبوەتەوە و تاوتوێی ئەو پێشنیازانەیان کردوە، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتەکە و لیژنەی دارایی هەوڵدەدات چارەسەرێک بدۆزێتەوە سەبارەت بە گەیاندنی داهاتە نانەوتییەکان".
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "حکوومەتی هەرێم باسی لە هەندێک ژمارەکردوە کە جیاوازە لەوەی حکومەتی فیدراڵ باسی کردوە، لەوباریەوە بەدواداچون بۆ داتاکان دەکەین، لە دیدارەکانیشیمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم جەختمان کردووە لەسەر یەکخستنی تاریفەی گومرگی و یەکخستنی دەروازەکان بۆ رێکخستنی داهاتەکان و رێگەگرتن لە خۆدزینەوەی لە باج و بە ئەلەکترۆنیکردنی داتاکان، هەروەک جەختمان کردوە لەسەر تەوتین کردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم".
Your Comment