تیمێکی ۱۰۳ کەسیی ئەمریکی چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردن دەڵێت زیاتر لە ۱۲ دامەزراوەی جیاواز و ۶ کۆنسووڵخانەی وڵاتان چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان بە تەلەفزیۆنی ڕووداوی وت: تاوەکوو ڕۆژی دووشەممە ۳۰.۹.۲۰۲۴ زیاتر لە ۴۸۰ کەس وەکوو چاودێری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و لەو ژمارەیەدا ۱۰۳ چاودێریان ئەمریکین.

ناوبراو گوتیشی: وڵاتانی ئەمریکا و رووسیا و تورکیا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەڵەستین داواکارییان پێشکێشکردووە بۆ چاودێریی هەڵبژاردن و وڵاتانی فەرەنسا و کەنەداش لەسەر هێڵن و چاوەڕوان دەکرێت ئەوانیش چاودێر بنێرن بۆ پرۆسەکە.

 هاوکات، هەڵشۆ عەبدولفەتاح، شارەزای هەڵبژاردن کە لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی بەشداریی رووداوی ئەمڕۆ بوو گوتی: جگە لە چاودێرانی نێودەوڵەتی و رێکخراو و دامەزراوەکانی چاودێریی، ۵ هەزار و ۲۴ کەس وەکو بریکاری پارتە سیاسییەکان تۆمارکراون، کە ئەوانیش رۆژی هەڵبژاردن چاودێریی پرۆسەکە دەکەن.

 ۲۴۰ سەرپێچی و ۱۶ سکاڵا

لە بەشێکی گوتەکانیدا رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان باسی لەو پێشێلکارییانە کرد کە پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و لەماوەی ۶ رۆژی بانگەشەکەدا تۆمارکراون و گوتی: پێش دەستپێکردنی بانگەشە ۲۰۰ سەرپێچی تۆمارکراون و پێشێلکارییەکانیش هەڵواسینی وێنە و پۆستەری لیست و بەربژێر بوون پێش وادەی دەستپێکردنی بانگەشە.

گوتیشی: لەماوەی ۶ رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن ۴۰ سەرپێچی تۆمارکراون و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بە فەرمی ۱۶ سکاڵای لەبارەی پێشێلکارییەکان تۆمارکردووە.

"گوتاری تووند و زمانی زبری سەرکردەکان وەکو سەرپێچی تۆمارکراون، کە ئەم بانگەشەیە بەراورد بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی رابردوو زمانی زبر و ناوزڕاندن زیاتر بەدیدەکرێن" هۆگر چەتۆ وای گوت.

گوتیشی: مزگەوت و شوێنە گشتییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێنراون، کە ئەوە سەرپێچییە، هاوکات دانانی فلێکسی بانگەشە لەسەر شۆستە و سەوزایی و دروستکردنی ئاستەنگی هاتووچۆ بەهەمانشێوە سەرپێچییە و لە هەموو بازنەکانی هەڵبژاردن تۆمارکراون.

"ئیدی قۆناخی ئاگەدارکردنەوەی بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان لە سەرپێچییەکانیان کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان سزای دارایی ئەو لایەن و بەربژێرانە دەدات کە پێشێلکاریی ئەنجام دەدەن" رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان وای گوت.

هەر لەبارەی سزادانی دارایی لایەنە سیاسییەکان لە ئەگەری ئەنجامدانی پێشێلکاری، هەڵشۆ عەبدولفەتاح دەڵێت: بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان گوێ بە سزادان و پێبژاردن نادەن و بەردەوامن لە ئەنجامدانی پێشێلکاریی لە بانگەشەی هەڵبژاردن.

بە گوتەی ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن، چەندین سەرپێچی بانگەشە تۆمارکراون، کە مەترسییان لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان دروستکردووە، بەتایبەت لە دروستکردنی ئاستەنگی هاتووچۆ و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی شۆفێران و سەرنشینانی ئۆتۆمبێل و پیادەڕۆی سەر شەقامەکان.

گوتیشی: گوتاری زۆر تووند و ئاست نزم لەم بانگەشەیەدا هەن، کە ئەوە خۆی لە خۆیدا یەکێکە لە پێشێلکارییە زەق و گەورەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی ۱۹۹۲ـی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەیەک شێوازی سەرپێچی بانگەشە و جۆری سزای دیاریکردووە، لەوانە:

- بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان بۆ هەڵواسینی پۆستەر قەدەخەیە.

- بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، نێوان شەقامەکان و نێو پاركە گشتییەكان.

- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل.

سزاکانیش بەگوێرەی سەرپێچییەکان بەم شێوەیە دەبن؛ پێبژاردن کە بەربژێر و حیزب بە پارە سزا دەدرێن؛ دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک؛ ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت بەربژێری سەرپێچیکار دووربخاتەوە.

News Code 224170

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha