دەنگەکانی ئەو بەربژێرانەی پەرلەمانی کوردستان کە کورسی نابەنەوە چییان بەسەر دێت؟

دەنگی ئەو بەربژێرە سەربەخۆیانەی پەرلەمانی کوردستان کە بەهای کورسییەک تەواو ناکەن، بەفیڕۆ دەچێت، بەڵام دەنگە زیادەکانی لیستەکان دەچێتە سەر ژمارەی دەنگی ئەو بەربژێرانەی کە زۆرترین دەنگیان هێناوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە: لە ئەگەری مانەوەی هەر دەنگێک بۆ گەیشتن بە تەواوکردنی بەهای کورسییەک، دەنگە زۆرەکان دەچێت بۆ ئەو بەربژێرەی نێو هەمان بازنە کە زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە، بەڵام بەشی کورسییەک ناکات "مەرج نییە ئەو بەربژێرە لە هەمان ئەو لیستە بێت کە دەنگی زیادی هەیە."

نەبەرد عومەر، زیاتر ڕوونی کردەوە و وتی: "ئەگەر لیستێک ۱۰۵ هەزار دەنگ بهێنێت و ۱۰ هەزار دەنگی زیادەی هەبێ، ئەو ۱۰ هەزار دەنگە دەچێت بۆ ئەو بەربژێرەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەیەی پێویستە بۆ کورسییەک. مەرج نییە دەنگی زیادە یانیش ماوە بۆ هەمان لیست بێت و دەکرێ بۆ بەربژێرێکی لیستێکی جیاوازبێت."

بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد کە بۆ یەکلایی کردنەوەی کورسییەکان، سیستمی (دەنگی ماوە بۆ بەهێزترین)، پەیڕەو دەکرێت.

بۆ زیاتر روونکردنەوە لەسەر ئەو سیستمە، ئارام برادۆستی، شارەزای سیستمی هەڵبژاردنەکان وتی: بۆ نموونە لە پارێزگای هەولێر کە ۳۲ کورسی و دوو کورسی کۆتایە، هەشت لیستی جیاواز لەگەڵ چوار بەربژێری سەربەخۆ کێبڕکێی لەسەر بکەن، کۆی دەنگی دروستی سەرجەم پارتەکان کۆ دەکرێتەوە و دواتر دەنگەکان دابەشی سەر ۳۲ کورسی دەکرێت، ئەوکات بەهای هەر کورسییەک لە بازنەی هەولێر دیاری دەکرێت.

ئارام برادۆستی وتیشی: "بۆ قۆناخی دووەم؛ کار بۆ ئەو دەکرێت هەر لیستێک چەند کورسی بەردەکەوێت. دەنگی گشتی هەر لیستێک یانیش قەوارەیەکی سیاسی، دابەشی سەر بەهای کورسییەکە دەکرێت."

ئەو شارەزای سیستمی هەڵبژاردنە دەڵێت: "بۆ نموونە ئەگەر پارتی ۲۶۵ هەزار دەنگی هێنابێت لە بازنەی هەولێر، ئەوا دابەشی سەر بەهای ژمارەی کورسییەکان دەکرێت و دیاریی دەکرێت چەند کورسی بەدەستهێناوە، ئینجا رەنگە لەو ژمارەیە هەندێک دەنگی زیادە بمێنێتەوە، ئەو دەنگە زیادەیە لە قۆناخی دووەم دەچێ بۆ ئەو بەربژێرەی (لە هەر لیستێک بێت) زۆرترین دەنگی هێناوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەیەی پێویستە بۆ بەدەستهێنانی کورسی."

ئارام برادۆستی ئاماژە بەوەش دەکات، "بەهای کورسی بۆ هەر پارێزگەیەک جیاوازە و پەیوەستە بە رێژەی بەشداریکردن."

بڕیارە لە ۱۸ ئەم مانگە هەڵبژاردنی تایبەت بکرێت و لە ۲۰ی مانگ هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. بە گوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کاژێر ۷:۰۰ی بەیانی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان دەکرێنەوە و کاژێر ۶:۰۰ی ئێوارە دادەخرێن.

News Code 224211

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha