پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ساڵەکانی ۲۰۱۸ و ۲۰۲

درەو میدیا لە ڕاپۆرتێکدا دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەانی کوردستان (۲۰۱۸) و پەرلەمانی عێراق (۲۰۲۱) لە سنووری پارێزگای هەولێر تاوتوێ کردووە.

لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (۲۰۲۱) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەولێر ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە:

🔹 پارتی پلەی یەکەمی گرتووە و (۲۶۲ هەزار و ۸۰۰) دەنگی بە ڕێژەی (۵۹%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە. لە کاتێکدا لە ساڵی (۲۰۱۸) ژمارەی دەنگەکانی نزیکەی (۳۲۲ هەزار) دەنگ بووە.

🔹 نەوەی نوێ بە پلەی دووەم دێت و (۷۹ هەزار و ۲۴۵) دەنگی بە ڕێژەی نزیک لە (۱۸%)ی بەدەستهێناوە. لە هەڵبژاردنی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەران لەدوای یەکێتییەوە هاتبوو (۷۰ هەزار و ۸۳۳) دەنگی بەدەستهێنابوو.

🔹 یەکێتی سێیەم بووەو (۶۵ هەزار و ۸۶۲) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (۱۵%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی (۱۲/۵/۲۰۱۸) پلەی دووەمی هەبووە بە (۷۹ هەزار و ۷۴۵) دەنگ.

🔹 کۆمەڵی دادگەری چوارەم بووەو (۱۹ هەزار و ۵۱۷) دەنگ و ڕێژەی (۴.۴%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای هەولێری بەدەستهێناوە. بەڵام لە ساڵی (۲۰۱۸) ژمارەی دەنگەکانی سەروو (۳۶ هەزار) دەنگ بووە.

🔹 بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی، پلەی پێنجەم و شەشەمیان هەیە، هەریەکەو بە ڕێژەی (۱%) دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. لە کاتێکدا لە هەڵبژادنی پێشتووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەردووکیان سەرو (۶۵ هەزار) دەنگیان هەبووە.

یەکەم؛ بازنەی پارێزگای هەولێر لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا

۱.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (۱۰/۱۰/۲۰۲۱) لە سنوری پارێزگای هەولێر

بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای هەولێر و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی کە دابەشی سەر (۴) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛

-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (۲۶۲ هەزار و ۸۰۰) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (۵۹%).

-    نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدا بووەو (۷۹ هەزار و ۲۴۵) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (۱۸%).

-    هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) پلەی سێیەمیان گرتووە و (۷۰ هەزار و ۱۰۷) دەنگیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی نزیک (۱۶%).

-    کۆمەڵی دادگەری کە لە (۲) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدا بووەو (۱۹ هەزار و ۵۱۷) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (۴.۴%).

-    یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدا بووەو (۳ هەزار و ۹۹۰) دەنگی بەدەستهێناوە بە نزیکەیی (۱%).

-    سەرجەم لایەنەکانی دیکە (۸ هەزار و ۵۹۴) دەنگیان بەدەستهێناوە بە رێژەی زۆرتر لە (۲%).

۲.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (۱۲/۵/۲۰۱۸) لە سنوری پارێزگای هەولێر

بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای هەولێر و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی، لە هەڵبژاردنی (۱۲/۵/۲۰۱۸) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛

-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (۳۲۱ هەزار و ۹۲۰) دەنگی بەدەستهێناوە.

-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پلەی دووەمدا بووەو (۷۹ هەزار و ۷۴۵) دەنگی بەدەستهێناوە.

-    نەوەی نوێ پلەی سێیەمی گرتوبوو بە (۷۰ هەزار و ۸۳۳) دەنگ.

-    هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە پلەی چوارەم هاتبوو بە (۵۰ هەزار و ۵۳۷ دەنگ).

-    بزوتنەوەی گۆڕان (۴۰ هەزار و ۸۶۳) دەنگی بەدەستهێنابوو، پلەی پێنجەمی گرتبوو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر.

-    کۆمەڵی دادگەری بە بەدەستهێنانی (۳۶ هەزار و ۴۲۲) دەنگ لە پلەی شەشەمدا بووە.

-    یەکگرتووی ئیسلامی لە پلەی حەوتەمدا بووەو تەنها (۲۴ هەزار و ۴۷۵) دەنگی بەدەستهێناوە

بۆ بەرچاوڕونی ئاستی دەنگی لایەنەکان لە هەردوو هەڵبژاردنی (۲۰۱۸ و ۲۰۲۱)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر بڕانە خشتەی چارتەکەی خوارەوە.

پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ساڵەکانی ۲۰۱۸ و ۲۰۲

دووەم؛ پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی ۲۰/۱۰/۲۰۲۴ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (۴ی حوزەیرانی ۲۰۲۴) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (۴) بازنەی هەڵبژاردن دەکات.

لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (۴) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.

بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (۱۰۰) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (۳۴ کورسی) لەنێویاندا (۱) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (۱) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (۳۸ کورسی) لەنێویاندا (۱) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (۱) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( ۲۵ کورسی) لەنێویاندا (۱) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، بازنەی هەڵەبجە (۳ کورسی) گشتی بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە.

سنوری ئیداری پارێزگای هەولێر پێکدێت لە (قەزای ناوەندی هەولێر، دەشتی هەولێر، سۆران، شەقڵاوە، کۆیە، خەبات، چۆمان، ڕەواندز و مێرگەسور) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە.

بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (۲۱ی نیسانی ۲۰۲۴)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و ۲۶۶) بنکە... پارێزگای هەولێر (۴۹۸) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (۶ هەزار و ۲۹۸) وێستگە... (۲ هەزار و ۲۰۳) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای هەولێر دەبێت".

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (۲ ملیۆن و ۸۸۸ هەزار و ۱۶۲) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر بریتییە لە (ملیۆنێک ۱۱ هەزار و ۳۴۸) دەنگدەر، بەشێوەیەک (۹۲۸ هەزار و ۸۲۳) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (۸۲ هەزار و ۵۲۵) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ساڵەکانی ۲۰۱۸ و ۲۰۲

News Code 224138

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha