🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (۲۰۲۱) لەسەر ئاستی سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛
🔹 پارتی پلەی یەکەمی گرتووە و (۲۶۱ هەزار و ۵۴۳) دەنگی بە ڕێژەی (۶۶%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی (۲۰۱۸)ی ئەنجومەنی نوێنەران (۳۵۴ هەزار و ۱۰۱) دەنگی بەدەستهێنابوو.
🔹 یەکگرتووی ئیسلامی، بە پلەی دووەم دێت و (۸۱ هەزار و ۱۴۴) دەنگی بە ڕێژەی (۲۰.۵%) بەدەستهێناوەو لە ساڵی (۲۰۱۸) ژمارەی دەنگەکانی (۴۳ هەزار و ۵۲۵) دەنگ.
🔹 یەکێتی سێیەم بووەو (۲۵ هەزار و ۴۰) دەنگ و بە ڕێژەی زیاتر لە (۶%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی (۲۰۱۸) (۲۵ هەزار و ۵۱۵) دەنگی هێنابوو.
🔹 نەوەی نوێ پلە چوارەمی گرتووە بە (۱۹ هەزار و ۲۹۲) دەنگ و ڕێژەی نزیک (۵%)ی دەنگەکانی سنووری پارێزگای دهۆکی بەدەستهێناوە، بەڵام لە (۱۲/۵/۲۰۱۸) ژمارەی دەنگەکانی گەیشتبووە (۱۸ هەزار و ۵۲) دەنگ.
🔹 هەریەک لە کۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کاندیدێکیانەبوو، بەڵام لە ساڵی (۲۰۱۸) گۆڕان (۳ هەزار و ۸۰۱) دەنگ و کۆمەڵی دادگەری (۳ هەزار و ۶۲۱) دەنگی بەدەستهێنابوو.
دووەم؛ بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
۱. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (۱۰/۱۰/۲۰۲۱) لە سنووری پارێزگای دهۆک
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنووری پارێزگای دهۆک و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی کە دابەشی سەر (۳) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛
- پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (۲۶۱ هەزار و ۵۴۳) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (۶۶%).
- یەکگرتووی ئیسلامی کە لە (۲) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبوو، لە پلەی دووەمدا بووەو (۸۱ هەزار و ۱۴۴) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (۲۰.۵%).
- هاوپەیمانی کوردستان (کە پێکهاتبوو لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام لە سنووری پارێزگای دهۆک تەنها یەکێتی لە دوو بازنەی پارێزگاکە کاندیدی هەبوو) پلە سێیەمی گرتووە و (۲۵ هەزار و ۴۰) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی نزیک (۶.۳%).
- نەوەی نوێ لە پلەی چوارەمدا بوو، بە بەدەستهێنانی (۱۹ هەزار و ۲۹۲) دەنگ و ڕێژەی (۴.۹%)ی دەنگەکان.
- کاندیدی سەربەخۆ تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن خۆیان پاڵاوتبوو (۷ هەزار و ۴۷) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (۱.۸%)ی دەنگەکان.
- پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، بە بەدەستهێنانی (هەزار و ۹۱۱) دەنگ و ڕێژەی (۰.۵%)ی دەنگەکان لە دوای سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانەوە بووە.
- بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری لە هیچ بازنەیەکی پارێزگای دهۆک کاندیدیان نەبووە و هیچ دەنگێکیان لەو پارێزگایە تۆمار نەکردووە.
۲. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران (۱۲/۵/۲۰۱۸) لە سنووری پارێزگای دهۆک
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە (۱۸/۵/۲۰۱۸) لەسەر ئاستی گشتی سنووری پارێزگای دهۆک، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛
- پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدایە بووە بە (۳۵۴ هەزار و ۱۰۱) دەنگ.
- یەکگرتووی لە پلەی دووەمدا بووەو (۴۳ هەزار و ۵۲۵) دەنگی بەدەستهێناوە.
- هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری پلە سێیەمی گرتبوو بە (۲۵ هەزار و ۶۶۴) دەنگ.
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە (۲۵ هەزار و ۵۱۵) دەنگ پلەی چوارەمی گرتبوو.
- نەوەی نوێ بە پلەی پێنجەم هاتبوو، بە بەدەستهێنانی (۱۸ هەزار و ۵۲) دەنگ.
- بزوتنەوەی گۆڕان بە (۳ هەزار و ۸۰۱) دەنگ بە پلەی شەشەم هاتبوو.
- کۆمەڵی دادگەری تەنها (۳ هەزار و ۶۲۱) دەنگی بەدەستهێنابوو و پلەی حەوتەمی گرتبوو.
بۆ بەراوردی ژمارەی دەنگی لایەنەکان لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە نێوان هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەم و پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕوانە خشتە و چارتەکان.
خشتە و چارتەکان
دووەم؛ پارێزگای دهۆک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
بڕیارە ڕۆژی (۲۰/۱۰/۲۰۲۴) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (۴ی حوزەیرانی ۲۰۲۴) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (۴) بازنەی هەڵبژاردن دەکات.
لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (۴) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.
بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (۱۰۰) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (۳۴ کورسی) لەنێویاندا (۱) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (۱) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (۳۸ کورسی) لەنێویاندا (۱) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (۱) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( ۲۵ کورسی) لەنێویاندا (۱) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، بازنەی هەڵەبجە (۳ کورسی) گشتی بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە.
بازنەی پارێزگای دهۆکە، کە (۲۴ کورسی) گشتی و (۱) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (مەسیحی) تەرخان کراوە. سنووری ئیداری پارێزگای دهۆک پێکدێت لە قەزکانی (قەزای ناوەندی دهۆک، ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش، زاخۆ، سیمێل و شێخان) و ناحیەکانی سنووری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە.
بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (۲۱ی نیسانی ۲۰۲۴)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و ۲۶۶) بنکە... پارێزگای دهۆک (۲۶۴) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (۶ هەزار و ۲۹۸) وێستگە... (هەزار و ۵۹۵) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای دهۆک دەبێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (۲ ملیۆن و ۸۸۸ هەزار و ۱۶۲) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک بریتییە لە (۷۳۵ هەزار و ۵۴۳) دەنگدەر، بەشێوەیەک (۶۸۰ هەزار و ۴۴۳) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (۵۵ هەزار و ۱۰۰) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
Your Comment