خیانه‌تی ۳۱ی ئاب، کاره‌ساتی په‌لاماردانی سوپای  فاشیستی به‌عس بوو بۆ سه‌ر هه‌ولێر، له‌سه‌ر بانگێشتی ڕه‌سمیی پارتی دیموکرات

مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له ‌په‌یامێکدا به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی ۲۸ ساڵ به‌سه‌ر ۳۱ی (ئاب/۸)دا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ دووباره‌بۆوه‌کانی لێره‌ و له‌وێی پارتی  هه‌میشه‌ قه‌تماغه‌ی برینی هاوینی خیانه‌ت هه‌ڵده‌داته‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ده‌قی په‌یامه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی، بەمشێوەیە:

به‌ بۆنه‌ی ۲۸ ساڵه‌ی یاده‌وه‌ری تاڵی خیانه‌تی ۳۱ی ئاب

بیست و هه‌شت ساڵی ته‌واو به‌سه‌ر خیانه‌تی ۳۱ی ئاب، کاره‌ساتی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ژیانی سیاسیی گه‌له‌که‌مان تێپه‌ڕده‌بێت که‌ په‌لاماردانی سوپای  فاشستی به‌عس بو بۆ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌ختی کوردستان، له‌سه‌ر بانگێشتی ره‌سمی پارتی دیموکراتی کوردستان و له‌ پێناو سه‌پاندنی باڵانسێکی ناڕه‌وا، له‌ ناو پرۆسه‌ی سیاسیی وڵاته‌که‌ماندا، که‌ ده‌کرا له‌ جیاتی سه‌پاندنی خیانه‌ت و سه‌پاندنی هه‌ژمونی نانیشتمانیی و نا نه‌ته‌وه‌یی،  به‌ بانگه‌وازی کوردانه‌ و په‌رۆشییه‌کی ئاشتیخوازانه‌وه‌ ناکۆکی ناوخۆیی چاره‌سه‌ر کرابا و خوێن و خه‌مێکی زۆر بۆ گه‌لی کوردستان و ناوبانگی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌زمونه‌که‌مان که‌ له‌سه‌ره‌تای دروست بون و پێکهاتندا بو، بگێردرابایه‌وه‌.

ده‌ره‌نجامی ئه‌و خیانه‌ته‌ هه‌ر زیان گه‌یاندن به‌ یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ و شه‌هید و بریندار و ئاواره‌که‌وتنی سه‌دان تێکۆشه‌ری یه‌کێتیییه‌که‌مان  و خه‌باتگێڕانی  کوردستان نه‌بو، هه‌ر کوشتن و راوه‌دونانی هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دژی رژێمه‌ دیکتاتۆرییه‌که‌ی سه‌ددام نه‌بو، به‌ڵکو برینێکی قوڵی له‌ جه‌سته‌ی میلله‌تی جینۆساید دیده‌ و قوربانیده‌ری کورد دروستکرد که‌ دوای ۲۸ ساڵیش هێشتا سارێژ نه‌بوه‌ و پاشماوه‌ و ئاسه‌واری سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و بگره‌ که‌لتورییشی به‌سه‌ر هه‌رێمه‌که‌مانه‌وه‌ ماوه‌، ماوه‌یه‌کی زۆریش ناوبانگ و ناوه‌رۆکی ره‌وا و ئازادیخوازانه‌ی کوردایه‌تی له‌ دونیا له‌که‌دار کرد، به‌ داخیشه‌وه‌ سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ دوباره‌بۆوه‌کانی لێره‌ و له‌وێی پارتی  هه‌میشه‌ قه‌تماغه‌ی برینی هاوینی خیانه‌ت هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و زامی پایته‌ختی داگیرکراوی رۆژه‌ شومه‌که‌ی ۳۱ی ئابیش هه‌روا ده‌کوڵێنێته‌وه‌.

له‌م نزیکه‌ی سێ ده‌یه‌دا میلله‌تی  به‌سه‌بر و دانبه‌خۆداگرتوی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانیش، له‌به‌ر  ئاینده‌ی وڵاته‌که‌مان  و بۆ فراوانکردنی ده‌رفه‌تی پێکه‌وه‌یی و ته‌بایی کوردستانیی،  ئه‌م رۆژه‌ ناخۆشه‌ی کوردستانی به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی مێژو سپاردوه‌ و له‌به‌ر خاتری خوێنی شه‌هیدان، له‌به‌ر ئاره‌ق و ره‌نجی ده‌یان ساڵه‌ی کوردایه‌تی، له‌ زۆر هه‌قی ره‌وای خۆی خۆشبوه‌ و په‌یامی ئاشتی و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره‌یه‌کی تازه‌ی به‌رزکردۆته‌وه‌ تا به‌ سیاسه‌ت و دیالۆگی ئاشتیخوازانه‌ ئه‌زمونه‌که‌مان به‌ پایه‌داری بهێڵێته‌وه‌ و گه‌شه‌ی پێ بدات و سه‌ره‌ڕای زامی قوڵی خیانه‌ت بگاته‌ ئامانجه‌کانی، که‌چی به‌داخه‌وه‌ پارتی، له‌ جێی پێداچونه‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌کانی، له‌ جێی یارمه‌تی سارێژبونی برین و ناسۆرییه‌کانی رابردو، له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێکی بچوکی  ناکۆکی خۆماڵیدا، خوێ به‌ برینی نه‌ته‌وه‌ و نیشتماندا ده‌کات، پشتبه‌ستو به‌ به‌ڵانسی ناڕه‌وای  هێز و هه‌ژمونی به‌ ده‌ستهاتو له‌ که‌ینوبه‌ینه‌کانی دوای ۳۱ی ئاب گه‌ره‌کێتی مێزی خیانه‌ت و ناپاکی به‌سه‌ر خه‌ڵکی تردا  قڵپ بکاته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ گوتاری  ته‌نگه‌تاوی سیاسیی و دیارده‌ی دزێوی تۆمه‌تبه‌شینه‌وه‌ی  گوایه‌ خیانه‌ت و تانه‌ و ته‌شه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی، ده‌ستکاری مێژو و زه‌وتکردنی سه‌روه‌رییه‌کانی خه‌باتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی کوردستان، بۆته‌ گوتاری زاڵ و بنێشته‌خۆشه‌ی سه‌ر زمانی ناوه‌ندی ده‌سترۆیشتوی ئه‌و حزبه‌ که‌ ئه‌م دیارده‌ دزێوه‌ هه‌م رێی له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی واقیعیانه‌ی روداوه‌کان گرتوه‌ و هه‌میش یارمه‌تی هیچ په‌رۆشییه‌کی ئاینده‌یی نادات که‌ مه‌به‌ست لێی سپاردنی رابردوی تاریکی خیانه‌ت بێت به‌ دوارۆژێکی ڕووناک بۆ گه‌له‌که‌مان.

بۆ لاوانی داهاتووی کورده‌واری.

له‌م یاده‌وه‌رییه‌ خه‌مناک و تاڵ و پڕ سوێیه‌دا، یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ سۆنگه‌ی ویژدانێکی زیندوی کوردانه‌وه‌، پشت به‌ستو به‌ قه‌ڵای قوربانییه‌کانی رابردوی بۆ ئازادی و بۆ ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و بۆ دوارۆژی نه‌وه‌کانی کوردستان، بانگه‌وازی خه‌باتێکی یه‌کێتیانه‌ و  به‌رپرسانه‌ و دیموکراتیانه‌ دوپات ده‌کاته‌وه‌  که‌ روی له‌ ئاینده‌ی گه‌ش، روی له‌ جۆشدانه‌وه‌ی خه‌باتی نوێباوی کوردایه‌تی بێت به‌ره‌و ڕاستکردنه‌وه‌ی رێره‌وی حوکمڕانی، به‌ره‌و گێڕانه‌وه‌ی به‌ڵانسی هێز له‌ کوردستان و بۆ له‌ قاودانی هه‌مو ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ناجۆرانه‌ی  بونه‌ باعیسی قۆرخکاری و جیاکاری و سته‌مکاری و... بونه‌ مایه‌ی به‌تاڵکردنه‌وه‌ی زۆر جومگه‌ی ئه‌زمونه‌که‌مان له‌ ناوه‌رۆکه‌ نیشتمانیی و دیموکراتی و دادپه‌روه‌رییه‌که‌ی، که‌ سه‌رچاوه‌ی ماکی ئه‌م هه‌مو ناجۆرییه‌ش خیانه‌تی   ۳۱ی ئابه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ سایه‌ی فه‌رهه‌نگێکی بێ مۆڕاڵی دواکه‌تودا که‌ تا ئێستاش ئه‌م شه‌رمه‌زارییه‌ سیاسییه‌ به‌ ده‌سکه‌وتی گوایه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی  ده‌ناسێنێ و بێ شه‌رمانه‌ داکۆکی لێ ده‌کات و خۆی پێوه‌ باده‌دات.

له‌ یادی برینی بیستوهه‌شت ساڵه‌ی ئابدا، با به‌ خه‌باتی بێوچانی مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازی  و به‌ هه‌ڵبژاردنی پاک و چاودێریکراوی عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی به‌ر به‌م  نه‌زیفه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ بگرین و رۆحی شه‌هیده‌کانمان، به‌ تایبه‌تی شه‌هیدانی به‌ره‌نگاری داگیرکردنی هه‌ولێری پایته‌خت، شاد بکه‌ین.

بۆ پێشه‌وه‌  به‌ره‌و ڕاستکردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی حوکمڕانی و گێڕانه‌وه‌ی باڵانسی هێز له‌ کوردستان.

News Code 224008

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha