ڕۆڵی هەریەک لەوانەی دەستیان لە ڕووداوەکانی ۲۰۱۷ی کەرکووکدا هەبوو/ محەمەد هادیفەر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مێژووی سیاسیی کوردستانی عێراق هەوراز و نشیوی زۆری بەخۆوە بینیوە بەڵام دوو ڕووداوی مێژوویی ۳۱ی ئاب و ۱۶ی ئۆکتۆبەر لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا سەرچاوەی زۆربەی ناکۆکییە سیاسییەکان بوون.

کوردپرێس:

۳۱ی ئاب ئەو ڕۆژەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بە مەبەستی تۆقاندن و سەرکوت کردنی ڕکابەرە سیاسییەکەی خۆی واتا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هانای بۆ سوپاکەی سەدام برد و پای سوپای عێراقی بۆ ناو ناکۆکییە سیاسییە حزبییەکان کردەوە و پاساو هێنانەوە بۆ ئەم هاوکارییە بۆ مێژوو دژوار و قبووڵ نەکراوە. ئەوی تر ۱۶ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ بوو ئەوەش ئەو ڕۆژەیە کە حکوومەتی ناوەندیی عێراق پاش ۲۱ ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان چووە ناو کەرکووک و هێزی پێشمەرگە بە کەمترین ڕووبەڕووبوونەوە شارەکەیان چۆڵ کرد.

مەسعوود بارزانی بۆ قەناعەت هێنان بە حکوومەتەکان ڕاوێژکاریی زۆری هەر لە پێشەوە ئەنجام دابوو و هەر لەسەرەتاوە کوڕە گەورەکەی خۆی بۆ بەدەست هێنانی ڕەزامەندیی ئەمریکا وەکوو نوێنەری تایبەتی خۆی ناردە ئەو وڵاتە، لە سەرەتادا ئەمریکییەکان لەگەڵ گشتپرسییەکە هاوڕا بوون بەڵام کاتێک دەرکیان بە لێکەوتە هەرێمییەکانی ئەو هەنگاوە کرد بێدەنگییان هەڵبژارد بەڵام مەسعوود بارزانی لەسەر بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم مکووڕ بوو.

ئامادەکارییەکان بۆ گشتپرسییەکەی باکووری عێراق لە مانگی ئایاری ۲۰۱۷ تەنها چەند هفتە پاش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا سەرۆکی کۆچکردووی بزووتنەوە گۆڕان و ڕەخنەگری گەورەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، هەروەها پاش خەواندنی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نەخۆشخانە؛ دەستی پێکرد. ئەم پڕۆسە سیاسییە کاتێک دەستی پێکرد کە هێشتا مەترسیی داعش لە سەر عێراق کۆتایی نەهاتبوو و ئەو وڵاتە گیرۆدەی قەیرانی سیاسی گەورە بوو و ئەمەش توانای بڕیاردانی لە دەسەڵاتدارانی بەغدا لەبارەی پرسە سەرەکییەکانی وڵات سەندبوو. سەرەڕای گوشارە سیاسییەکانی بارزانی بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم ژمارەیەک لە حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕازی بەم هەنگاوە نەبوون و پاش هێرشی توندی میداکانی سەر بە بارزانییەکان لە کۆتاییدا هەمووان ڕازی بەوە بوون کە گشتپرسی ئەنجام بدرێت.

کۆمەڵگای جیهانی بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی عێراق هەر یەک بەشێوەیەک هەوڵیان‌دا کە قەناعە بە بارزانی بێنن بۆ دواخستنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، بەڵام ڕووبەڕووی دژایەتی بارزانی بوونەوە. لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا تەنگەژەی زۆر بوون یەک لەوانە ئەوە بوو کە زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر دەسەڵاتدارێتیی یاسایی بارزانی بەسەر هەرێمدا تێپەڕیبوو بۆیە درێژەدان بە سەرۆکایەتی هەرێم ڕەخنەی زۆری لەسەر بوو بەمەیشەوە وەڵامی هیچ ڕەخنەیەک نەدرایەوە و هێرشی توند کرایە سەریان کە ئەمەش داخستنی پەرلەمان و دوورخستنەوەی ڕەخنەگرانی لێکەوتەوە. بەم شێوەیە سەرۆکایەتی بارزانی بەبێ پەرلەمان و بەشێوەی نایاسایی بە سەر هەرێمی کوردستانی عێراقدا درێژەی پێدرا.

ئەم گشتپرسییە لە کاتێکدا لە باکووری عێراق بەڕێوەچوو کە کوردەکانی ئەو وڵاتە لە باشترین بارودۆخی سیاسی و ئابووریدا بوون و تەنانەت نزیک ئەوە کەوتبوونەوە کە بە شێوەیەکی نادیار ببن بە نیمچە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی جیا لەوەی کە پێگەی هەرێمی لەناو وڵاتانی ناوچەکە و حکوومەتی ناوەندیی عێراق لاواز کرد بەڵکوو بەڕێوە بردنی ئەو ڕیفراندۆمە بەبێ ئامادەبوونی دامودەزگا چاودێرییە نێونەتەوەییەکان وەکوو بەڕێوەبردنی تاقیکارییەک بێ چاودێر بوو و ئەمەش ڕەخنەی یاسایی لەسەر ئەم بابەتە دروست کرد.

بڵاو بوونەوەی نامەکانی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا ڕیکس تیلرسۆن بۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دوو ڕۆژ پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم دەرخەری ئەم بابەتە بوو کە ئەمریکایش لەگەڵ بەڕێوەبردنی گشتپرسییەکەدا نەبوو و تەنها لۆبی ئیسرائیلی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم ڕیفراندۆمەدا بوو و بە پاڵپشتی سەرەکیی ڕیفراندۆمەکەش دەهاتە ئەژمار. تەنانەت تورکیاش وەکوو هاوردەکاری یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و قەبارەی ۱۵ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بارزگانی لەگەڵ هەرێم و هاوبەشی سەرەکیی بازرگانی، دژایەتی کرد لەگەڵ بەڕێوەبردنی گشتپرسییەکەدا.

سەرەڕای هەموو ئەمانە لە ۲۵ی سپتێمبێری ساڵی ۲۰۱۷دا گشتپرسی ئەنجام درا و بارزانی بە ئاواتی خۆی گەیشت کە بریتی بوو لە پەرواێز خستن و بەلاڕێدا بردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و سەرکەوتن بە سەر ڕکابەرەکانی خۆی و بەرداوام بوونی لە دەسەڵات بە سەر هەرێمی کوردستان. ئەگەر دۆخی هەرێمی کوردستان بەر لە ڕیفراندۆم و پاش ڕیفراندۆم تاوتوێ بکرێت بەباشی دەردەکەوێت کە هەرێمی کوردستان کەوتە چ دۆخێکەوە. یەک لەو زەبرە گەورانەی کە گشتپرسی لە هەرێمی کوردستانی دا لەدەست دانی نزیکەی ۵۰لەسەدی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بوو کە بەپێی مادەی ۱۴۰ی دەستووری عێراق ناوچەکانی خانەقین و کەرکووک تا ناوچەی جەبەل حەمرین کە ۱۳۰ کیلومەتر لە بەغدا دوورە، لکێندرابوویە خاکی هەرێمی کوردستانەوە و ئەمانەش هەموو داهاتی نەوتی و گومرگیی زۆریان بۆ ئەو ناوچەیە هەبوو، لە ڕاستیدا ئەم گشتپرسییە بوو بە هۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لەباری سیاسی و ئابووری و جوگرافیاییەوە بچووکتر ببیتەوە و لێکەوتەکانی دیکەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەرکەوتوون.

دەست بەجێ پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی عێراق لە فەرمانێکی یاساییدا، گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانی بە نایاسایی ناوبرد و هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیش لە کۆتاترین کاتدا کەرکووکیان تا ۲۵ کیلۆمەتریی هەولێر خستە ژێر کونترۆڵی خۆیان و جوگرافیای هەرێمی کوردستان گەڕایەوە بۆ پێش لە ڕووخانی سەدام بەڵکوو بچووکتر لەوە سەردەمەش، ڕاگرتنی هێزە سەربازییەکانی عێراق لە ناوچەی پردێ بەهۆی بەرخۆدانی پێشمەرگەکانی پارتییەوە نەبوو بەڵکوو هەوڵێکی حکوومی بوو کە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە بۆنەی لەبارچاو گرتنی بەرژەوەندییەکانەوە فەرمانی بە وەستاندنی هێزەکانی عێراق لە ناوچەی پردێ کردهێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی پەرلەمانی وڵاتەکەیان جێبەجێ کرد و یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی ئاگاداری نهێنییەکانی ڕیفراندۆم بوو ڕەخنەشی لە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم گرتبوو، بەڵام لەگەڵ هێزەکانی بەرگری لە کەرکووک تاکوو هێرشی بەرفراوانی سوپای عێراق مایەوە. لە لایەکی دیکەوە کشانەوەی پارتی لە بەرەکانی شەڕ دیاردەیەکی نوێ نەبوو. جگە لەوەش، لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال، خەڵکی بە­پەنای ئەو شارەیان لە بەرامبەر دڕندەکانی داعش بەجێهێشت و ئەم ڕووداوەش ڕەخنەی زۆری بۆ ئەو حیزبە دروست کرد و تا ئێستاش وەک پرسیارێکی بێ وەڵام لە مێژووی خەباتی کوردانی عێراقدا ماوەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش ناکرێت باس لە هێرشی دووبارەی سوپای عێراق بۆ سەر هەولێر بەرخۆدانی پێشمەرگە دێرینەکانی پارتی لە ساڵی ۱۹۹۱دا نەکەین. ئەگەرچی ئێستا پێشمەرگەکانی ئەو سەردەمە خۆبەدوورگرتنیان هەڵبژاردووە بەڵام لەو بەرخۆدانەدا بوو کە سوپاس عێراق تێکشکا و پاشەکشێی لەو ناوچانە کرد.

خەڵکی کوردستانی عێراق، تێچوو و سوودەکانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ خۆیان تاوتوێ دەکەن و دەپرسن چ هۆکارێک بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەو هەموو خاڵانە کە پێشتر بوویان لەدەس بدەن؟ ئایا مەسعوود بارزانی بە دوای خواستی کوردەکاندا دەگەڕا یان دەیویست دابەشبوونی نەتەوەیی ململانێ ناوخۆییەکان لە عێراق قووڵتر بکاتەوە؟ ئەرکی مەسعوود بارزانی لەم ڕیفراندۆمەدا گەیشتن بە بەرژەوەندیی حزبەکەی بوو یان درێژکردنەوەی بێ‌متمانەیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق؟ دوای ئەم شکستە، کە بارزانی هۆکاری سەرەکی و دامەزرێنەری بوو، ناوبراو هەوڵی دۆزینەوەی تاوانبارەکەی دا و پەنجەی تۆمەتی بۆ پارتە ڕکابەرەکەی خۆی واتا یەکێتی نیشتمانی و حەشدی شەعبی و ئێرانی ڕاکێشا، لەکاتێکدا بەپێی بەڵگەنامە سەلمێنراوەکان، پێداگریی مەسعوود بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کە هیچ پاڵپشتێکی لە ناوچەکەیش و کۆمەڵگای جیهانیدا نەبوو  هۆکاری گەڕانەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان بوو بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٣. ئەمانە هەمووی هەڵەی تەکتیکی و پەشیوانی ناوبراو لە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم و خۆشاردنەوە بوو لە دەسەڵاتدارێتیی نایاسایی بە سەر هەرێمی کوردستاندا و ئەو ڕیفراندۆمەی کردە شکستێکی مێژوویی بۆ هەرێم.

لەئەنجامدا ئەمەش دەردەکەوێت کە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتێکی کوردی هەڵەیەک زیاتر نەبوو و لە گەشبینانەترین حاڵەتدا دەتوانین بڵێین کە ئەم گشتپرسییە داوێک بوو بۆ هەرێمی کوردستان و هیواش ئەوەیە کە لە داهاتوودا ئەو کەسەی داوەکەی بۆ خەڵکی کورد لە عێراق تەنی، ئاشکرا ببێت.

 

News Code 222322

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha