شەرمە بۆ یەکێتی باسی مێژووی پێش ۱۹۹۶ بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر، وەڵامی مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە و پێیان دەڵێت: "شەرمە باسی مێژووی پێش ۱۹۹۶تان بکەن".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی باسنیووز بڵاوی کردەوە مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر، لە چوارچێوەی ئەو مامەحەمەییە بەردەوامەی کە لێپرسراوی مەڵبەندەکە بۆ شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ دەیکات لەپێناو مسۆگەرکردنی ئەو پۆستە حزبییەی کە لەنێو یەکێتیدا هیچ حیسابێکی بۆ ناکرێت، بەیاننامەیەکی دەرکردووە و تێیدا بە زمانێکی ئاست نزم هێرشی کردووەتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان.

لە بەرامبەردا بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی دووی پارتی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕاگەیاند: "شەرمە بۆ یەکێتی باس لە مێژووی پێش ۱۹۹۶ بکات، با خەڵک قسە لەوبارەیەوە بکات و بڵێت یەکێتی چ دەردێکی بەسەر ئەو خەڵکە هێناوە، ئەگەر یەک شانازیی یەکێتی پێش ۱۹۹۶ لە بیرەوەریی خەڵک هەبوو، هەقیانە قسە بکەن، بەڵام جگە لە ڕاووڕووت و دزی و خەڵک کوشتنی بێهۆکار و سەرانە وەرگرتن و دەستدرێژیکردن و پارە وەرگرتنی بەزۆر، هیچی دیکە لە بیرەوەریی خەڵکی هەولێر بەرامبەر بە یەکێتی بوونی نییە، جا حزبێک هەموو مێژووەکەی لەگەڵ ئەو شارە ئەوەندە بێت، کەواتە ئەمە تەنیا شەرمەزارییە نەک شانازی".

ڕوونیشی کردەوە: "ئەو ئازادییەی وا یەکێتی لە سلێمانی خۆی پێهەڵدەداتەوە، زۆر ڕوونە، بە نوێژی نیوەڕۆ ڕۆژنامەنووس دەکوژن و کۆشک و تەلاری خەڵک دادەڕووخێنن، بە ئاشکرا و بێ ئاگادارکردنەوەش. ئەوان باس لە هێنانی دەبابە بۆ هەولێر دەکەن، لە مێژووی کورد بۆ یەکەم جار ئێمە توانیمان دوژمنێکی (فاسید)ی خۆمان بەکار بهێنین، بۆ ئەوەی ناحەزێکی (ئەفسەد) و نەیارێکی دیکەی پێ دەربکەین، ئەوە یەکێتی بوو دەیویست پاسدار بهێنێتە هەولێر و داگیری بکات، ئەوەبوو تا سنووری سۆرانیش سوپای پاسداری هێنابوو، بۆیە ۳۱ی ئاب مناوەرەیەکی سیاسیی گەورە بوو کە کورد بە سەربەرزی لێی دەرچوو، هەموو دەستەکەوتەکانیش دوای ئەو وادەیە بەدەست هاتن لە دەستپێکردنی کاروانی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و پێشخستنی هەولێر".

ئەو بەرپرسەی پارتی بە مەڵبەندی هەولێری یەکێتی دەڵێت: "ئەوە یەکەم جار نییە ئێوە پاسدار دێننە سەر کوردستان، بڕۆن یاداشتی سەرکردەکانی یەکێتی ببینن، هەموویان ئۆباڵی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەخەنە ئەستۆی یەکتر بە ڕوونی، چوونکە سوپای پاسداریان هێنابووە هەڵەبجە و بیانوویان بە بەعس دابوو کیمیابارانی شارەکە بکات".

بڵند ئیسماعیل ئەوەشی خستە ڕوو کە یەکێتی لەم ڕۆژانەدا نازانێت چۆن ئەوە لەبیر خەڵک بباتەوە کە ئەوان بوون پێشتر دەیانگوت با نەوت ڕادەستی بەغدا بکەین و لەگەڵیان رێک کەوین، "فەرموون با ئەوان بتوانن یەک مووچە لە عێراق وەربگرن ئەگەر ڕاست دەکەن. لە کاتێکدا داهاتەکانی کوردستان هەمووی دیارە و ئەوەی بەتاڵان دەبرێت، تەنیا داهاتی سنووری سلێمانی و باشماخ و پەروێزخانە کە یەکێتی بەتاڵانی دەبات، ئەسڵەن ناهێڵێت پارەکە بگاتەوە بانکەکان".

بەرپرسی لقی دووی پارتی پێیوایە، هەموو قسەکرن و لێدوان و هەڵچوون و داچوونێکی یەکێتییەکان، لەسەرەوە تا خوارەوە، پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە کێ لەسەر ئەوی دیکە حیسابە و بە دێڕێک دەتوانن هەنگاوێک بچێتە پێش، ئەوەش تەنیا لە خودی یەکێتی خۆی دەوەشێتەوە، بەڵام هەموو سەرکردەکانی یەکێتی ئەوەی ئێستا لە هەولێر لەژێر سایەی سەقامگیریدا و بە کەرامەت و سەربەرزی لەژێر سایەی حوکمی پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەژین، ئەوەندە ناتوانن بە کەرامەتەوە لەژێر دەسەڵاتی خۆیان و حزبەکەیان بە ئازادانە و سەرفرازانە بژین".

News Code 223207

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha