۳۱ی ئاب برینێکی قووڵ لە مێژووی سیاسی کوردەکانی عێراقدا/ محەمەد هادیفەر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هەرێمی کوردستانی عێراق لە مێژووی کورتی سیاسیی خۆیدا پاش ڕاپەڕینی شەعبانییەی ۱۹۹۰ تاکوو ئێستا هەوراز و نشیوی زۆری تێپەڕاندووە کە سەرەکیترینیان بریتین لە پێکهێنانی پەرلەمان، شەڕی ناوخۆیی سەخت و دەستوەردانی سەدام لە ۳۱ی ئابی ۱۹۹۶ لە ململانێ ناوخۆییەکانی هەرێم، بە دوو ئیدارەیی بوونی هەرێمی کوردستان، ڕووخانی ڕەژیمی بەعس و هەڵبژادنی گشتیی عێراق و بەشداریی کوردەکان لە حوکمڕانیی عێراقدا دوای ئەوەی جەلال تاڵەبانی بە سەرۆک­کۆماری ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا و پاشان هێرشی داعش لە ساڵی ۲۰۱۴ و پاشان ڕیفراندۆمی ئەیلوولی ۲۰۱۷ و پاش ئەوەش بابەتی کەرکووک و هاتنی هێزە عێراقییەکان؛ کە هەر کام لەم ڕووداوانە دۆسیەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە. بەڵام ڕووداوەکانی ۳۱ی ئاگوست کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردەکانی عێراقدا بە ۳۱ی ئاب ناسراوە یەکێک لە ڕۆژە ڕەشەکانی مێژووی سیاسیی کوردەکانی ئەم وڵاتەیە.

کوردپرێس

مێژووی ئەم ململانێیە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٢ی ئابی ١٩٩٦، ئەو ڕۆژەی کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە کوردە چەکدارەکانی نەیاری ئێران چوونە ناو خاکی کوردستانی عێراق و پاش پێکانی ئامانجەکانیان دەیانویست بۆ ئێران بگەڕێنەوە بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیاندا سەرەڕای هەماهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی، هێزەکانی ئەو حزبە ڕێگرییان لە تێپەڕینی هێزە ئێرانییەکان کرد بە ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی ئەم حزبەدا، ئەم ڕێگرییە بووە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان هێزەکانی ئێران و پێشمەرگەی پارتی، ئەوان نیگەران بوون و هەستیان بەوە کرد کە حیزبی ڕکابەریان ئاتا یەکێتی جێگەی ئەوانی لەلای ئێرانییەکانەوە گرتووە، بۆیە دەستیان کرد بە هێرشی ناوەناوە لە دژی هێزەکانی یەکێتی و بەم شێوەیە ئاگری شەڕی ناوخۆی نێوان دوو حیزبی سەرەکی کوردستان داگیرسا.

 

ئەو کات یەکێتیی نیشتمانی جگە لە سلێمانی هەولێریشی لەژێر کۆنتڕۆڵدا بوو و هێرشەکانی بۆ سەر بارەگاکانی پارتی دەستپێکرد کە دەکەوێتە بەرزاییەکانی سەرڕەش ئەمەش بەتەواوەتی بوونی پارتی خستە مەترسییەوە. پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی، کە هەستی بە مەترسی ڕووخان دەکرد، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا داوای یارمەتی لە سەدام کرد و سوپای بەعس بە مۆڵەت و هاوکاریی پارتی چووە نێو شەڕی ناوخۆی حزبە کوردەکانەوە. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەبەردەستدان، مەسعوود بارزانی هانی لایەنەکانی دیکەی کوردستانی دەدا بچنە ڕیزی حزبی بەعسەوە. سەدام کە هەمیشە خولیای ئەوەی هەبوو کە بگەڕێتەوە کوردستان، بە باوەشێکی کراوەوە داواکەی بارزانی قبووڵ کرد و لە ۳۱ی ئابی ۱۹۹۶ لە چوار میحوەرەوە هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، ناوەندی دەسەڵاتدارێتیی یەکێتی  بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەبەردەستدان، سوپای بەعس هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی لە دەڤەری قۆچ تەپە لەناوبرد و ژمارەیەکی زۆریانی کۆمەڵکوژ کرد و بە چەکی پێشکەوتوو شاری هەولێریان کونترۆڵ کرد.

 

سوپا و هەواڵگریی عێراق بە ڕێنمایی پارتی، دوای داگیرکردنی هەولێر شان بە شانی پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە شاری سلێمانیشیان بە تەواوی کونترۆڵ کرد، هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانی تا سنوورەکانی ئێران پاشەکشێیان کرد، لەم کاتەدا مەسعوود بارزانی پەیامی بۆ هێزەکانی یەکێتی نارد کە هەموویان خۆیان تەسلیم بکەن و ئەماننامە وەربگرن ئەمەش بۆ سەرکردایەتی یەکێتی و هێزەکانی سووکایەتیەکی گەورە بوو.

 

ئەم ململانێیە ناوخۆییەی لایەنە کوردستانییەکان وڵاتانی هەرێمی و دەرەوەی ناوچەکەشی بە ئەمریکاشەوە پێوەگلا، تا ئێستاش یەکێکە لە پڕ مشتومڕترین و سەربەمۆرترین رووداوەکانی هەرێمی کوردستان کە هەر یەکە لە لایەنەکانی ئەم مشتومڕە شرۆڤە و ڕوانگەی جیاوازی خۆیانیان پاش ۲۷ ساڵ دەگەڕێننەوە.

 

یەکێک لەو پاساوانەی کە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم بڕیارە مێژووییە دەیهێننەوە ئەوەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرکردایەتیی جەلال تاڵەبانی بە نزیک بوونەوەیان لە ئێران مەرجەعیەتی پارتییان خستە مەترسیەوە لە هەموویش گرینگتر داخڵ بوونی هێزەکانی سوپا بە ململانێکە بوو. ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پارتی ئەم ڕۆژە بە شانازییەکی گەورە لە مێژووی حزبەکەیان لەقەڵەم دەدەن. مەسعوود بارزانی بۆ پاساوای ئەو بڕیارە دەستەواژەی "دفع الافسد بالفاسد"ی بە کار هێنا واتە "خراپترینمان بەخراپێک" لابرد. ئەم ڕستەیە نەک هەر بۆ هزری گشتی قبووڵ کراو نەبوو نموونە هێنانەوەیەکی هەڵەیە و برینی ۳۱ی ئاب قووڵتر دەکات. ناو هێنانی فاسد یان خراپ بۆ سەدام کە بە وتەی بارزانییەکان ۱۸۰ هەزار کوردی لە ئەنفالدا کۆمەڵکوژ کرد و ناوهێنانی افسد یان خراپتر بۆ یەکێتیی نیشتمانی و هێزەکانی سوپای ئێران کە لە ساڵی ۱۹۷۹ و پاش کۆچی دوایی سەرکردەی خوالێخۆشبووی پارتی مەلا مستەفا بارزانی و ڕێزلێنانی ئێران لەم سەرکردە ناودارەی کورد و هەروەها هاوسەنگەریی سوپا لە ساڵی ۱۹۶۰ تا کۆتای شەڕ، ئەو پەڕی بێ­ئینسافی و ئەمەک نەناسییە کە لە فەرهەنگی هیچ سیاسەتوانێکدا جێی نابێتەوە.

بەڵام ئەوەی بەستێنی بۆ ئەم ڕووداوە فەراهەم کرد زیاتر بوو لە هاوکاریی یەکێتیی نیشتمانی لەگەڵ هێزەکانی سوپای ئێراندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری ئێرانی، بەپێچەوانەوەی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی بەنێوەندگیری لەنێوان سوپای ئێران و حزبە کوردییەکانی ئێراندا بۆ ساڵانێک ڕێگری لە شەڕ کرد و ئەو ڕێبازەش لە هزری گشتیدا قبووڵکراو بوو. ئەوەی بەستێنی بۆ ئەم ڕووداوە فەراهەم کرد ئەوە بوو کە پارتی تەنها پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی سۆران و بارزانی لەژێر کونترۆڵدا بوو و هەولێر وەکوو گرینگترین شاری هەرێمی کوردستان لەژێر کونترڵی یەکێتیی نیشتمانیدا بوو ئەو شارەی کە ۵ کیلۆمەتر لە ناوەندی دەسەڵاتدارێتیی پارتی دوور بوو و کونترۆڵ کردنی خولیای سەرکردەکانی پارتی بوو.

 

وتەکانی تارق عەزیز وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی عێراق پلانەکانی پارتی بۆ کونترۆڵ کردنی هەولێر ئاشکرا دەکات، ناوبراو لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەنووسێت مەسعوود بارزانی چەند مانگ پێش لە ڕووداوەکانی ۳۱ی ئابی ۱۹۹۶ نامەی بۆ ناردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە هەولێر لەژێر کونترۆڵی ئێرانییەکان و جەلال تاڵەبانیدایە و ئەوان هەوڵ دەدەن کە پارتی لەناو بەرن، بۆیە داوای بارمەتی لێکردین. بەم بەڵگەوە دەتوانین بڵێین هاوکاریی یەکێتیی نیشتمانی لەگەڵ سوپای ئێران تەنها بیانوویەک بوو. بۆیە ۳۱ی ئاب لە دیدی زۆرینەی کوردەکانی عێراقەوە لاپەڕەیەکی خەیانەتە لە مێژووی کوردستانی عێراقدا.

 

خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی لەمبارەوە دەنووسێت، ئێمە پێش ئەوەی کە هێزەکانی سوپای ئێران بێنە ناو کوردستانەوە ئاگاداری نامەکان و پلانەکانی پارتی بووین و ئەوەشمان دەزانی کە سەدام چاوەڕێی هەڵکردنی چرای سەوزە تاکوو هێرش بکاتە سەر کوردستان بۆیە ئەمریکییەکانمان لەم پلانە ئاگادار کردەوە و ئەوانیش بەڵێنیان دا کە ئەگەر سەدام هێرش بکاتە سەر کوردستان دەستوەردان دەکەن بۆیە بەڵێنی ئەمریکییەکان ئێمە دڵنیا کرد کە ئەگەر سەدام هێرش بکات ئەوان دەستوەردان دەکەن و ئێمەش ڕکابەرەکەی خۆمان واتا پارتی لەناو دەبەین ئەگەرچی زۆر زوو زانیمان کە گەشبینیی ئێمە بە بەڵێنی ئەمریکییەکان هەڵە بوو.

 

مام جەلال دەنووسێت ئەمریکییەکان پاش ئەم بێ بەڵێنییە ئەم پاساوەیان هێنایەوە کە چوونکە حکوومەتی عێراق یارمەتی یەکێک لە حزبەکانی داوە ئێمە نەدەبوو دەسوەردان لەو شەڕەدا بکەین! مام جەلال لە درێژەدا دەنووسێت پاش هێرشی هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگەکانی پارتی ئێمە پاشەکشێمان تا سنوورەکانی ئێران کرد و پاش یەکخستنەوەی هێزەکانمان چەکان لە ئێران کڕی و ئێرانییەکان وتیان هەڵە بووین کە پێشتر هاوکاریی ئێوەمان نەکرد و بەم موژدەی هاوکارییەی ئێرانییەکان، هێزەکانی یەکێتی ورەیان بەرز بوویەوە و لەم کاتەشدا کە هێزە عێراقییەکان پاشەکشێیان کردبوو و پارتی لە بەرمبەر یەکێتیدا بەتەنها مابوویەوە بە ناچار ڕووی لە ئەمریکا و تورکیا کرد.

 

هێزەکانی یەکێتی بە فەرماندەیی مام جەلال لە سێ میحوەرەوە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پارتی و بە پشتیوانیی هێزە ئێرانییەکان سلێمانی و ناوچەکانی شدەریان تا نزیکیی هەولێر لە پارتی سەندەوە و لەو هێرشانەدا یەکێتی دانی بەخۆدا نیا و بە هۆکاری سیاسییەوە چەمچەماڵ و کەرکووکی بۆ پاشەکشێی هێزەکانی پارتی هێشتەوە. هەڵبەت پێش ئەوەش پارتی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی کە لە هەولێر گیریانخواردبوو بەڕێزەوە بۆ سلێمانی ناردەوە.

 

پاش ئازاد کردنەوەی سلێمانی مام جەلا دەنووسێت ئێمە دەمانزانی کە هێزەکانی پارتی پەرتەوازە بوون و دەمانوویست ناوچەکانی هەولێر و و شەقڵاوەیش کونترۆڵ بکەین و تەنانەت بیرمان لە کونترۆڵ کردنی سەرڕەشیش کردەوە کە ناوەندی سەرکیی پارتی بوو بەڵام لەم کاتەدا هێزی ئەمریکی و تورکیا مۆڵەتیان پێنەداین و ئەمریکییەکان بە ڕاشکاوی هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ئەگەر پێشڕەوییەکانمان درێژە پێبدەین ڕووبەڕووی هێرشی هێزە عێراقییەکان دەبینەوە و حکوومەتی ناوەندیی عێراقیش پەیامی بۆ ناردین کە ڕازی نین سەرڕەش کونترۆڵ بکەین و ئێمە نامانەوێت جارێکی تر ڕووبەڕووتان بوەستین.

 

مێژووی هەر میللەتێک بریتییە لە هەوراز و نشیوی زۆر بەڵام ۳۱ی ئابی ۱۹۹۶ لە مێژووی سیاسیی کوردەکانی عێراقدا تایبەتمەندیی خۆی هەیە چوونکە داخستنی فەرشی سوور بۆ خوێنڕژێک وەکوو سەدام بە هیچ مەنتیقێکی سیاسییەوە پاساو هەڵناگرێت بەتایبەت کە ئەم هەڵە مێژووییە بە "لابردنی خراپتر بە خراپێک" بشوبهێنیت کە ئەمە جگە لە قیاسی هەڵە کولاندنەوەی برینی مێژوویی ۳۱ی ئابە کە هەر کات خوێندنەوەی بۆ دەکرێت برینەکان قووڵتر دەکات.

 

 

News Code 222055

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha