۳۱ی ئاب، وەرچەرخانێکی مێژووییە لە هەرێمی کوردستان

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات کە لە پێش ڕووداوەکانی ۳۱ی ئابی ۱۹۹۶، لە لایەن چەکدارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ڕفێندراوە و بەرامبەر بە ۱۵۰ هەزار دیناری سویسڕی ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، نووسینێکی بە ناونیشانی (ئێمە مافی خۆمانە شانازی بە ۳۱ی ئابەوە بکەین) بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد: "۳۱ی ئاب، وەرچەرخانێکی مێژووییە لە هەرێمی کوردستان، چوونکە کۆتایی هێنا بە شەڕی ناوخۆ، کۆتایی هێنا بەو مافیاگەری و دزی و جەردەییەی لە هەولێر و لە لایەن هێزەکانی یەکێتییەوە دەکرا کە بەندەش یەکێک بوو لەوانەی ڕفێندرا و بەرامبەر بە ۱۵۰ هەزار دیناری سویسڕی ئازاد کرام! جگە لەوەی ماڵمان تاڵان کرا و هەرچی خراپەکاری هەبوو بەرامبەرمان کرا".

ڕوونیشی کردەوە: ”ئێمە وەک خەڵکی هەولێر بە گشتی و وەک پارتییەکانی هەولێر بە تایبەتی، مافی خۆمانە شانازی بە ۳۱ی ئابەوە بکەین، بۆچی؟ چونکە لەو ڕۆژە بە دواوەوە بە چاوی خۆمان دەبینین چۆن شارەکەمان لە دز و چەتە و ڕێگر و تاڵانچییەکان پاکبۆتەوە و چۆن شارەکەمان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەچێت و لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و ژێرخان و ئازادییەکانی تاکەکەس و ئازادیی رادەربڕین، پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە کە سەرنجی هەموو دونیای بۆ خۆی ڕاکێشاوە".

جەختیشی کردۆتەوە کە هەر لە سایەی ۳۱ی ئابەوەیە دەبینین هەرێمی کوردستان لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە و زیاتر لە ۴۰ کونسوڵخانە و نێردەی دیپلۆماسیی دونیا لە هەولێرن و لەو ڕۆژە بەدواوە، ئیتر کۆمپانیاکانی جیهان ڕوویان لە هەولێر کرد بۆ وەبەرهێنان چونکە بۆیان ڕوونبۆوە کە سەرمایەکانیان پارێزراو دەبێت و شارەکە ئارام دەبێت. هەروەها هەولێر بوو بە ماڵی لێقەوماوانی ناوچەکە و ملیۆنەها کەس لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بۆ ڕزگاربوون لەدەست شەڕ و کوشتاری ناوچەکانیان پەنایان بۆ هەولێر هێنا.

لە کۆتاییشدا جەختی کردۆتەوە: "ئەوانەی لە یادی ۳۱ی ئابدا شین دەگێڕن، با لە جیاتی شینگێڕان، بە خۆیاندا بچنەوە و لانی کەم لەو ناوچانەی کە هێشتا لەژێر دەستیاندایە، ئەو هەڵانە دووبارە نەکەنەوە کە لە پێش ۳۱ی ئاب لە هەولێر دەیانکرد! بەبێ بەخۆداچوونەوەی یەکێتی، ناچارین بڵێین کە سلێمانیش پێویستیی بە ۳۱ی ئابێکە بۆ ئەوەی وەک هەر شارێکی تری دونیا، گەشە بکات و پێش بکەوێت".

News Code 224013

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha