ئەوەی لە کەرکووک ڕوودەدات بە ئامانجی پەردەپۆش­کردنی خەیانی ۳۱ی ئاب دەکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکووکی یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی‌کردەوە، لەگەڵ نزیک‌بوونەوەی خیانەتی گەورەی ۳۱ی ئاب و تای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پارتی بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو خیانەتە گەورەی دەرحەق بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردی جەنجاڵیەکی زۆریان بۆ هاوڵاتیانی کەرکووک دروست کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکووکی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کردووە: "پارتی لە حکوومەتی عێراق جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی هەیە، لە ئەنجومەنی نوێنەران جێگری سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسیارێتی لیژنەکانی پەرلەمانی هەیە، بەڵام لەم دۆسێیە، خۆیان حەشارداوە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە کەچی لەسەر وەرگرتنی پشک و پۆست، شەڕیانە، بێ ئەوەی باسکی سیاسیی خۆیان بۆ گەڕانەوەی دەستوری و دیموکراتیانەی بارەگاکانیان بخەنەگەڕ کە ئەوە مافێکی فرە حزبی و دیموکراتیی و دەستورییە و هێچ پێویستی بە هاندانی نەتەوەیی و گرژی نێوان پێکهاتەکان نییە".

یەکێتی ئەوەشی‌خستۆتەڕوو: "ئەم هەنگاوەی پارتیی بۆ کەرکوکییەکان نامۆ نییە و لە ڕابردوشدا کێشە و گرفتی زۆری هەمەچەشنیان دروست کردوە، بۆیە ئەم ڕووداوەی ئێستا رودەدات کە هاوکاتە لەگەڵ خیانەتی ۳۱ـی ئاب، بۆ لە بیر بردنەوەی ئەو مێژوە تاڵەیە بەسەر میللتەکەمان هاتووە، کەشف کردنی دەستیانە، کە تا دوێنێ بانگەوازی ئەوەیان دەکرد بە شکۆ و بە ئاڵای کوردستانەوە دەگەڕێنەوە کەچی ئێستا ناتوانن بەرگری لە بیناکەی خۆشیان بکەن".

مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکووکی یەکێتی دەشڵێت: "ئێمە وەک مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی، لە سۆنگەی هەست کردن بە بەرپرسیارێتی و هەستیاری دۆخی کەرکووک، هەوڵی ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە دەدەین و داوا لە حکوومەتی لۆکاڵی کەرکووک و هێزەکانی سوپا و داوا لە پارتیش دەکەین ئەم بابەتە بە یاسا و دەستور نەک بە جەمسەرگیری گرژی، چارەسەر بکەن تاوەکوو چیتر هاوڵاتیانمان نەبنە قوربانی موزایەدە پێشوەختەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردن و هەموو لایەکیش کەشی پێویست بۆ دیموکراسیی و خەباتی مەدەنی مەیسەر بکەن".

News Code 222056

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha