۳۱ی ئاب لە نێوان "خیانەت و دەستکەوت" دا

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ۳۱ی ئاب بە "خیانەت" ناو دەبات و پارتیش بە "دەستکەوت"ی دەزانێت، چاودێرانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسە بێ‌لایەنەکانیش ئەو دۆخەی کە لە میدیادا دەگوزەرێت بە "زبڵخانە" ناو دەبەن.

شەممە ۳۱ی مانگی هەشتی ۲۰۲۴، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی لە پێش بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکەیان لە هەولێر بە نیگەرانیەوە مەراسیمێکی ماتەمینیان ڕێکخست و بەگوتەی خۆیان مەراسیمەکە "ماتەمینیە بۆ شەهیدانی خیانەتی ۳۱ی ئاب لە شاری هەولێر".

دارا خەیلانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "گردبوونەوەکە بۆ ڕێزلێنان بوو لە شەهیدانی ئەو یادەی بەسەر گەلەکەمان هات، هیوادارین کە ببێتە وانەیەک بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە و نابێت شتی خراپمان بیر بچێتەوە".

خەیلانی وتیشی: "بە دڵنیایەوە هەر کەسێک سواری دەبابەی دوژمنانمان بێت و خەڵکی خۆمانی پێ تیرۆر بکات، کارێکی قێزەونە و بە خیانەتی دادەنێین جا هەر لایەنێک بیکات، بە داخەوە ئەو شتە ڕوویدا، ئێمە ئێستا نامانەوێت ئەو بابەتانە نوێ بکەینەوە، بەڵام دەبێت وانەیەک وەربگیرێت بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت ئینتیمای بۆ وڵاتەکەی هەبێت".

دوا بەدوای مەراسیمەکەی سەرکردەکانی یەکێتی لە پێش بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکە، ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێپێوان ڕژانە سەر شەقامەکان و چوونە پێش بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی و دروشمەکانیان دژ بە یەکێتی بەناوی "شانازی" بوو ۳۱ی ئاب و ڕۆژەکەیان بە "دەستکەوت" بۆ پارتی ناوزەند کرد و دەیانگوت "گەر ۳۱ی ئاب نەبوایە ئەوە هەولێر دۆخی بەم شێوەیە نە دەگەشت" و دواتر لە میدیای هەردوو حزبەوە هێرشی توندیان کردە سەریەک.

شوان محەمەد ڕۆژنامەنووسی بێ‌لایەن لەسەر خراپی ڕۆڵی میدیا لە شەڕی نێوان حزبەکان دەڵێت: "ئەو دۆخە میدیایەی کە ئێستا هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت وەک هەمان ‌شێوەی دۆخە سیاسیەکە پڕ ئاڵۆز و تەنگەشە و قەیراناوی و تەڵزگەیە، ئەمە بەو مانایە دێت ئەگەر ئەو قەیرانەی کە لەناو میدیایی کوردیدا هەیە تۆختر و خەستر نەبێت لە سیاسیەکەی هیچی کەمتر نیە".

ئەم ڕۆژنامەنووسە وتیشی: "دەبێت میدیا پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیان و پیشاندانی شتە جوانەکان و پەیامی کێبڕکێیەکی تەندروست و تاڕادەیەکی زۆر هاوبەشی هەبێت، بەڵام ئەوەی لە کوردستان ڕوودەدات ڕێک زیبالەیە".

ڕۆژی ۳۱ی ئاب، ڕووداوێکە کە پارتی دیموکراتی کوردستانی پێ تۆمەتبار دەکرێت، "بەوەی بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕی ناوخۆیی خۆی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەنای بۆ هێنانی سوپای عێراق بردووە".

۳۱ی ئاب ئەو مێژووەی کە پارتی خۆیی ڕەتی ناکاتەوە و بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەک مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێکی دووبارەی بڵاوکردوەوە و دەڵێت: "چەند هاوار بکەن، قسە بکەن و بەیاننامە بڵاو بکەنەوە، هەرچیەک دەکەن، حەقیقەتی ۳۱ی ئابی ۱۹۹۶ ئەوەیە: ۳۱ی ئاب (دفع الافسد بالفاسد) بوو". کە بەوەڵامێکی توند دژی هەڵویستەکانی یەکێتی لێکدەدرێتەوە.

دەنگی ئەمریکا پەیوەندی بە هەریەک لە وتەبێژ و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتیەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکان وەڵام نەدراونەتەوە.

بەشێک لە ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی لەم ڕۆژەدا پێیان وایە هاتنی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان "خیانەتێکی" دیکەیە و هیچی کەمتر نیە لە "۳۱ی ئاب"، بۆیە وێڕایی ۳۱ی ئاب ڕەخنەی جدیش ئەو حزبە دەکرێت لەبەرامبەر هاتنی سوپای تورکیادا.

دارا خەیڵانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاشیگەیاند: "هاتنی تورکیا بە هەر بیانوویەک بێت بۆ ناو خاکی هەرێم لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا نیە، بەڵکوو ئەو بیانووە و بە دڵنیایەوە ڕەوشی کوردستان ئاڵۆزدەکات و مەرامەکانی تورکیا بێگومان زیان گەیاندنە لە کورد و کورد لە هەر شوێنێک بێت ئیمە هەموومان دەزانین مەبەستی سەرەکی تورکیا دژی ئەزموونی هەرێمە و ترسی ئەوەی هەیە کە کورد سەرکەوتن بە دەست بهێنێت".

خەیڵانی وتیشی، "کورد دوژنایەتی هیچ کەس و وڵاتێک ناکات، ئێمە هەرگیز دژایەتی و عنسوریەتمان بەکارنەهێناوە، بۆیە هاتنی سوپای تورکیا بۆ ئێرە، هیوارداین هیچ لایەنێک ڕێگەیان پێنەدات زیاتر تەشەشەنە بکات و ببنە مایەی تێکدانی ئەزموونی هەرێم".

ماوەی چەند ڕۆژێکە زۆریەک لە میدکان لەهەرێمی کوردستان بوونەتە میمبەری بڵاوکردنەوە و گواستنەوەی وتەی سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی و هێرشی توند دەکەنە سەر یەکتر و هەردوو حزب یەکتر تۆمەتبار دەکەن، میدیاکارە سەربەخۆکانیش پێیانوایە میدیا و میدیاکاران کاریگەری" نەرێنی"یان لە سەر دەرونی تاکی کوردستان دروستکردووە.

شوان محەمەد میدکاری سەربەخۆ ئەوەشی بە دەنگی ئەمریکا وت: "ئەو دۆخەی دەگوزەرێت لە میدیادا بە مانای ئەوە دێت سیستەمی میدیای ئێمە و کارەکتەرەکانی میدیای ئێمە هێندە لاوازن لە بەر دەم سیاسیەکاندا چۆن بیانەوێت وا هەڵیان دەسوڕێنن، لە دونیادا پیشەی ڕۆژنامەنووسی پیشەیەکە کایەی خۆیی هەیە و بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەگەر هەتا حزبەکانیش یان لە ژێر هەژموونی حزبیشدا بێت، دەبێت نیمچە سەربەخۆیەکی هەبێت و کاری پیشەی خۆیان بکەن، بەڵام لە کوردستاندا میدیا بەتەواوەتی لەگەڵ میدیاکارا تەسلیمی کایەی سیاسی بووە".

وێڕای شەڕە میدیاییە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی لەیەکتر، بەشێک لە چاودێران و لایەنە سیاسیەکان ڕەخنەی توند لەو دووحزبە دەگرن و پێیانوایە "ئەوەی دەکرێت تەنها شەڕی میدیایە و بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان".

News Code 224016

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha