بەرەی تورکمانی لەگەڵ پارتى و عەرەب ۱۰ کورسییان هەبوو، دەیانتوانى کۆبوونەوەیەکى هاوشێوەى هۆتێل ڕەشید بکەن

سەرۆکی پارتێکى نێو بەرەى تورکمانیی یەکگرتوو ڕاگەیاند، لەگەڵ عەرەب و پارتى دەیانتوانى کۆبوونەوەى هاوشێوەى ئەنجوومەنى پارێزگا لە هۆتێل ڕەشید بکەن، بەڵام بۆچوونى پارتى وابووە نابێت یەکێتى بخرێتە دەرەوەى حکوومەتى خۆجێی کەرکووک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جاسم بەیاتى، ئەمیندارى گشتیى یەکێتیى ئیسلامى بۆ تورکمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی ڕووداوى ڕاگەیاندووە: "ئێمە لەگەڵ پارتى و عەرەب ۱۰ کورسیمان هەبوو، دەمانتوانى کۆبوونەوەیەکى هاوشێوەى هۆتێل ڕەشید بکەین، بەڵام راى سەرۆکوەزیران و پارتیش وابوو کە ناکرێت یەکێتى بە پێنج کورسییەوە لە دەرەوەى پێکهاتەى حکوومەت بێت، بڕوامان وابوو سەقامگیریى کەرکووک بە ئامادەبوونى هەمووان دەبێت".

۱۰ـی ئابی ۲۰۲۴، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى ۹ ئەندام لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکوومەتى خۆجێیی هەڵبژارد.

یەکێتیى ئیسلامى بۆ تورکمانیى عێراق ئەندامە لە هەردوو هاوپەیمانێتیى بەرەى تورکمانیى یەکگرتوو بە سەرۆکایەتیی حەسەن تۆران و دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتیى نوورى مالیکى.

۱۸ـى ئاب، نوێنەرانى بەرەى تورکمانى و هاوپەیمانیى عەرەبی بە ئامادەبوونى جاسم بەیاتی لە بەغدا لەگەڵ نوورى مالیکى کۆبوونەوە. جاسم بەیاتى گوتى: "مالیکى پێیگوتین ئەوەى لە هۆتێل ڕەشید روویدا مایەى سەقامگیریى کەرکووک نییە و کێشەى گەورەترى لێدەکەوێتەوە کە لە قەبارەى کەرکووک زیاتر دەبێت و کێشە دەکەوێتە نێوان دوو پارت، تورکمان و عەرەب و وڵاتان".

پۆستى پارێزگارى کەرکووک درایە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب، بەڵام هاوپەیمانیى  بەرەى تورکمانی یەکگرتوو کە دوو کورسی هەبوو، هیچ پۆستێکى وەرنەگرت.

ئەمیندارى گشتیى یەکێتیى ئیسلامى بۆ تورکمانى عێراق ئاماژەى بەوەدا مادەى ۱۳ـى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان ڕوونە بەوەى کە پۆستەکان بەشێوەیەکى دادوەرانە دابەش بکرێت کە گەرەنتى بەشدارى سەرجەم پێکهاتەکان بکات.

News Code 223968

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha