سەعدی ئەحمەد پیرە: مەعقوولە کە شەش کورسییەکەی ئێمە بچووکتر بێت لە دوو کورسی تورکمان یان دوو کورسیەکەی پارتی دیموکرات؟

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕەهندەکانی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکی شی کردەوە و وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر سەرکەوتنی حزبەکەی بە ۶ کورسیەوە لە ئەنجومەنی پارێزگا (۵ کورسی یەکێتی و یەک کورسی کەمینەی مەسێحی)، وتی: پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرسی کەرکووکدا بە دوو کورسییەوە لە قازانج شەریکی کورد نەبوو بەس لە زەرەردان شەریک بووە و ئیشی کردووە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەک کە یەکێتی تێدا نەبێت.

ڕۆژی ۱۰ ئابی ۲۰۲۴ واتا نزیک لە ۸ مانگ پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک پێکهێنرا و ڕێبوار تەها وەکوو پارێزگای نوێی کەرکووک ناسێندرا. ناوبراو پاش ئەوەی کە ڕۆژی سێشەممە ۱۳ی ۸ی ۲۰۲۴ مەرسوومی سەرۆکایەتیی لە سەرۆک کۆماری عێراق وەرگرت، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۱۴ی ۸ی ۲۰۲۴ لە دادگای پارێزگای کەرکووک ئامادە بوو و سوێندی یاسایی خوارد و پاش ئەوەی گەیشتە دیوانی پارێزگا لە یەکەم فەرمانیدا فەرمانی کۆتاییهاتنی ئەرکی ڕاکان جبووری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووکی واژۆ کرد کە پاش شکستهێنان لە پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا و بەشداری نەکردن لەو پڕۆسەدا، بە یاوەریی بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزاییان بەشێوازی پڕۆسەکە دەربڕی. ناڕازییەکان (بەرەی تورکمانی، بەشێک لە عەرەبەکان) شەوی ڕابردوو لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگاریی کەرکووک گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجام دا و بەرەی تورکمانی ڕایگەیاندووە کە ۱۸ پۆست کە بەر ئەم پێکهاتە لە کەرکووک کەوتووە ڕەت دەکاتەوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵ دەبێت.

ئاژانسی کوردپرێس هەوڵی داوە بەشێوەی جیدی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی پارێزگای کەرکووک هەم لە ڕووی دۆخی ئێستا و هەم بۆ ڕووداوە گریمانەییەکان لە داهاتووی سیاسی ئەم پارێزگا ستراتێژیکە عێراق بکات. هەر بۆ ئەم مەبەستەش لە درێژی زنجیرە یادداشت و ڕاپۆرت و هەواڵەکاندا ئەمجارەیان گفتوگۆیەکی تێروتەسەلی لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام داوە و ڕەهندەکانی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و دەست نیشان کردنی ڕێبوار تەهای وەکوو پارێزگاری کەرکووک لێکداوەتەوە.

دیاری کردنی پارێزگاری کەرکووک یا دەستپێکی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق؟

ژمارەیەک لە چاودێران بڕوایان وایە کە پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و ناساندنی پارێزگار، دۆخی سیاسیی کەرکووک دەباتە قۆناخێکی نوێ و ئەم هەڵبژاردنەش دەستپێکی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دەبێت. سەعدی ئەحمەد پیرە لەمبارەوە بە کوردپرێسی وت: گۆڕانکارییەکی گەورە ناکرێت. بۆ دانانی پارێزگاری کەرکووک ۹ کورسیمان پێویستمان بوو. ئیشی داهاتوو ئیشی سەرۆکی ئەنجومەنە کە لایەنەکان کۆ بکاتەوە و بەشدارییان پێبکات.

دیاری کردنی پارێزگاری کەرکووک بە بێ بەشداریی تورکمانەکان یاساییە؟

لایەنە ناڕازییەکان بەتایبەت بەرەی تورکمانی سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک تۆمار کردووە و بڕوایان وایە بە پشت بەستن بە مادەی ۱۳ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ژمارەی دەنگ و کورسیی لایەنە سیاسییەکان ناکرێت پێوەری پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا و هەڵبژاردنی پارێزگار بێت و بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی جیاوازی پارێزگای کەرکووک، ئەنجومەنی ئەم پارێزگایە دەبێت بە بەشداریی هەموو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن پێکبهێنرێت. هەر لەم ڕووەشەوە تورکمانەکان، پارتی دیموکرات و بەشێک لە عەرەبەکان بڕوایان وایەکە پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نایاسایی بوو.

سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی یاسایی بوون یا نایاسایی بوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردپرێسی وت: هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک یاساییە. تورکمانەکان دوو کورسییان هەیە و لەو دوو کورسییە ئەوان شانسی بوونیان بە پارێزگار لەدەست داوە. بەشداری کردنیان لە کۆبوونەوەکان و بەشداری نەکردنیان لە ئیختیاری خۆیانە. لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ۵۰ پۆستی ئیداری هەیە. تورکمانەکان لە جێگری دووهەمی پارێزگارەوە دەتوانن بیانبێت تا دەگاتە ڕەئیسی دائیرەکان. هەندێک لەو پۆستانە بۆیان هێڵدراوەتەوە و کە ئەگەر ئیستیفادەی لێبکەن باشە و ئەگەر ئیستفادەشی لێنەکەن کەسێکی تر لە دائیرەکە بە وەکالەت دادەنرێت تاکوو ئەوان پێوەندی دەکەن، دەنا دائیرەکە ئیشی خۆی دەکات.

ناوبراو لەبارەی پلانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەشداری پێکردنی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک زیادی کرد: پێویستە هەموو لایەنەکان چاودێری ئەدای پارێزگار بن و بۆچوونی خۆیان دەربڕن کە ئایا ئەدای پارێزگار یاسایی بووە یان نا. بۆیە پێویستە هەموویان لە کۆبوونەوەکان بەشداری بکەن و لەوێوە ڕکاربەری یەکتر بکەن. ئەگەریش بەشدار نەبن ئەوە خۆیان زەرەرمەند دەبن. چوونکە کاروباری کەرکووک هەر بە پارێزگار تێدەپەڕێندرێت.

یەکێتیی نیشتمانی لە کەرکووک چی بەدەست هێنا و چی لەدەست دا؟

ژمارەیەک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەرامبەر بەدەست هێنانی پۆستی پارێزگای کەرکووک بەشێکی زۆر لە پۆستە ئیدارییەکانی ئەم پارێزگایەی ڕادەست کردووە و ئەم دەرفەتانەی لە دەستی کورد دەرهێناوە. وتەبێژی یەکێتی لەمبارەشەوە بە کوردپرێسی وت: ئەم بابەتە دوورە لە ڕاستی. چ پۆستێک لەدەست چووە؟ خۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ یەکێتی هەمیشەیی نییە و دوو ساڵ بە دوو ساڵە، واتا ئەو کەسەی کە ئێستا پۆستی پارێزگاری بەدەستەوەیە چەند پۆستی دیاریکراوی هەیە و کاتێک ئەمەش گۆڕا پۆستەکانی دیکە بەدەستەوە دەگرێت. لایەنی دووهەمیش ئێستا پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەیە و هەموو ئەم وتانە بێ مەعنایە. چوونکە بڕیار نییە کە لایەنێک بە تەنها حوکمڕانی بکات. پارێزگار، پارێزگا بەڕێوەدەبات و لەژێر چاودێریی ئەنجومەنی پارێزگادایە و ئەم پۆستە پۆستێک نییە کە دائیم هی تورکمان یا هی عەرەب یان کوردەکان بێت. ئەو پۆستانە بەپێی گۆڕانکاری سەرۆک و سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگار دەگۆڕدرێن.

کاریگەریی ئێران و تورکیا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵێ یان نا؟

بەپێی ڕوانگەیەکی سونەتی، پارتی بە لای تورکیا و یەکێتی بەلای ئێراندا ئەکشێت، پرسی کاریگەریی ئەم دوو وڵاتە لەسەر یەکلاکردنەوەی بابەتە سیاسییەکانی عێراق پرسێکە کە موناقیشەی لەسەرە ئەوەش بە ئاوڕدانەوە لە سنووری هاوبەش و پرسە ئەمنییەکانی نێوان ئەم وڵاتانە.

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وێڕای ڕەت کردنەوەی دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمی لە هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: نا، ناتوانرێت بڵێین کە دەستواردان هەبووە. ئەم بابەتە لە کەرکووک بوو. کەرکووکییەکان بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد و ئەنجومەنی پارێزگا پێکهێنرا.

ناوبراو زیادی کرد، لەبارەی پرسی وڵاتانی هەرێمییەوە دەبێت بڵێین: ئەم دوو وڵاتە دراوسێی ئێمەن و بە دراوسێشمان دەمێننەوە. ئێمە دەبێت هەوڵ بدەین کە پێوەندیمان پێوەندییەکەی باش بێت لەگەڵیان. ئەگەر ئەم وڵاتانە مەیلی ئەوەیان هەیە کە لە ڕووداوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبێت ئەمە مافی دراوسێیەتییە. چوونکە ئەم دوو وڵاتە بڕوایان وایە کە ڕەهندی ئەمنی وڵاتەکەیان تا ئاستێک پێوەندیی بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین کە کارێک نەکەین کە زەبر لە پێوەندییەکانمان بدات. دەستوەردانی ئەوان هەر تا ئەم ئاستەیە. بەڵام ئەگەر ئەم وڵاتانە بیانەوێت ئەمر بکەن کە کەرکووک بە چ شێوازێک ئیدراە بدرێت و ئیدراەدان لە هەولێر چۆن بێت، ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە؛ چوونکە عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و ئێمەیش عێراقین و لە عێراقی بوونی خۆمان بەرگری دەکەین.

سەرکەوتنی یەکێتی و شکستی پارتی

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە سەرکەوتنەکانی یەکێتی لە هەندێک بابەتی سەرکیدا کردەوە و بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: بابەتەکە ئەمەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە کۆنگرەی پێنجەمەوە تاوەکوو ئەمڕۆ سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و مووسڵ سەرکەوتنی بەدەست هێنا. لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەگەر ڕکابەری ئێمە پارتی دیموکراتە ئەم حربە لە هیچ هەڵبژاردنێکی ئەنجومەنی پارێزگادا سەرکەوتوو نەبووە. لە لایەکی دیکەشەوە ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە لەو ماوەدا دەرکرا لە بەرژەوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوون. هەروەها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم ماوەدا لەپرسی دابین کردنی مووچەی خەڵک خزمەتی گەورەی کردووە. من بڕوام وایە ئەگەر یەکێتیی هەڵەیەک نەکات دەنگی زۆر گەورە بەدەست دێنێت. هەر لێرەوە دەستخۆشی لە سەرۆکی یەکێتی جەنابی بافڵ تاڵەبانی دەکەم و بە بۆنەی گەڕانەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک پیرۆزبایی لە هەموو هاوڵاتییانی کوردستانی دەکەم. پارێزگاری نوێ پارێزگاری هەموو ڕەنگ و لایەنە جیاوازەکانە.

ناکۆکیی کورد لە کەرکووک

یەکێک لەو ڕەخنانەی کە هەمیشە لەئاڕاستەی ڕەوتە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت، ئەوەیە کە یەکڕیزی لەنێوان ڕەوتە کوردییەکاندا نییە، بەتایبەتی هەردوو حزبی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، ئەوەش لە پارێزگای کەرکووک. بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئەگەر یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان یەکگرتوو ببوایەن و هەڵویستی هاوبەشیان بەرامبەر بە لایەنەکانی تردا هەبوایە، هەڵوێستێکی زۆر بەهێزتریان دەبوو. لە بەرامبەر ئەم ڕەخنەیەدا سەعدی پیرە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: خۆ یەکێتی پارتیی بەدەرنەناوە بەڵام پارتی هەوڵی داوە بۆ ئەوەی کە هاوپەیمانێتییەک پێکبهێنێت کە یەکێتیی نیشتمانی تێدا نەبێت. پارتی دەعوەت کرا و دەیتوانی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بێت. پارتی دوو کورسی هەیە و یەکێتی شەش کورسی واتا ئەم موناقیشەیە موناقیشەیەکی بێ مەعنایە؛ مەعقوولە ۶ کورسییەکەی ئێمە بچووکتر بێت لە ۲ کورسییەکەی ئەوان.

وێستگەی کۆتایی ناکۆکیی و پەرتەوازەیی دەنگی کورد

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا لەسەر خاڵی کۆتایی ناکۆکیی نێوان حزبە کوردییەکان بەتایبەت دوو حزبی سەرەکیی کوردستانی، ڕایگەیاند: ئێمە بڕوامان وایە کە پرسی کەرکووک کۆتایی دونیا نییە ئێمە پرس و بابەتی گەورەترمان لەپێشە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کاری هاوبەشی ئێمە لەم چوارچێوەدا، لەبەردەمە. ئەوەی لە کەرکووک یان مووسڵدا ڕوویدا چووە مێژووەوە و هی ڕابردوویە. ئێمە دەبێت هەوڵ بۆ داهاتوو بدەین. ئێمە ئێستا دەتوانین کۆببینەوە و لەبارەی پلانە هاوبەشەکانی داهاتوومان گفتوگۆ بکەین و هەوڵ بدەین لێکتێنەگەیشتنەکانی ڕابردوو چارەسەر بکەین و ناکۆکییەکان وەلاوەبنێین.

ئەوەی یەکێتی لە کەرکووک کردی، ئایا باشترین بژاردە بۆ کورد بوو؟

ژمارەیەک لە چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە کە ئەگەر دوو حزبی کوردستانی لە کەرکووک یەکگرتوو و هاوڕا بوونایە و لە پرسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا لە یەک چوارچێوەدا کاریان کردبا سەرکەوتنێکی گەورەتر مسۆگەر دەکرا. سەعدی ئەحمەد پیرە لەمبارەشەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: ئەوەی کە کورد دەیتوانی بە ۸ کورسی بیکات زۆر زیاتر لەوە بوو کە بە ۶ کورسی بیکات.  ئەوەی ئێستا یەکێتی کردوویەتی بە ۶ کورسی کردوویەتی، واتا ۲ کورسییەکەی پارتی لە قازانج شەریک نەبوون بەس لە زەردان شەریک بوونە. بۆیە من پێم وایە ئەگەر گلەییەک هەبێت ئەبێت یەکێتی لە پارتی گلەیی بکات. پارتی ئەوەی کە پێی دەڵێت "دڵی کوردستان"ە و خۆی بۆ ۵ مانگ قەبووڵی بوو کە پارێزگارێکی کورد هەبێت،  ئەو ۵ مانگەی خۆی بەلاوە گرینگتر بوو لەوەی یەکێتی کە بۆ ۲ ساڵ وەریگرت.

 

News Code 223942

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha