بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرەی تورکمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاری کەرکووک پەرەسەندنی سیاسیی بێ پێشینە بەخۆوە دەبینێت کە مایەی نیگەرانی سەرجەم لایەنە نیشتمانییەکانە، ئەوەش دوای ئەوەی نیازی ئەنجومەنی پارێزگایان پێگەیشت لەبارەی سازدانی دانیشتنێکی نائاسایی بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی تورکمانی بۆ پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک.
ئاماژەی بەوەش کرد، "لە بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراقەوە جەخت لەسەر هەڵوێستی چەسپاوی خۆمان دەکەینەوە لەبارەی ئەم پەرەسەندنانە، ڕوونیدەکەینەوە کە ئێمە هیچ کەسایەتییەک بۆ هیچ پۆستێکی حکوومەتی خۆجێی لە کەرکووک کاندید ناکەین، جەخت دەکەینەوە کە ئەم حکوومەتە کە بە رێگای ناشەرعی دروستکراوە، نوێنەرایەتی ئیرادەی راستەقینەی رۆڵەکانی پارێزگاکە ناکات و شەرعیەتی یاسایی و سیاسیی لەدەستداوە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "ئێمە لە بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراقەوە بەگوێرەی خشتەی زەمەنی چاوەڕوانی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگا دەکەین، کە هیوادارین کاروبارەکان بگەڕێنێتەوە بۆسەر رێڕەوی یاسایی و دەستوریی خۆی".
بەرەی تورکمانی ئەوەشی خستەڕوو، "هەڵوێستی نیشتمانی و مێژویمان ناکرێت لەژێر هیچ فشارێکدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بەردەوام وەکوو بەرگریکارێک لە مافەکانی گەلەکەمان و دۆزە رەواکەی دەمێنینەوە، لە پێش هەموشیانەوە پارێزگاریکردن لە کەرکووک وەکوو شارێک بۆ هەموو پێکهاتەکان بەبێ هیچ جیاکاریی و پەراوێزخستنێک".
Your Comment