ویستی گەل لە شوێنێک و کەین و بەینی ئێوە لە شوێنێکی تر/ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا لە یادداشتێکدا کە بۆ کوردپرێسی ناردووە باس لە کاردانەوەی ژمارەیەک لە لایەنەکوردییەکان دەکات بۆ کۆبوونەوەی هۆتێل ڕەشید لە بەغدا و وەڵامی ڕەخنەکانیان دەداتەوە، لە دێژەدا دەقی یادداشتەکە هاتووە:

میوانی ستۆدیۆ و کەڤگیر بە دەستی بەرنامە چوونکە لە پەخشی ڕاستەوخۆیا بوون شانیان دابووە بەر و لە هەوای خۆیانا بوون؛ ئەیانگوت کەرکووک بە ماددەی ١٤٠ چارە دەبێت نەک بە پارێزگارێکی کورد، ئەیانگوت ئاڵای کوردستانی تیا نەبێ تامی تیا نییە و گوایە هەموو پۆستەکانی کورد دراون بە خەرجی پۆستی پارێزگار کە (ئەوە ناهێنێ) ئیتر زۆریان فەرموو کەمیان ویژدان خستەکار. ترێکە ترشە تامی نییە چوونکە دەستی خۆیانی پێنەگەیشت، وەک چۆن  دەیانگوت پۆستی سەرکۆمار تەشریفاتییە چوونکە خۆیان تەشریفیان تیا نەفەرموو.
ئەو بەرنامە یەک لە سەدان بەرنامەی میدیاییە کە سەد بەرنامەی پەیج و ئەکاونت و تیکتۆک دەورە دروان تا بڵێن کورد و یەکێتیی لە کەرکووک دۆڕان و ئەوەی هەیە ئەوە نییە کە دەبوا هەبێت.

تەبعەن باشی و چاکیی ئەم گەلە سەربەرزەی کورد ئەوەیە بە پێی بەرنامەی تەلەفزێۆنیی سەپۆرتکراو بڕیار نادات، بەڵکوو بە پێی بەرنامەی کوردایەتی سەحی لێ دەدات. بۆیە جەماعەت لە دەنگدان لێیان قەوما و ئیتر دەنگە دەنگی پاش سەرکەوتنی گەورەی کەرکووک دادیان نادات.

ئاخر مام جەلال گوتەنی (خوشکۆڵە) و براکەم، خەڵک پانۆرامای ڕووداوەکانی شەڕی داعشی لە بیرە کە ئێوە گوتتان و جاڕتان دا ئیتر دەوڵەتی داعش کەوتۆتە نێوان کوردستان و بەغدا، ئیتر پێویست بە زەحمەتی حکوومەتی عێراق ناکات چوونکە ئەوە داعش خۆی ماددەی ١٤٠ی جێبەجێ کرد. کە بۆتان دەرکەوت داعش ئیشی بە ١٤٠ و دەستوور نییە، کاری تەنها تیرۆر و پەلاماردانە ئینجا چوونە سەر درامای عێراق ١٤٠ی فەرامۆش کردووە. بەڕاستی ڕاستە عێراق فەرامۆشی کردووە و ئێوەش بە کردەوە باوەشێنی ئەو فەرامۆشییە دەکەن.
حەوت ساڵ پارێزگارتان کردە عەرەبی وەکالەت بەس بۆ ئەوەی کورد و یەکێتیی ئەم پۆستە وەرنەگرێتەوە، دوایی کە ساڵی ٢٠٢٣ دیموکراسیی و هەڵبژاردن یەکێتیی پایەدار کردەوە گەرەکتان بوو هەر کابرای بە وەکالەت لە پارێزگا بمێنێتەوە،  بەس قەینا با کوردێکی سەوزی تیا نەبێ.
ئاڵای چی و ماددەی ١٤٠ی چی ئەو ناونیشانانە هی یاسا و سەروەری و دەوڵەتدارییە، ئێ ئێوەش حەزتان لێ نییە کەرکووک بەو بەها بە نرخ و جوانانە شاد و شوکر بێتەوە.
چەند ساڵە دۆزی کەرکووک و داوای ڕەوای کوردی شارەکەتان پەک و دوا خستووە، پێتان وابوو میللەت  باوەڕتان پێ دەکات کە بە (خەنجەر)لە شمشێری تەعریب دەبەنەوە؟! پێتان وابوو بە ڕاکان جبوری ئاڵای کوردستان لە چەقی قەڵادا  هەڵدەکەن؟! 
شتی وا نەک لە قووڵایی کتێبەکانی مێژوو دا نەهاتووە و تۆمار نەکراوە، بەڵکوو لە کتێبە مەدرەسییەکانی  کە بە قازانجی دید و گێڕانەوەی تەسکی حزبایەتی خۆتان دیزاینتان کردووە،  جێی نەبۆتەوە و باسیان نەکراوە.

ئاخر دەستوور و ئاڵا و کوردایەتی  چۆن بە شەڕکردن لەگەڵ دەنگ و سەنگ و ئیرادەی میللەتەکەمان جێبەجێ دەکرێت؟ ماددەی ١٤٠ چۆن بە گەمارۆدانی ئیرادە و ویستی هاوڵاتی کەرکووک کە ماددە و کەرەستەی کوردایەتین جێبەجێ دەکرێت؟
ویستی گەلەکەمان لە شوێنێکە و کەین وبەینی ئێوە لە شوێنێکی ترە، بۆیە وا لێتان شێواوە. ئیتر ئەمە مەتەڵ و ماتماتێکی ناوێت.

News Code 223979

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha