بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد حاجی مەحموود له لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "کەرکووک خاکی کوردستانە و ژمارەی گۆڕی کوردەکان لەو پارێزگایە لە ژمارەی زیندووی پێکهاتەکانی تر زیاترە، بەڵام کورد یەکگرتوو نییە و خۆی بە خاوەنی کەرکووک نازانێت، ئەگهرنا ۲۲ دەوڵەتی عەرەبی و ئێران و تورکیاش خۆیان بە خاوەنی کەرکووک دەزانن و هەرکات ناوی کەرکووک دەهێنرێت هەموو ئەو وڵاتانە دێنە سەر خەت".
محەمەد حاجی مەحموود دەشڵێت: "وردەکاری ڕێککەوتنەکەی کەرکووک نازانم، ئهگەر پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بە دوو ساڵ و بە نۆرە بێت کارێکی هەڵەیە، بەڵام دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک لە دوای هەشت ساڵ کارێکی باشە، هەرچەندە دەبوایە یەکێتی و پارتی پێکەوە بوونایە لە کەرکووک".
محەمەد حاجی مەحموود زیادی کرد، "ئاماژەکان دەری دەخەن لە مانگی ۱۰ی ئەمساڵ هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بە تایبەت تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ کاتێکی دیاریکراو بۆ سەرپەرشتی کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژ کراوەتەوە".
هەروەها وتیشی، "کۆمەڵێک دادوەر بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن زیادکراون و کۆمسیۆن لە هەولێرەوە سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەکات، هەروەها دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی و ژماردنی دەستیشیان بۆ دەکرێت، نزیکەی ۴۵۰ هەزار دەنگدەریش کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە، ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن".
محەمەدی حاجی مەحموود پێیوایە، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تێگەیشتنی لایەنەکان لە قەبارەی خۆیان دۆخەکە هێور دەبێتەوە، بەڵام پێش هەڵبژاردن گوتاری ڕاگەیاندنی لایەنەکان ئاگرین دەبێت بەرامبەر بە یەکتری.
ئهوهشی وت، "پێموانییە هەڵبژاردن نەخشەی سیاسی هەرێم بگۆڕێت، چوونکە لە ساڵی ۱۹۹۲ەوە تا ئێستا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بەڵام پۆستە گرنگەکانی وەکوو سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانیان هەر لای یەکێتی و پارتین".
محەمەد حاجی مەحموود وتی، "ڕەنگە هەڵبژاردن نەخشەی ناو پەرلەمان بگۆڕێت، وەکوو چۆن پێشتر گۆڕان ۲۵ کورسی بەدەست هێنا و لایەنەکانی تریش هەریەکەو بەجۆرێک دەنگی هەبوو، بەڵام باوەڕ ناکەم زۆر گۆڕانکاری ڕووبدات، ڕەنگە لیستە تازەکان دەنگ بهێنن، بەڵام ناتوانرێت نەخشەی کوردستان بگۆڕدرێت".
لەبارەی هەوڵەکانی بۆ نێوەنگیری کردنی یەکێتی و پارتی ڕوونیكردهوه، "بە پەیام و نامەو قسەکردن هەوڵی کۆبوونەوەماندا لە نێوان یەکێتی و پارتی، دواجاریش کاک مەسعوودم بینی لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکان بوو لە ڕێگەی گفتوگۆوە، هیچ لایەکیشیان دژی گفتوگۆ نین، بەڵام هێشتا مەسەلەکە ماوە".
ئەو وتیشی، "یەکێتی و پارتی تا ئێستا شەریکن لە حکوومەت، شەریکن لە پێشمەرگە و وەزارەتەکان، شەریکن لەو پارەیەی لە ئەمریکا وەردەگیرێت، شەریکن لە گومرگ و پەیوەندییەکان، باوەڕ ناکەم کێشەکان بگەنە ئەو ئاستەی شتی خراپ ڕووبدات، چوونکە بەرژەوەندییەکان ئەوەندە گەورەن هیچ لایەک بیر لە کێشە ناکاتەوە، ململانێ لە پێش هەڵبژاردن ڕوودەدات، بەڵام دوای هەڵبژاردن ناچارن پێکەوە گفتوگۆ بکەن".
Your Comment