کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نایاسایی بووە

ڕاکان  جبووری دەڵێت، کۆبوونەوەکەی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نایاسایی بووە و لەوبارەوە ڕێکاری یاسایی دەگرنەبەر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شەوی رابردوو، ۹ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە پێکهاتبوون لە ۵ ئەندامی یەکێتی، ئەندامێکی کریستیان و ۳ ئەندامی عەرەب لە بەغدا کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە پارێزگار و محەممەد حافز لە نەتەوەی عەرەب بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

ڕاکان  جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هاوپەیمانیی عەرەبی لەبارەی کۆبوونەوەکە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و لەو پەیامەدا زیاتر ڕووی لە عەرەبی کەرکووکە و دەڵێت: "۸ مانگە هەوڵ دەدەین شایستەی خۆمان بەدەستبهێنن و سازشمان نەکردووە. ئەوەی کرا ۸ مانگ لەمەوبەریش پێشکێشمان کرا. دەستکەوتەکان کە بە خوێن و قوربانی بەدیهاتوون، بە دەستکەوتی کەسی بەخشران".

ئەو ئەندامە عەرەبانەی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون بریتین لە ڕەعد ساڵح، محەممەد حافز و زاهر عاسی.

ڕاکان  جبووری دەڵێت: "ئەو دانیشتنەی کە تێیدا شایستەی خەڵکەکەمان لەلایەن بەشێک لە نوێنەرەکانییەوە دزرا، بە رێگەیەکی یاسایی نەکراوە و داواکاریی ئامادەکارییش پێشکێش بە سەرۆکی بەتەمەن نەکراوە، بەڵکو یەک لیست لە رۆژی پشوودا داوای کۆبوونەوەی کردووە".

ڕاکان  جبووری دەڵێ، شوێنێک بۆ کۆبوونەوە لە دەرەوەی پارێزگاکە دەستنیشان کرا، لە کاتێکدا هیچ رێگرییەکی ئەمنی و یاسایی نەبوو کە دانیشتنەکە لە پارێزگای کەرکووک بکرێ، هەروەک چۆن دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگا کرا.

باس لەوەش دەکات، تورکمان وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە شارەکەدا پەراوێزخراوە، ئەوە لە کاتێکدایە نابێ هیچ حکوومەتێک بێ ئەوان پێکبهێندرێت.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دەڵێت: "دوو کاژێر پێش کۆبوونەوەکە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشمان بڵاو کردەوە و هەمووان بەڵێنیاندا بێ سازانی هەموو ئەندامان، بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک نەکەن. بەشداریکردنیان ناپاکییە لە خەڵکەکە و خوێنی شەهیدانیان. هەمووان سەریان سووڕما، کاتێک زانرا ئەوان رێککەوتنی شاراوەیان بێ ئاگادارکردنەوە کردووە".

News Code 223926

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha