سەرەڕای بوونی هەندێک کێشە، کۆنفرانسی ناوخۆیی پارتی دیموکرات بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی پێشووی هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری سلێمانی لەبارەی هەڵبژاردن و کۆنفرانسی ناوخۆیی حزبەکەی بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: کۆنفرانسی ناوخۆیی پارتی دیموکرات لە تەواوی ئۆرگانەکان بەڕێوەچوو، هەڵبەت سروشتیە کە لەم پڕۆسە دیموکراسیەشدا خەڵکێک هەیە کە دڵگران ئەبێت بەڵام خۆشبەختانە زۆر بەسەرکەوتوویی کۆتایی بە کۆنفرانسەکە هات.

کوردپرێس:

کۆنفرانسی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەستنیشان کردنی بەرپرسی هەموو ئۆرگانەکان لە بنکەوە تاکوو مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان بەڕێوە چوو و ماوەی دوو هەفتەیە کە دەنگۆیەک لەبارەی هەندێک ناکۆکی لە ئۆرگانەکاندا لەسەر پرسی کۆنفرانسی ناوخۆیی و هەڵبژاردنی ناوخۆی حزب دەبیسرێت.

ڕزگار ئەژی گۆران ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی پێشووی هەڵبژاردنەکانی ئەم حزبە لە سنووری سلێمانی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپربێسدا دڵگرانیی ژماریەک لە ئەندامان و کێشەی تەکنیکی لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە ناوخۆییەکەی پارتیدا پشتڕاست کردەوە و وتی: درووس لە دوای کۆنگرەی چواردە دەبوایە ئەو کۆنفرانسە بکرێت، بەداخەوە بەهۆی هەندێک ئیشکالاتی تەکنیکییەوە کۆنفرانسەکە دوا کەوت لەبەر ئەوەی کە هەر خۆدی کۆنگرەش دوا کەوتبوو ئەوەش لەسەر کار و چالاکیی ڕۆژانە کۆمەڵێک بارستایی دروست کردبوو؛ بۆیە دەبوایە ئەو بارستاییە تۆزێک سووک بکرێتە بۆ ئەوەی زەمینە بڕەخسێت و گونجاو بێت بۆ کۆنفرانسەکە.

ناوبراو وتیشی: کۆنفرانسەکە لە تەواوی ئۆرگانەکانی پارتی، لە بنکەوە تاکوو مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان (کە پێشتر ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارێزگاکان بوو) ئەنجام درا. تەواو ئۆرگانەکان هەڵبژاردنی بۆ کرا هەڵبەتە لەم پڕۆسە دیموکراسیەشدا خەڵکێک هەر لالووت ئەبێت یان دڵگران ئەبێت بەڵام خۆشبەختانە سوپاس بۆ خودا و ئەو هەڤاڵانەی کە هاوکارمان بوون زۆر بەسەرکەوتوویی کۆتایی بە کۆنفرانسەکە هات.

ڕزگار ئەژی گۆران ئاشکراشی کرد: هەر لەم ڕۆژانەشدا "جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی" خۆی جگە لە پیرۆزبایی لە سەرکەوتووەکان باوەشی سۆز و باوکایەتیی خۆی ئەکاتەوە بۆ ئەوانەش کە دەرنەچوون یان خۆیان هەڵنەبژاردۆتەوە و یەکە بە یەکە دیداریان لەگەڵ ئەکات و دڵنەوایشیان ئەکات. هەموو ئەوانەش کە دەنەچوون یان خۆیان هەڵنەبژاردۆتەوە کوڕ و کچی پارتی دیموکراتی کوردستانن و بە ڕۆحیانەتی بارزانی سوێند دەخۆن و پەیمان بۆ ڕێبازی بارزانی دووپات ئەکەنەوە و لەسەر پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی بەردەوام ئەبن بۆ خزمەت کردنی زیاتری دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان.

News Code 223793

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha