لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا حزبەكان پێشبینی چەند كورسی بۆخۆیان دەكەن؟

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ۲۰ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۴ی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە، ئەم جارە تەواوی حزبەکانی کوردستان بەشداری تێدا دەکەن، لە ئێستاوە حزبەکان راپرسی نهێنی و بۆچوونی ناوخۆیان وەرگرتووە لەسەر پێگەو رێژەی کورسی و ژمارەی دەنگەکانیان.

کوردپرێس:

بەهۆی ئامادەکاری پێشوو بۆ رۆژی ۱۰ی حوزەیران، حزبەکان پێگەو سەنگی خۆیان بۆ دەرکەوتووە و بەهۆی ئەو راپرسیانەی لەناوخۆدا کردوویانە جۆرێک بەرچاویان روون بووتەوە بۆ ئەو دەنگ و کورسیانەی بەدەستی دەهێنن، درەو گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسی حزبەکاندا کردووە و پێشبینی ئەوان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەی ئەو کورسیانەی بەدەستی دەهێنن.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە هەڵبژارنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نیازە نزیکەی (۱۰) کورسی بەدەستبهێنێت و پێیان وایە دەنگەکانیان زیاد دەکات.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (۱۰۸) هەزار دەنگی بەدەست هێناوە و چوار کورسی پەرلەمانی عێراقیان مسۆگەر کردووە.

بە پێی وتەی بەرپرسانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە لە هەڵبژاردنی رابردوو لە دهۆک زیاتر لە (۸۱) هەزار دەنگی بەدەستهێناوەو پێیان وایە دەنگەکانیان زیاد دەکات و زیاتر لە (۵-۶) کورسی بەدەستدەهێنن و لە سلێمانی (۳) کورسی و لە هەڵەبجە (۱) کورسی و لە هەولێر ئەگەری بەدەستهێنانی (۱) کورسی هەیە، بۆیە کۆی کورسیەکانیان نزیک دەبێتەوە لە (۱۰) کورسی.

بزووتنەوەی گۆڕان

بزووتنەوەی گۆڕان لە دواین هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنیا (۲۲) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ۲۰۱۸ی پەرلەمانی کوردستان (۱۸۷) هەزار دەنگیان بەدەستهێنا، بزووتنەوەی گۆڕان چاوی لەوەیە بۆ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان (۵) کورسی بەدەست دەهێنن، لە سلێمانی (۳) کورسی و لە هەولێر (۲) کورسی.

کۆمەڵی دادگەری کوردستان

کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (۶۴) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە لەکاتێکدا یەک کورسی پەرلەمانی عێراقیان بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ۲۰۱۸ی پەرلەمانی کوردستان (۱۰۹) هەزار دەنگیان بەدەست هێنابوو (۷) کورسی پەرلەمانیان هەبوو، بەپێی ئەوەی (درەو) گفتوگۆی لەگەڵ کردوون کۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان (۶ - ۷) کورسی بەدەست دەهێنن، بەجۆرێک لە سلێمانی (۳) کورسی لە هەولێر (۳) کورسی و لە هەڵەبجە کورسیەک.

جووڵانەوەی نەوەی نوێ

جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (۲۰۴) هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە و لە هەڵبژاردنی ۲۰۱۸ی پەرلەمانی کوردستاندا (۱۲۷) هەار دەنگیان بەدەستهێنابوو، (درەو) قسەی لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسان و نزیکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێکرد، ئەوان پێیان وایە دەنگەکانیان هێندە یاد دەکات دەبنە موفاجەئەی هەڵبژاردەنی ۲۰ی ئۆکتۆبەری داهاتوو، ئەوان پێیان وایە دەنگەکانی پێشوویان بەشی (۱۸) کورسیە، بەڵام تموحی (۲۵) کورسیان هەیە، جووڵانەوەی نەوەی نوێ چاوی لەوەیە کورسیەکی هەڵەبجە و (۱۲) کورسی سلێمانی و (۹) کورسی هەولێر و (۳) کورسی دهۆک بەدەست بهێنێت.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (۲۱۵) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە ، بەڵام لە هەڵبژاردنی ۲۰۱۸ی پەرلەمانی کوردستان (۳۱۹) هەزار دەنگیان بەدەستهێنابوو (۲۱) کورسی پەرلەمانیان هەبوو،  بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی پێیان وایە ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەکێتی هەڵبژاردنی راستکردنەوەی هاوسەنگیەو (۲۶ - ۲۸) کورسی بەدەستدەهێنن، بەجۆرێک کاریان لەسەر هەموو لایەنگر و ئەوانە کردووە لە یەکێتیدا کار دەکەن و پۆستیان وەرگرتووەو سودمەندبوون و لە هێزی ئەمنیان، ئەوان بە نیازن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زیاتر لە (۳۵۰) هەزار دەنگ مسۆگەر بکەن (۲۶ - ۲۸) کورسی بەرنەوە.

بەجۆرێک لە سلێمانی (۱۵ - ۱۶) کورسی و لە هەڵەبجە (۱) کورسی و لە هەولێر (۶ -۷) کورسی و لە دهۆکیش (۲-۳) کورسی.

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (۵۷۹) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ۲۰۱۸ی پەرلەمانی کوردستان (۶۸۸) هەزار دەنگیان بەدەستهێنابوو (۴۵) کورسی پەرلەمانیان هەبوو، (درەو) قسەی لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی پارتی کرد ئەوان پێیان وایە کورسیەکانی پارتی نەک هەر کەم ناکات بەڵکوو زیادیش دەکات بەجۆرێک (۴۶ - ۴۷) کورسی بەدەست دەهێنن.

ئەو بەرپرسانەی پارتی دەڵێن، پارتی دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێک کردووە بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بهێنێت و لایەنگرانی خۆی ئاشت بکاتەوە، کە پارتی خاوەنی نزیکەی (۷۰۰) هەزار ئەندام و لایەنگرە، ئەگەر تەنیا ئەندام و لایەنگرانی دەنگی پێبدەن زیاتر لە (۴۵) کورسی دەکات.

بۆیە پارتی چاوی لەوەیە لە سلێمانی (۴- ۵) کورسی و لە هەڵەبجە (۱) کورسی و لە هەولێر (۱۹ -۲۰) کورسی و لە دهۆکیش (۱۹ -۲۰) کورسی بەدەستبهێنێت.

هەڵوێستی نیشتمانی

ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی کە عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆکایەتی دەکات، پێیان وایە نزیکەی (۱۰) کورسی پەرلەمانی کوردستان بەدەست دەهێنن، چوونکە خەڵکی بێزارە لە حزبە باڵادەستەکانی کوردستان.

بەرەی گەل

بەرەی گەل کە لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی سەرۆکایەتی دەکات پێیان وایە (۱۲ - ۱۵) کورسی پەرلەمانی کوردستان بەدەست دەهێنن، ئەوان چاویان لە دەنی ناڕازی کوردستان و بنکەی ناڕازی ناو یەکێتیە.

هاوپەیمانی کوردستانی

هاوپەیمانی کوردستان لە (حزبی شیووعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان) پێکهاتووە و محەمەد حاجی مەحموود سەرۆکایەتی دەکات، ئەو سێ حزبە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیان بۆ سۆسیال دیموکرات داناوە و پارێزگای هەولێر بۆ حزبی شیووعی و پارێزگای دهۆک بۆ زەحمەتکێشان دانراوە، چاویان لە دوو کورسیە، کورسیەک لە سلێمانی و کورسیەک لە هەولێر.

هاوپەیمانی سەردەم

هاوپەیمانی سەردەم لە (پارتی پارێزگارانی کوردستان بە سەرۆکایەتی نەجات عومەر سوورچی، پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان بەسەرۆکایەتی باپیر کامەلا، یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی غەفور مەخمووری) پێکهێندراوە و عەبدوڵا حاجی مەحموود سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکەیە و چاویان لە کورسیەکی هەولێرە.

ئەگەر خوێندنەوە بۆ دۆخی حزبەکان و ژمارەی دەنگ و پێگەیان بکرێت، ڕەنگە ژمارەی ئەو کورسیانەی حزبەکان بۆخۆیانی دادەنێن، کە نزیکەی (۱۵۰)کورسیە لەکۆی (۹۵) کورسی پەرلەمان بگۆڕێت، بەڵام ئەم راپۆرتە تەنیا تایبەتە بە بۆچۆنی حزبەکان خۆیان و بە بێ شیکاری و لێکدانەوەی دۆخی ئێستای حزبەکان و پێگە و ئاستی جەماوەری و دۆخی ژیانی و گوزەرانی هاوڵاتیان.

News Code 223725

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha