گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان؛ لە ڕێگەی پەرلەمانی، شۆڕش و ڕاپەڕین یان کودەتا؟

بەگوێرەی ڕاپرسیەکی پلاتفۆڕمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان، نیوەی خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە باوەڕیان بە ڕێگەی پەرلەمانی هەیە بۆ گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ۶۷% خەڵکی هەولێر و ۷۶%ی خەڵکی دهۆک باوەڕیان بەو ڕیگەیە هەیە بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانکاری.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پلاتفۆڕمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە په‌یامنێری خەندان ئامادەی بو، لەشاری سلێمانی ئەنجامی ڕاپرسیەکی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی راپرسیه‌که‌ش که‌ بە هەردوو شێوازی ئۆنلاین و ڕووبەڕوو ئه‌نجامدراوه‌، ۱۸ هەزار و ۴۵۶ کەس لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە بەشداریان تێداکردووە.

ڕێگەی گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە تەوەرە سەرەکیەکانی ڕاپرسیەکە و بەگوێرەی ئەنجامەکانیش، تەنها ۴۹%ی خەڵکی هەڵەبجە باوەڕیان بە ڕێگەی پەرلەمانی هەیە بۆ گۆڕانکاری لەبەرامبەردا ۵۳%ی خەڵکی سلێمانی باوەڕیان بەو ڕێگەیە هەیە، هەروەها ۶۷%ی خەڵکی هەولێر و ۷۳%ی خەڵکی دهۆک باوەڕیان بەڕێگەی پەرلەمانی هەیە بۆ گۆڕانکاری.

بەگوێرەی ڕاپرسیەکە، تەنها ۴%ی خەڵکی دهۆک و سلێمانی باوەڕیان بەخەباتی مەدەنی هەیە وەک ڕێگەیەکی گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستاندا، لەبەرامبەردا ۸%ی خەڵکی هەڵەبجە و ۹%ی خەڵکی هەولێر باوەڕیان بە خەباتی مەدەنی هەیە.

لەبارەی شۆڕش و ڕاپەڕین وەک ڕێگەیەکی گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان، زۆرترین کەس لە بەشداربوانی هەڵەبجە باوەڕیان بە شۆڕش و ڕاپەڕین هەیە کە ۲۹%، دوای ئەویش ۲۳%ی خەڵکی سلێمانی باوەڕیان بەو ڕێگەیە هەیە، لەبەرامبەردا ۱۴%ی خەڵکی هەولێر و ۷%ی خەڵکی دهۆک باوەڕیان بە شۆڕش و ڕاپەڕین هەیە وەک ڕێگەیە بۆ گۆڕانکاری.

بەگوێرەی ڕاپرسیەکە زۆرترین کەس لە دهۆک به‌راورد به‌ ناوچه‌ جیاجیاکانی هه‌رێم باوەڕی بە کودەتای سەربازی هەیە بۆ گۆڕانکاری و ۵%ی خەڵکی دهۆک باوەڕیان بەو ڕێگەیە هەیە، دوای ئەویش ۴%ی هەڵەبجەییەکانە، هەروەها ۳%ی خەڵکی شارەکانی سلێمانی و هەولێر باوەڕیان بە گۆڕانکاری هەیە لە ڕێگەی کودەتاوە.

News Code 224231

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha