پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بۆ مانگی ئۆکتۆبەر رێککەوتن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری باس لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات، کە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و دواخستنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت بە رێککەوتنی یەکێتی و پارتی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە وتارێکدا ئاسۆ حاجی یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم باس لە خاڵەکانی ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات کە بریتین لە:

۱- بەردەوامیی ناردنی مووچە.

۲- دەست پێکردنەوەی هەناردکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە.

۳- دواخستنی هەڵبژاردن بە ڕێکەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆ مانگی ئۆکتۆبەر.

۴- سەرپەرشتی کردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن یۆنامی. هەولێر ناوەندی بڕیاردان بێت نەک بەغدا. ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان سکالاکان یەکلایی بکاتەوە و بڕیار لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدات.

۵- کارکردن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەی کورسی کۆتاکان.

۶- دامەزراندنی ئەنجوومەنێک لە نێوان هەردوولا بۆ زوو ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کێشەکان و هەوڵدان بۆ زوو چارەسەرکردنیان.

ئەوانە دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتەیە، کە لە ماوەی ڕابردوو مەسرور بارزانی پەیڕەوی کرد و سەرکەوتوو بوو لەوەی جارێکی دیکە پرسی عێڕاق بخاتەوە سەر مێزی گرنگیدانی وڵاتانی کاریگەری وەک ئەمریکا، کە تێیدا پرسی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان وەک کێشەیەکی جدی و جێگای گرنگی پێدانی گەورە ئامادەیی هەیە. لە دوای شەڕی ئیسڕائیل و حەماس ئەوە بۆ ئەمەریکا و ئەورووپا ڕوونبۆوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر بەبایەخترین و هەستیارترین جوگرافیاییە و دەبێ لە سەرلیستی گرنگی پێدانیان بمێنێتەوە، پرسی کورد و بەهێز مانەوەی قەوارەی دەستوری کوردستان کڕۆکی سەر لەنوێ گرنگیدانیان بێت.

ئەوەی جێی گومانە ئەوەیە، پەیوەندی عێڕاق لەگەڵ ئێران ستراتیژییە و پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا تەکتیکیە. بۆیە تەنها بەردەوامی فشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خۆڕاگری و سازش نەکردنی کوردستان دەتوانن دۆخەکە بەو هاوسەنگیە بهێڵنەوە، ئەوەش بەر لە هەموو شتێک پێویستی بە کۆبوونەوەی هەموو لایەنە کوردستانیەکانە لە دەورەی سیاسەت و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مامەڵەکردنی لەگەڵ بەغدا دا، نەوەک هەر لایەک و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی خۆی فڕێبداتەوە باوەشی بەغدا.

News Code 223329

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha