بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە وتارێکدا ئاسۆ حاجی یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم باس لە خاڵەکانی ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات کە بریتین لە:
۱- بەردەوامیی ناردنی مووچە.
۲- دەست پێکردنەوەی هەناردکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە.
۳- دواخستنی هەڵبژاردن بە ڕێکەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆ مانگی ئۆکتۆبەر.
۴- سەرپەرشتی کردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن یۆنامی. هەولێر ناوەندی بڕیاردان بێت نەک بەغدا. ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان سکالاکان یەکلایی بکاتەوە و بڕیار لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدات.
۵- کارکردن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەی کورسی کۆتاکان.
۶- دامەزراندنی ئەنجوومەنێک لە نێوان هەردوولا بۆ زوو ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کێشەکان و هەوڵدان بۆ زوو چارەسەرکردنیان.
ئەوانە دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتەیە، کە لە ماوەی ڕابردوو مەسرور بارزانی پەیڕەوی کرد و سەرکەوتوو بوو لەوەی جارێکی دیکە پرسی عێڕاق بخاتەوە سەر مێزی گرنگیدانی وڵاتانی کاریگەری وەک ئەمریکا، کە تێیدا پرسی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان وەک کێشەیەکی جدی و جێگای گرنگی پێدانی گەورە ئامادەیی هەیە. لە دوای شەڕی ئیسڕائیل و حەماس ئەوە بۆ ئەمەریکا و ئەورووپا ڕوونبۆوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر بەبایەخترین و هەستیارترین جوگرافیاییە و دەبێ لە سەرلیستی گرنگی پێدانیان بمێنێتەوە، پرسی کورد و بەهێز مانەوەی قەوارەی دەستوری کوردستان کڕۆکی سەر لەنوێ گرنگیدانیان بێت.
ئەوەی جێی گومانە ئەوەیە، پەیوەندی عێڕاق لەگەڵ ئێران ستراتیژییە و پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا تەکتیکیە. بۆیە تەنها بەردەوامی فشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خۆڕاگری و سازش نەکردنی کوردستان دەتوانن دۆخەکە بەو هاوسەنگیە بهێڵنەوە، ئەوەش بەر لە هەموو شتێک پێویستی بە کۆبوونەوەی هەموو لایەنە کوردستانیەکانە لە دەورەی سیاسەت و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مامەڵەکردنی لەگەڵ بەغدا دا، نەوەک هەر لایەک و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی خۆی فڕێبداتەوە باوەشی بەغدا.
Your Comment