بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەرچەندە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕووی یاسایی و بەپێی دەستووری عێراق قەوارەیەکی سیاسیی یەکگرتووە و خاوەنی یەک ئاڵا و یەک پێکهاتەی حکومڕانییە، بەڵام لە واقیعدا، ساڵانێکە بۆ دوو ناوچەی دەسەڵاتی جیاواز دابەش بووە. نزیکەی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا تێپەڕیوە، بەڵام پارتە سەرەکییەکان هێشتا نەماونەتەوە سەر کێشانی هێڵێک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، و ئەو کابینەیەی کە لە ساڵی ۲۰۱۹ـەوە بە شێوەی کاربەڕێکەر کاروباری هەرێم بەڕێوە دەبات، هێشتا لەسەر کارە.
لە ڕاستیدا، هەرێم لە ئێستادا لە جیاتی یەک حکوومەت، دوو ناوەندی بڕیاری هەیە؛ چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر و دهۆک حکومڕانی دەکات، و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنترۆڵی سلێمانی و بەشێک لە کەرکووک و پارێزگای هەولێری لەدەستدایە. بەپێی شیکارییەکەی "نەشناڵ کۆنتێکست"، لایەنە سەرەکییەکانی ناوچەکە و جیهانیش لەسەر بنەمای ئەم واقیعە مامەڵە دەکەن. ئەمریکا، تورکیا و بەغدا چیتر تەنیا لە ڕوانگەی حکوومەتێکی یەکگرتووەوە سەیری هەرێم ناکەن، بەڵکوو لەگەڵ هەر یەک لەم دوو پارتە وەک لایەنێکی سەربەخۆ دەست بە گفتوگۆ دەکەن. بایەخی هەر یەکێک لەم دوو جەمسەرەش زیاتر لە هەر شتێک بەستراوەتەوە بە دوو دۆسیەی گرنگەوە: وزە و پەکەکە.
لە کەرتی وزەدا: نەوت لای پارتی و گاز لای یەکێتی
دابەشبوونی جوگرافیی سەرچاوەکانی وزە، بە تەواوی لەگەڵ دابەشبوونی سیاسیی دەسەڵاتدا یەک دەگرێتەوە. زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بۆریی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جیهانی تورکیا و دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، هەموویان لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدان؛ ئەمەش وەک خاڵێکی بەهێز، لە سێ دەیەی ڕابردوودا ئەم پارتەی کردووە بە گرنگترین هاوبەشی ئابووریی تورکیا.
لە بەرامبەردا، نزیکەی تەواوی یەدەگی گرنگی گازی سروشتیی هەرێم کەوتووەتە ژێر ڕکێفی یەکێتییەوە. کێڵگەی گەورەی کۆرمۆر دوای تەواوبوونی پڕۆژەی گەشەپێدانی KM۲۵۰ لە ساڵی ۲۰۲۵دا، توانای پاڵاوتنی خۆی گەیاندووەتە نزیکەی ۷۵۰ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، و لە ئێستاشدا بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نزیکەی ۷۰۰ ملیۆن پێ سێجایە. هەروەها هێڵی گواستنەوەی گازی ئەم کێڵگەیە بۆ وێستگەی کارەبای سلێمانی تەواو بووە، و بڕیاریشە کێڵگەی چەمچەماڵ لە نیوەی دووەمی ساڵی ۲۰۲۷ـەوە، ڕۆژانە تا ۱۴۲ ملیۆن پێ سێجا گاز پێشکەشی بەکاربەرە پیشەسازییەکان بکات.
گرنگیی ئەم ناوچەیە تەنیا لە بەرهەمهێنانی ئێستایدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکوو دوو گرێبەستی گەورەی وزەی عێراق لە سنووری دەسەڵاتی یەکێتیدا واژۆ کراون؛ لەوانە گرێبەستی ۴۰ ملیار دۆلاری بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی میران و گرێبەستی ۷۰ ملیار دۆلاری بۆ گەشەپێدانی بلۆکەکانی تۆپخانە-کوردەمیر، کە هەردووکیان لە ساڵی ۲۰۲۵دا لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا ئیمزا کران.
بۆچی لە ئێستادا گاز لە نەوت گرنگترە؟
شیکارییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرچەندە نەوت هێشتا سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی هەرێمە، بەڵام لە هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەمڕۆدا، گاز گرنگییەکی زیاتری پەیدا کردووە. لە ئێستادا نزیکەی سێیەکی کارەبای عێراق بە گازی هاوردەکراو بەرهەم دێت؛ ئەمەش بووەتە هۆکارێکی گوشار بۆ سەر بەغدا. گەشەپێدانی هەناردەی گازی هەرێم، بەتایبەت لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتیدان، دەتوانێت ئەم پشتبەستنە کەم بکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، گرێبەستی هاوردەکردنی ساڵانەی ۹.۶ ملیار مەتر سێجا گازی تورکیا لە لێواری کۆتاییهاتندایە. بەم هۆیەوە، زۆرێک لە چاودێران هەناردەکردنی گازی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە، وەک بنەمایەک بۆ دروستبوونی هاوکارییەکی درێژخایەن لە نێوان ئەنقەرە و یەکێتیدا دەبینن. بە واتایەکی تر، ئەگەر نەوتی پارتی بۆ دابینکردنی بودجە گرنگ بێت، ئەوا گازی یەکێتی بووەتە یەکێک لە ئامرازەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژی هاوبەشی ئەمریکا، تورکیا و عێراق بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری و پشتبەستنی دەرەکی.
پاشەکشەی بایەخی دەروازە سنوورییەکەی پارتی
هاوشانی ئەم گۆڕانکارییانە، پێگەی مێژوویی پارتی لە کۆنترۆڵکردنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلدا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. دوای ڕووخانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد، ڕێگەیەکی وشکانیی نوێ لە نێوان عێراق و تورکیادا لە ڕێگەی خاکی سووریاوە کراوەتەوە کە هەم کورتترە و هەم تێچووی کەمترە لە ڕێگەی سەرەکیی هەرێم. یەکەم کاروانی بازرگانی لەم ڕێگەیەوە لە مانگی ئایاردا تێپەڕی، و لە ئێستاشدا پرۆژەی دروستکردنی هێڵی ئاسن لە نسیبین، قامیشلۆ، ڕەبیعە و مووسڵ لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە. هاوکات بەغدا دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ گونجاندنی پڕۆژەی دروستکردنی هێڵە نوێیەکانی بۆری گواستنەوە لە بەسرەوە بەرەو کەناراوەکانی تورکیا و سووریا. لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانەدا، گرنگیی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل وەک تەنیا ڕێگەی ستراتیژی نێوان عێراق و تورکیا کەم دەبێتەوە.
دۆسیەی پەکەکە؛ گۆڕانکاری گەورە لە نرخاندنی دوو پارتەکەدا
دووەم گۆڕاوی یەکلاکەرەوە، پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکەیە. لە دەیەکانی ڕابردوودا، کاتێک سیاسەتی تورکیا لەسەر بنەمای شەڕ دژی پەکەکە داڕژابوو، پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگترین هاوبەشی ناوخۆیی ئەنقەرە بوو. ئەم پارتە هەم نەیاری مێژوویی پەکەکە بوو، هەم باڵادەست بوو بەسەر ئەو ناوچانەی کە لە چیای قەندیلەوە نزیکن، و هەم لە هاوکارییە ئەمنییەکان لەگەڵ تورکیادا ڕۆڵێکی بەرچاوی دەگێڕا.
لە بەرامبەردا، پەیوەندییە نێزیکەکانی یەکێتی لەگەڵ پەکەکە هەمیشە بۆ تورکیا سەرئێشەیەکی ئەمنی بوو. تەنانەت ئەنقەرە بۆ ماوەیەک ئاسمانی سلێمانیی داخست و نوێنەرایەتی یەکێتی لە تورکیا هێنایە پێش دەرگا و داخی کرد.
بەڵام دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، ئەم هاوکێشەیەی پێچەوانە کردووەتەوە. ئێستا تورکیا زیاتر لە هاوبەشێکی سەربازی، پێویستی بە لایەنێکە کە بتوانێت پردی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا دروست بکات. لەم دۆخەدا، هەمان نزیکایەتیی یەکێتی لەگەڵ پەکەکە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک خاڵی لاوازی سەیر دەکرا، گۆڕاوە بۆ خاڵی هێز. بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی هێماین بۆ داماڵینی چەکی پەکەکە لە نزیک سلێمانی، کردنەوەی نووسینگەی پێدانی ڤیزای تورکیا لەم شارەدا، و کەوتنی یەکێتی لە چەقی سێگۆشەی پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تورکیا، هەموویان نیشانەی ئەم گۆڕانکارییەن. لە بەرامبەردا، هەرچەندە پرۆسەی ئاشتی بچێتە پێشەوە، بایەخی ڕۆڵی نەریتیی پارتی وەک هاوبەشێکی دژە پەکەکە ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات.
پەیوەندی لەگەڵ بەغدا؛ دوو ڕوانگەی جیاواز
شیکاریی ئەم گۆڤارە جیاوازییەکی گرنگی دیکەی نێوان ئەم دوو پارتە دەردەخات کە ئەویش شێوازی مامەڵەکردنیانە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراقدا. بەپێی ئەم شیکارییە، ستراتیژی هاوبەشی ئەمریکا و تورکیا لە ئێستادا زیاتر پشتگیری لەو لایەنانە دەکات کە لە چوارچێوەی پێکهاتە فەرمییەکانی حکوومەتی عێراقدا کار دەکەن، و یەکێتی باشتر لە پارتی خۆی لەگەڵ ئەم مۆدێلەدا گونجاندووە.
یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی لەدەستدایە. گرنگترین هێزی دژە تیرۆری سەر بەم پارتەش لە ژێر چەتری یاسایی دەزگای دژە تیرۆری عێراقدا کار دەکات، هەرچەندە بودجەکەی ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت. هەروەها سەرکردەکانی یەکێتی پڕۆژە گازییەکانی خۆیان نەک وەک بەرژەوەندیی حزبی، بەڵکوو وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانی وزەی تەواوی عێراق دەخەنە ڕوو؛ ئەم گێڕانەوەیەش هەم بۆ بەغدا و هەم بۆ واشنتۆن سەرنجڕاکێشە.
لە بەرامبەردا، پارتی لە ساڵانی ڕابردوودا جەختی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربەخۆکانی دەرەوە کردووەتەوە. وەبەرهێنانی زیاتر لە ۳.۳ ملیار دۆلاری ئیمارات لە هەرێم، بوونی زیاتر لە ۱۲۰ کۆمپانیای ئیماراتی، دیدارە بەردەوامەکانی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ محەمەد بن زاید و دەستنیشانکردنی نوێنەری تایبەتی ئابووریی ئیمارات بۆ هەرێمی کوردستان، هەموویان نیشاندەری هەوڵی ئەم پارتەن بۆ دروستکردنی تەوەرێکی سەربەخۆ لە بەغدا.
پێچەوانەبوونەوەی ڕۆڵی مێژوویی یەکێتی
خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە یەکێتی، بە پێچەوانەی ڕابردووەوە، ئێستا بووەتە میوانداری گەورەترین وەبەرهێنانی وزەی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە گازی دەرەکی. بە گوتەی نووسەر، ئەم گۆڕانکارییە ڕێکەوت نییە. هەندێک لە شیکارانی ئەمریکی پێیان وایە هەڵبژاردنی سلێمانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە چەند دە ملیار دۆلارییەکانی وزە، خۆی بەشێکە لە ستراتیژی واشنتۆن بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هەژموون و کاریگەری لە باکووری عێراقدا.
ئایا یەکێتی جێگەی پارتی گرتووەتەوە؟
شیکارییەکە لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە تێگەیشتنی لەم شێوەیە دروست نییە؛ چونکە پارتی هێشتا کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم، ڕێگەی نەریتیی بازرگانی لەگەڵ تورکیا و تۆڕی بەرفراوانی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بنەماڵەی بارزانی لەدەستدایە، و زۆربەی شاندە دەرەکییەکان هێشتا سەرەتا سەردانی هەولێر دەکەن. لە لایەکی دیکەشەوە، پێگەی یەکێتی تەنیا لە سلێمانیدا قەتیس نەبووە و ئەم پارتە لە کەرکووکدا لە واقیعدا گرنگترین لایەنی کوردی ئەژمار دەکرێت.
بۆچی هێزە دەرەکییەکان پێشوازی لە بەردەوامیی دوو ناوەندی دەسەڵات دەکەن؟
بە بڕوای نووسەر، ئەمریکا، تورکیا و بەغدا نەک هەر لە بوونی دوو چەقی دەسەڵات بێزار نین، بەڵکوو ئەوە وەک دەستکەوتێکی ستراتیژی دەبینن. بوونی دوو پارتی ڕکابەر وای کردووە کە هیچ کامیان نەتوانێت بە تەنیا کۆنترۆڵی تەواوی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، ڕێڕەوە بازرگانییەکان یان بڕیارە ستراتیژییەکانی هەرێم بگرێتە دەست. هەردوو پارت هەمیشە وەک کێشێکی هاوسەنگکەر لە بەرامبەر ئەوی دیکەدا کار دەکەن و ئەمەش ڕێگرە لەوەی هەر لایەک ببێتە کارەکتەرێکی بێ جێگرەوە.
ئەمڕۆ دوو پارتی سەرەکیی کوردستانی عێراق، دوو ستراتیژی جیاواز پەیڕەو دەکەن. پارتی هێشتا پشت بە خۆسەریی زیاتر، پشتبەستن بە تۆڕی پەیوەندییە دەرەکییە سەربەخۆکان، کۆنترۆڵکردنی نەوت و پاراستنی پێگەی مێژوویی خۆی دەبەستێت. لە بەرامبەردا، یەکێتی وەبەرهێنان لەسەر تێکەڵبوونی زیاتر لە ناو پێکهاتەی حکوومەتی عێراق، هاوکاری لەگەڵ پرۆسەی ئاشتیی تورکیا و سوودوەرگرتن لە توانای گاز بۆ پێشخستنی ئامانجە هاوبەشەکانی بەغدا، ئەنقەرە و واشنتۆن دەکات.
بە پێی بۆچوونی نووسەر، لە ڕێکخستنی نوێی ناوچەکەدا کە زیاتر لە ڕابردوو لەسەر بنەمای پەیوەندی ئابووری، هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی و کەمکردنەوەی گرژییە ئەمنییەکان داڕژاوە، ڕێبازی دووەم لەم قۆناغەدا دەستی باڵای هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، نە پارتی لە هاوکێشەکان سڕدراوەتەوە و نە یەکێتی جێگەی گرتووەتەوە؛ بەڵکوو هەردووکیان بە شێوازی جیاواز بوونەتە لایەنی پێویست و حەتمی بۆ هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.
Your Comment