لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئیمامی شەهید حەزرەتی ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیە ڕێبەرایەتیکردندا، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە داڕشتنی زۆربەی سیاسەتە گشتییەکانی وڵات و هێنانەگۆڕێی بابەتگەلێکی وەک یەکڕیزی ئیسلامی، سەربەخۆیی، پێشکەوتنی زانستی و شارستانییەتسازی ئیسلامی. لێکۆڵینەوە لەم میراتە، لە ڕوانگەیەکی توێژینەوەوە، بە دەرفەتێک دادەنرێت بۆ ناسینی یەکێک لە کاریگەرترین گوتارە سیاسی و کولتوورییەکانی ئێرانی هاوچەرخ.
یەکێک لە دیارترین ڕەهەندەکانی بیرکردنەوەی ئەو، جەختکردنەوەیە لەسەر یەکڕیزی ئوممەتی ئیسلامی. ئیمامی شەهید ئایەتوڵڵا خامنەیی چەندین جار ڕوونی کردووەتەوە کە نابێت جیاوازییە مەزهەبییەکان ببنە ئامرازی دەستی دوژمنانی ئیسلام بۆ دروستکردنی دووبەرەکی، وە شیعە و سوننە، سەرەڕای جیاوازییە فقهی و کەلامییەکانیان، لە بنەماکانی ئایین، قورئانی پیرۆز، سوننەتی پێغەمبەر، قیبلەی یەکگرتوو و بەها بنەڕەتییەکانی ئیسلامدا هاوبەشن. ئەو هەمیشە جەختی لەسەر ڕێزی لایەنە لە نێوان پەیڕەوانی مەزهەبە ئیسلامییەکان، دوورکەوتنەوە لە بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی یەکتر و بەهێزکردنی پێکەوەژیان و برایەتی ئیسلامی کردووەتەوە.
لە چوارچێوەیەکی ئاوهادا، پشتگیری بەردەوام لە چالاکییەکانی سەرپەرشتیارانی بیرۆکەی پێکەوەژیان و نزیککردنەوەی مەزهەبە ئیسلامییەکان و جەختکردنەوە لەسەر بەرزڕاگرتنی «هەفتەی یەکڕیزی» دەکرێت بە دەرکەوتە عەمەلییەکانی ئەم ڕوانگەیە دابنرێت. هەروەها فەتوا بەناوبانگەکەی ئەو سەبارەت بە حەرامبوونی سوکایەتیکردن بە هاوسەرانی پێغەمبەری ئەکرەم (د.خ) و ئەو پیرۆزییانەی کە جێگەی ڕێزی ئەهلی سوننەن، دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لە جیهانی ئیسلامیدا هەبوو و لە لایەن زۆرێک لە زانایانی موسڵمانەوە وەک هەنگاوێکی کاریگەر لە بەهێزکردنی هاوپشتی ئیسلامی هەڵسەنگێندرا.
لە ڕوانگەی فیکرییەوە، بەرهەم و وتەکانی ئەو لەسەر چەمکگەلێکی وەک دادپەروەری، عیزەت، سەربەخۆیی، دیموکراسی ئاینی، خۆباوەڕی نیشتمانی، پێشکەوتنی زانستی و «شارستانییەتی نوێی ئیسلامی» وەستاون. لەم ڕوانگەیەوە، پێشکەوتنی زانستی، ئەخلاق، مەعنەویەت، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەشداریپێکردنی خەڵک، وەک کۆڵەکە سەرەکییەکانی دروستکردنی کۆمەڵگەی ئیسلامی دەناسرێن. «بەیاننامەی هەنگاوی دووەمی شۆڕش»یش بەم جۆرە ڕوانگەیە، جەخت لەسەر ڕۆڵی گەنجان، زانست، توێژینەوە، مەعنەویەت، دادپەروەری و هیوا بۆ داهاتوو دەکاتەوە.
لە بواری کولتووریدا، گرنگیدان بە قورئانی پیرۆز، بڵاوکردنەوەی کولتووری کتێبخوێندنەوە، پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی فارسی، بەهێزکردنی بنەمای خێزان و پاراستنی ناسنامەی ئیسلامی-ئێرانی، لە تەوەرە نەگۆڕەکانی تێڕوانینەکانی ئەو بوون. لە پاڵ ئەمانەشدا، جەختکردنەوە لەسەر گفتوگۆی بژاردەکان (نوخبەکان)، بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی و پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، بەشێک لەو سیاسەتە کولتووریانە پێکدەهێنن کە ئەو جەختی لێکردوونەتەوە.
لە بواری سیاسەتدا، سەربەخۆیی سیاسی، پاراستنی یەکپارچەیی خاک، بەهێزکردنی توانای زانستی و بەرگری، و پشتگیریکردن لە نەتەوە موسڵمانەکان لە چوارچێوەی سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا، لە گرنگترین ئەو تەوەرانە بوون کە سەرنجیان پێدراوە. لەم ڕوانگەیەوە، سەربەخۆیی وڵات تەنها دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو وەک پێش مەرجێک بۆ پێشکەوتن، ئاسایش و پاراستنی کەرامەتی نیشتمانی سەیر دەکرێت.
لە ڕوانگەی نووسەرەوە، یەکێک لە گرنگترین ڕەهەندەکانی میراتی ئیمامی شەهیدمان ئایەتوڵڵا خامنەیی، گرنگیدانی بەردەوامە بە پێکەوەژیان و نزیککردنەوەی مەزهەبە ئیسلامییەکان و بانگهێشتکردن بۆ هاوگرتنی ئوممەتی ئیسلام. لە بارودۆخێکدا کە جیهانی ئیسلامی ڕووبەڕووی توندڕەوی، ئیسلامفۆبیا، شەڕی ناوخۆ و دەستوەردانی دەرەکی دەبێتەوە، جەختکردنەوە لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی موسڵمانان، دوورکەوتنەوە لە تەکفیر و ڕێزی بەرامبەر لە نێوان مەزهەبەکاندا، دەتوانێت زەمینە خۆش کات بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی و هاوپشتی ئوممەتی ئیسلامی.
بێ گومان، مێژوو بڕیار لەسەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم میراتە دەدات؛ بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕوانگەی توێژینەوەوە دەبینرێت، پێگەی دیاری گوتاری یەکڕیزی ئیسلامی، سەربەخۆیی، پێشکەوتنی زانستی و شارستانییەتسازییە لە بیرکردنەوە و وتەکانی ئیمامی شەهید خامنەییدا؛ گوتارێک کە هێشتا لە زۆربەی بابەتە سیاسی، کولتووری و ئاینییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئامادەییەکی بەهێزی هەیە.
* مامۆستا عابد نەقیبی- مامۆستای سونە و لێکۆڵەری ئایین و ئاینزا ئیسلامییەکان
Your Comment