کوردپرێس: بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم قەیرانە، پێویستمان بە ڕاپۆرتی ئاڵۆزی پسپۆڕان نییە؛ تەنیا بەسە سەرێک لە پارکەکان، دەوروبەری شەقامەکان، گەڕەکە هەژارنشینەکان و تەنانەت هەندێک لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانی کوردستان بدەیت. لێرەولەوێ گەلە سەگی بەرەڵا بە ئازادی دەسووڕێنەوە؛ جارێک لە لای قوتابخانەکان، جارێک لە بەردەم پارکەکان و جارێکیش لەسەر ڕێگەی هاتوچۆی ڕۆژانەی هاووڵاتییاندا.
ئەم دۆخە نە نوێیە و نە چاوەڕواننەکراو بووە. ساڵانێکە میدیاکان، هاووڵاتییان، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت هەندێک لە بەرپرسانیش هۆشداریی لەسەر دەدەن، بەڵام دەرەنجامی ئەم هەموو هۆشدارییە، نزیکەی هیچ بووە. پرسیاری سادەی خەڵک ئەوەیە: ئەگەر بڕیار نییە شارەوانییەکان ئاسایشی شار دابین بکەن، ئەی ڕێک خەریکی چ کارێکن؟
ڕاکردن لە بەرپرسیارێتییەک کە ناچارییە، نەک ئارەزوومەندانی!
هەر جارێک کە هەواڵی هێرشی سەگە بەرەڵاکان بۆ سەر منداڵێک بڵاو دەبێتەوە، بەرپرسانی شار بە چەند ڕستەیەکی باو و دووبارە لە بەردەم ڕۆژنامەنووسان پەیدا دەبنەوە؛ «بودجەمان نییە»، «حەشارگەمان نییە»، «لایەنگرانی ئاژەڵان ڕێگا نادەن»، «بابەتەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە» و دەیان ڕستەی تر کە ساڵانێکە دەگوترێنەوە، بەڵام هیچ کامیان برینی منداڵێکی ساڕێژ نەکردووە و هێمنی و دڵنیایی بۆ شەقامەکانی شار نەگەڕاندووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسیارێتیی کۆنترۆڵکردنی سەگە بەرەڵاکان لە سنووری شارەکاندا، بەپێی یاسا و ڕێنمایییە پێوەندیدارەکان، لە ئەستۆی شارەوانییەکاندایە؛ بەرپرسیارێتییەک کە ناچارییە نەک ئارەزوومەندانە. بەڵام وەک دیارە هەندێک لە شارەوانییەکان ساڵانێکە سادەترین ڕێگەیان گرتووەتە بەر: دەستەوەستان دانیشە تا ڕووداوێک دەقەومێت!
باوکێکی خەڵکی سنە کە شەوی ڕابردوو کچەکەی کەوتبووە بەر هێرشی سەگە بەرەڵاکان، دەڵێت: «دڵنیام کچەکەم لەمەودوا چیتر ناوێرێت بە تەنیایی لە کۆڵان تێپەڕێت.»
ئەو دەشڵێت: «لە دێشبەوە خەریکی هێورکردنەوەی ترس و تۆقینی کچەکەشم؛ تەنانەت دوای چارەسەرکردن و هێنانە دەرەوەی لە نەخۆشخانە، نەیتوانیوە خەوێکی ئارام بکات. من لەسەر شەرەسی خۆی سکاڵام لەسەر سەرۆکی شارەوانیی سنە تۆمار کردووە، بۆ ئەوەی منداڵانی ئەم شارە چیتر نەبنە قوربانیی ناڕامانی و بێباکیی ئەو بەرپرسانەی تەنیا چاویان لە کورسییەکانیانە و چاوپۆشی لە ئاسایش و حەوانەوەی خەڵک دەکەن؛ ئایا بە ڕاستی ئەمە مافی سروشتیی خەڵک نییە کە لە شاری خۆیاندا هەست بە پارێزراوی بکەن؟»
«هەر ڕۆژ بە ترسەوە منداڵەکەم بەڕێ دەکەم بۆ قوتابخانە»؛ دایکی یەکێک لەو منداڵانەی کە ماوەیەک لەمەوبەر ببووە ئامانجی هێرشی سەگە بەرەڵاکان، بە دەنگێکی پڕ لە گریانەوە دەڵێت: «منداڵەکەم هێشتا بە بینینی سەگ دەتۆقێت. هەر ڕۆژێک کە دەیەوێت لە ماڵ بچێتە دەرەوە، چەند جارێک لە پەنجەرەوە سەیری کۆڵان دەکات تا دڵنیا بێت سەگی لێ نییە. تێچووی کوتان، دەرمان و ترسی ئەم منداڵە کێ دەیداتەوە؟ شارەوانی؟ هیچ کەس تەنانەت تەلەفۆنێکیشی بۆ نەکردین.»
باوکێکی تر لە مەریوانەوە دەڵێت: «کاتێک ڕووداوەکە قەوما، هەمووان گوتیان سکاڵا تۆمار بکەن؛ بەڵام لە کێ؟ لە شارەوانی؟ مەگەر تا ئەمڕۆ کەس لەسەر ئەم ڕووداوانە وەڵامدەرەوە بووە؟»
ئەم گێڕانەوانە، تەنیا چەند نموونەیەکن لەو سەدان گڵەیی و گازندەیەی ساڵانێکە لە شارە جیاجیاکانی کوردستاندا دەبیسترێنەوە.

بێدەنگییەک کە بۆنی کەمتەرخەمیی لێ دێت
لە بەڕێوەبردنی شاردا، هەندێک جار جێبەجێ نەکردنی ئەرکێک، زیانێکی زۆر گەورەتری هەیە لە چاو خراپ جێبەجێکردنی. ئەمڕۆ چیتر کێشەی سەگە بەرەڵاکان لە کوردستان، تەنیا گرفتێکی خزمەتگوزاریی ناو شار نییە؛ بەڵکوو بووەتە تاقیکردنەوەیەک بۆ پێوانەکردنی ئاستی بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبەرانی شار.
کاتێک هاووڵاتییان چەندین جار ڕاپۆرت دەدەن، میدیاکان بەردەوام هۆشداری دەدەن، ئەنجومەنی شارەکان چەندین جار تێبینی دەخەنە ڕوو و هێشتاش هیچ گۆڕانکارییەک بەدی ناکرێت، ئەم پرسیارە جدییە دێتە پێشەوە کە کێ بەرپرسیارە لە بەردەوامیی ئەم دۆخە؟
ئایا بەڕێوەبەرێکی شار دەتوانێت ساڵانێک بەرپرسیارێتیی یاسایی هەبێت، بەڵام هەر جارێک بە هێنانەوەی بیانووی نەبوونی بودجە، خۆی لە وەڵامدانەوە بدزێتەوە؟ ئەگەر کورتنانی بودجە هەیە، بۆچی بەرنامەیەک بۆ دابینکردنی پێشکەش ناکرێت؟ ئەگەر پێداویستی نییە، بۆچی هاوکاری لە پارێزگاری، وەزارەتی ناوخۆ یان دامەزراوەکانی تر وەرناگیرێت؟ ئەگەر ڕێگریی یاسایی هەیە، بۆچی چاو بە ڕوونی بۆ خەڵک ڕوون ناکرێتەوە؟ بێدەنگبوون لە بەرامبەر ئەم پرسیارانەدا، پێش هەر شتێک نیشانەی لاوازیی بەڕێوەبردنە.
پاراستنی ئاژەڵان؛ داواکارییەکی ڕێزلێگیراو، بەڵام نەک لەسەر حیسابی ئاسایشی خەڵک
هیچ مرۆڤێک حەز بە ئازاردانی ئاژەڵان ناکات و هیچ یاسایەک یان ویژدانێکی زیندووش کارێکی وا پەسند ناکات؛ بەڵام ئەوەی ئەم ڕۆژانە بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی زۆرێک لە هاووڵاتییان، ڕەفتاری بەشێک لە چالاکوانانی پاراستنی مافی ئاژەڵانە کە بەرامبەر بە هەر هەنگاوێک بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی سەگە بەرەڵاکان دەوەستنەوە و دژایەتی دەکەن، بەڵام کاتێک ڕووداوە ناخۆشەکان دەقەومێن، کەمترین بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆ.
پرسیاری خەڵک ڕوونە: ئەگەر دژی گواستنەوەی سەگە بەرەڵاکانن، ڕێگەچارەی کرداریی ئێوە چییە؟ ئایا نان و ئاو دانی بەردەوام بە سەگەکان لە ناو جەرگەی شاردا، بەبێ بەرنامەی کۆنترۆڵکردنی ڕێژەیان، نەزۆککردنی گشتی، دروستکردنی حەشارگەی ستاندارد و بەڕێوەبردنی زانستی، لە کۆتاییدا نابێتە هۆی زیادبوونی ژمارەیان و توندبوونی مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان؟
داکۆکیکردن لە مافی ئاژەڵان، ئەو کاتە بەنرخە کە لە پاڵیدا مافی مرۆڤەکانیش ببینرێت. هیچ خێزانێک نابێت لە نێوان مافی ژیانی ئاژەڵێک و ئاسایشی منداڵەکەیدا ناچار بە هەڵبژاردن بکرێت. ئەرکی بەڕێوەبەرایەتیی شار ڕێک دروستکردنی ئەم هاوسەنگییەیە؛ هاوسەنگییەک کە ساڵانێکە لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا بوونی نییە.
ڕاپۆرتە میدیایییەکان؛ هۆشداریگەلێک کە نەبیستران
لە ساڵانی ڕابردوودا، میدیا ناوخۆیی و پارێزگایییەکان چەندین جار لەسەر زیادبوونی ژمارەی سەگە بەرەڵاکان، هێرشکردنیان بۆ سەر هاووڵاتییان، نیگەرانیی خێزانەکان و داواکاریی کۆنترۆڵکردنی ئەم دۆخە هۆشدارییان داوە؛ ئەم ڕاپۆرتانە ئەمڕۆ بوونەتە ئەرشیفێک لە هۆشدارییە پشتگوێخراوەکان.
ئەگەر لەو کاتەدا کە یەکەمین هۆشدارییەکان بڵاوکرانەوە، بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی کێشەی سەگە بەرەڵاکان جێبەجێ بکرایە، ڕەنگە ئەمڕۆ زۆرێک لەم ڕووداوانە نەقەومایە؛ بەڵام وەک دیارە لە لای هەندێک دامەزراوە، پێشگیری هیچ پێگەیەکی نییە و تەنیا دوای ڕوودانی کارەسات، کۆبوونەوەی بەپەلە ڕێک دەخرێت؛ کۆبوونەوەگەلێک کە دەرەنجامەکەیان تەنیا چەند چاوپێکەوتنێک و چەند بەڵێنێکی دووبارەیە.

خەڵک لە دروشم ماندوو بوون
خەڵک چیتر نە ئاماریان دەوێت و نە بەڵێن؛ ئەوان دڵنیایی و ئاسایشیان دەوێت. دایکێک کە منداڵەکەی کەوتووەتە بەر هێرش، بە بیستنی دەستەواژەی «لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە» هێمن نابێتەوە؛ باوکێک کە هەر ڕۆژ بە نیگەرانییەوە هاوڕێیەتیی منداڵەکەی دەکات تا قوتابخانە، بە بیستنی بەڵێنی «بەم زووانە کۆکردنەوەیان دەست پێ دەکات» هەست بە پارێزراوی ناکات. ئاسایش بە لێدوان دابین ناکرێت؛ بە بەڕێوەبردن دابین دەکرێت.
قەیرانی سەگە بەرەڵاکان لە کوردستان، چیتر تاقیکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی شار نییە؛ بەڵکوو کارنامەی بەڕێوەبەرایەتیی شارەکەیە. ئەگەر شارەوانییەکان بەرپرسیارن، دەبێت وەڵامدەرەوە بن؛ ئەگەر کێشەی بودجەیان هەیە، دەبێت بە ڕوونی ڕایبگەیەنن؛ ئەگەر بەربەستێک هەیە، دەبێت لایببەن؛ چونکە بەردەوامیی دۆخی ئێستا بە چ شێوەیەک پاساو نادرێت.
خەڵکی کوردستان ساڵانێکە باجی بێبڕیاری، درەنگکەوتن و نەبوونی بەرنامە دەدەن؛ باجێک کە جارێک بە برینداربوون، جارێک بە ترسی هەمیشەیی منداڵەکان و جارێکیش بە لەدەستچوونی هەستی ئارامی لە شارەکاندا دەدرێت. هیچ بەرپرسێک نابێت ڕابێت لەگەڵ دۆخێکدا کە تێیدا هێرشی سەگە بەرەڵاکان بۆ سەر هاووڵاتییان ببێتە هەواڵێکی ئاسایی ڕۆژانە.
کۆمەڵگە لە بەرپرسان چاوەڕێی موعجیزە ناکات؛ چاوەڕێ دەکات یاسا جێبەجێ بکرێت، بەڕێوەبەران وەڵامدەرەوە بن و ئاسایشی گشتی، ئەولەویەتی یەکەمی بەڕێوەبردنی شار بێت؛ نەک بابەتێک کە تەنیا دوای هەر ڕووداوێک، چەند ڕۆژێک ببێتە تیتر و پاشان فەرامۆش بکرێت.
Your Comment