بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوپەیمانیی فەرمیی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ، ململانێی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە ناکۆکییەکی سیاسیی ئاسایی تێپەڕاندووە و کردوویەتی بە تاقیکردنەوەیەک بۆ داهاتووی سیستمی سیاسیی هەرێم. ئەم دوو حیزبە لە ڕێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک لەژێر ناوی «هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بوژانەوە»، هەوڵ دەدەن هاوسەنگیی هێز لە بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان بگۆڕن؛ ئەو حیزبەی کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ئەکتەری باڵادەستی سیاسەتی هەرێم بووە.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە ٢ی تەممووزدا لە سلێمانی ڕێککەوتنامەی ئەم هاوپەیمانێتییەیان ئیمزا کرد. بە وتەی هەردوولا، ئامانجی ئەم هاوکارییە گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی سیاسی، بەهێزکردنی دامەزراوە گشتییەکان و ڕێگریکردنە لە چڕبوونەوەی زیاتری دەسەڵات لە دەستی پارتیدا.
هاوسەنگیی نوێ لە پەرلەماندا
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی ٣٩ کورسی، هێشتا گەورەترین حیزبی ناو پەرلەمانی ١٠٠ کورسییەکەی هەرێمە. لە بەرامبەردا، یەکێتی ٢٣ کورسی و نەوەی نوێ ١٥ کورسییان هەیە، کە سەرجەمی دەکاتە ٣٨ کورسی؛ واتە تەنیا یەک کورسی کەمتر لە پارتی.
ئەم هاوپەیمانێتییە، ئەگەرچی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان نییە، بەڵام باڵادەستیی ژمارەیی پارتی بۆ کەمترین ئاست کەم کردووەتەوە و دەرفەتی ئەوەی بە یەکێتی داوە کە داوای پێکهێنانی حکوومەتێک لەسەر بنەمای هاوبەشیی یەکسان بکات، نەک باڵادەستیی یەک لایەنەی پارتی.
له بهرامبهردا، پارتی ڕایگەیاندووە کە دان بەم هاوپەیمانێتییەدا نانێت وەک لایەنێکی یەکگرتوو لە دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەکەدا، و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت یەکێتی لەسەر بنەمای هەمان ٢٣ کورسییەکەی خۆی بێتە ناو دانوستانەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێککەوتنی نێوان دوو حیزبەکە پابەندی کردوون کە لە دانوستانەکاندا بە شێوەی هاوبەش بڕیار بدەن؛ بابەتێک کە پاشەکشەی هەر لایەکیان لە ڕووی سیاسییەوە قورس دەکات.
ئەم ناکۆکییە لە کاتێکدا بەردەوامە کە زیاتر لە ٣٠ خولی دانوستان لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ تا ئێستا بێئاکام بووە، و پەرلەمانی هەرێمیش لە کاتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆیەوە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە بە کردەوە پەکخراوە.
دژبەیەکی لە هەڵوێستی پارتیدا
ڕەخنەگران پێیان وایە دژایەتیی ئێستای پارتی بۆ داننان بەم هاوپەیمانێتییە، لەگەڵ ڕەفتارەکانی ڕابردووی ئەم حیزبەدا ناگونجێت. دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨، پارتی ڕێککەوتنێکی جیاوازی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ئیمزا کرد و دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی لەسەر ئەو بنەمایە بردە پێشێ؛ هەرچەندە دواتر یەکێتیش چووە ناو ئەو پرۆسەیەوە. لەبەر ئەوە، یەکێتی پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە کە دژایەتیی ئێستای پارتی زیاتر لەوەی بنەمایەکی یاسایی هەبێت، سەرچاوەی لە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی و لێکدانەوەی سیاسییەوە گرتووە.
ڕەوایەتیی دەنگەکان یان ڕەوایەتیی کورسییەکان؟
هەردوولا بۆ سەلماندنی ڕەوایی خۆیان، پشت بە دوو پێوەری جیاواز دەبەستن:
پارتی دیموکراتی کوردستان: بە بەدەستهێنانی زیاتر لە ٨١٢ هەزار دەنگ، خۆی بە خاوەنی ڕوونترین پشتگیریی جەماوەری دەزانێت و پێی وایە هاوپەیمانێتییەکانی دوای هەڵبژاردن نابێت پێگەی ئەو حیزبە لاواز بکەن کە زۆرترین دەنگی هێناوە.
یەکێتی و نەوەی نوێ: جەخت دەکەنەوە کە لە سیستمی پەرلەمانیدا، پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای هاوپەیمانێتییە پەرلەمانییەکان دەبێت، نەک تەنیا ژمارەی دەنگەکانی هەر حیزبێک. ئەم دوو حیزبە پێکەوە نزیکەی ٧٠٢ هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە؛ ژمارەیەک کە لە دەنگەکانی پارتی کەمترە، بەڵام لە ڕووی ژمارەی کورسییەوە نزیکەی هاوتایەتی.
هەروەها سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە ڕاکێشانی پشتگیریی هەندێک لە نوێنەرانی سەربەخۆ و پێکهاتەکان، پێدەچێت ژمارەی لایەنگرانیان بگاتە ٣٩ بۆ ٤٢ کەس، بەڵام ئەم بانگەشەیە تا ئێستا بە فەرمی لە پەرلەماندا نەسەلمێنراوە.
حیزبە بچووکەکان؛ ئەکتەرە یەکلاکەرەوەکانن
لە نێوەندەدا، حیزبە بچووکەکان دەتوانن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە پێکهێنانی حکوومەتدا بگێڕن. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕەوتی هەڵوێست، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بەرەی گەل، بزووتنەوەی گۆڕان و ئەوانی تر، پێکەوە ١٨ کورسییان لەبەرامبەردایە. سەرەڕای ئەوانیش، پێنج کورسیی تایبەت بە نوێنەرانی مەسیحی و تورکمانەکان هەیە کە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە دیاریکردنی زۆرینەی پەرلەمانیدا بگێڕن.
ڕێککەوتنێک لە ئاراستەی ئەولەویەتەکانی یەکێتیدا
ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکە نیشانی دەدات کە ئەم هاوپەیمانێتییە زیاتر لە هەر شتێک ڕەنگدانەوەی ئەولەویەتە سیاسییەکانی یەکێتییە. تەوەرەی سەرەکیی ڕێککەوتنەکە، گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی دەسەڵاتە لە هەرێم و ڕێگریکردنە لە فراوانبوونی هەژموونی پارتی؛ دروشمێک کە یەکێتی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار جەختی لێکردووەتەوە.
ئەم حیزبە ئێستا خۆی لە پێگەیەکی بەهێزتردا دەبینێت بەراورد بە دانوستانەکانی ڕابردوو. بافڵ تاڵەبانی توانیویەتی کۆنترۆڵێکی زیاتر بەسەر پێکهاتەی ناوخۆیی حیزبەکە و پێگەکەیدا لە سلێمانی بەدەستبهێنێت، و هاوکات پێگەی یەکێتی لە بەغداش بەهێزتر بووە. لەبەر ئەوە، ئەم حیزبە چیتر ئامادە نییە وەک حکوومەتەکانی پێشوو ڕۆڵی شەریکی بچووکتر قبووڵ بکات و داوای گەڕانەوە دەکات بۆ مۆدێلی هاوبەشیی هاوسەنگ، هاوشێوەی قۆناغی دوای ساڵی ١٩٩٢ و ڕێککەوتنی یەکخستنی ئیدارەی ساڵی ٢٠٠٦.
ناکۆکیی سەرەکیی دوو حیزبەکە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ئەمنییە. یەکێتی داوای وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ دەکات؛ داواکارییەک کە پارتی تا ئێستا دژی وەستاوەتەوە. هەروەها یەکێتی پێی وایە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی سەر بەم حیزبەی سنووردار کردووە و وەک شەریکێکی یەکسان لە حکوومەتدا سەیریان ناکات.
سەرکێشییە گەورەکەی نەوەی نوێ
جووڵانەوەی نەوەی نوێ توانیویەتی بەشێک لە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی خۆی بخاتە ناو ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەوە؛ لەوانەش دابینکردنی بەشێک لە مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانی حکوومەت، پێدانی قەرزی هاوسەرگیری، کەمکردنەوەی نرخی کارەبا، ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووان و دیاریکردنی چارەنووسی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم بەڵێنانە فاقدی وردەکاریی جێبەجێکردنن و ڕوون نییە سەرچاوە داراییەکانیان چۆن دابین دەکرێت یان کەی دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بابەتێک کە وایکردووە زۆرێک لە هاووڵاتیان گومانیان لە بەدیهاتنیان هەبێت.
لە هەمان کاتدا، گەورەترین مەترسیی سیاسی ڕووبەڕووی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەبێتەوە. ئەم حیزبە ساڵانێکە بە دروشمی دژایەتیکردنی گەندەڵی و دژ وەستانەوەی هەردوو حیزبە نەریتییەکە (پارتی و یەکێتی) دەنگی کۆکردووەتەوە. ئێستا، هاوکاریی ستراتیژی لەگەڵ یەکێک لەو حیزبانە، دەکرێت وێنای ئەو وەک هێزێکی سەربەخۆ و دژبەری پێکهاتەی دەسەڵات لاواز بکات.
ئەزموونی بزووتنەوەی گۆڕانیش وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بۆ نەوەی نوێ دادەنرێت. گۆڕان لە ساڵی ٢٠١٦دا هاوپەیمانێتییەکی تەنانەت گەورەتر لەم هاوپەیمانێتییەی ئێستای لەگەڵ یەکێتی پێکهێنا، بەڵام نە توانی باڵادەستیی پارتی بشکێنێت و نە پێکهاتەی سیاسیی هەرێم بگۆڕێت. لە کۆتاییشدا، ناسنامەی ناڕەزایەتیی خۆی تا ئاستێکی زۆر لەدەستدا.
دەسەڵات تەنیا لە پەرلەماندا نییە
گرنگترین سنووردارکردنی ئەم هاوپەیمانێتییە ئەوەیە کە هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستاندا تەنیا بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان دیاری ناکرێت. پارتی و یەکێتی هێشتا پشت بە ناوچەی جوگرافی، هێزە ئەمنییەکان، تۆڕە ئابوورییەکان و پێکهاتە ئیدارییە جیاوازەکانی خۆیان دەبەستن؛ پارتی لە هەولێر و دهۆک دەستی باڵای هەیە و یەکێتیش بەسەر سلێمانی و هەڵەبجەدا زاڵە.
لە ئەنجامدا، هاوپەیمانییە نوێیەکە دەتوانێت پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت قورستر بکات، پێگەی پارتی لە دانوستانەکاندا لاواز بکات و ڕۆڵی پەرلەمان تۆختر بکاتەوە، بەڵام بە تەنیای خۆی ناتوانێت پێکهاتەی دوو ئیدارەیی و دوو جەمسەریی دەسەڵات لە هەرێمدا بنبڕ بکات.
چارەنووسی ئەم هاوپەیمانێتییە زیاتر لەوەی بەستراوەبێتەوە بە ژمارەی کورسییەکانی، بەندە بە توانای لەسەر پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆیی، ڕاکێشانی پشتگیریی حیزبە بچووکەکان، کاراکردنەوەی پەرلەمان و گۆڕینی بەڵێنە سیاسییەکان بۆ هەنگاوی عەمەلی. بە پێچەوانەوە، پێدەچێت ئەم هاوپەیمانێتییەش هەمان ڕێڕەوی هاوپەیمانێتیی پێشووی یەکێتی و گۆڕان بگرێتەبەر؛ هاوپەیمانێتییەک کە سەر کاغەز بەهێز بوو، بەڵام نەیتوانی هاوسەنگیی ڕاستەقینەی هێز لە هەرێمی کوردستاندا بگۆڕێت.
سەرچاوە: National Context
Your Comment