دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا سنووردارە

گارۆ پایلان، نوێنەری پێشووی پەرلەمانی تورکیا و یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی داکۆکیکار لە مافی کەمینەکان، پێیوایە تورکیا لە بەردەم یەکێک لە گرنگترین قۆناغە مێژووییەکانی خۆیدایە؛ چونکە هاوکات لەگەڵ پێشوەچوونی ڕەوتی گفتوگۆکانی حکوومەتی تورکیا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئێرەوان، دەکرێت چارەنووسی دوو دۆسیەی مێژوویی واتە «کێشەی کورد» و «کێشەی ئەرمەن» بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دیاری بکرێت.

گارۆ پایلان، شارەزای پرسەکانی تورکیا و توێژەر لە دامەزراوەی کارنێگی لە واشنتۆن، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی هەواڵیی "ئامارجی" جەختی لەوە کردەوە کە بۆ یەکەمجار لە سەدەی ڕابردوودا، دوو کێشە کە کۆماری تورکیا هەمیشە خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لادابوو، هاوکات کەوتوونەتە سەر مێز. بە وتەی ئەو، ئێستا ئەم دەرفەتە لەبەردەم سەرکردەکانی ئێستای تورکیادایە کە یان چارەسەرێکی بەردەوام بۆ ئەم دوو قەیرانە بدۆزنەوە، یان جارێکی دیکە بۆ داهاتوویەکی نادیار دوای بخەن.

بڕیارێک کە لە دەستی ئەردۆغان و باخچەلیدایە

ئەم سیاستمەدارە ئەرمەنی کۆچەرە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، و دەولەت باخچەلی، ڕێبەری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ی وەک دوو کارەکتەری سەرەکیی ئەم ڕەوتە وەسف کرد و وتی ئەم دوو سیاسییە کە هەردووکیان لە دەیەی حەوتەمی تەمەنیاندان، بڕیار لەسەر داهاتووی کێشەی کورد و ئەرمەن دەدەن.

بە بڕوای ناوبراو، ئەردۆغان کە زیاتر لە دوو دەیەە دەسەڵاتی لە تورکیادا بەدەستەوەیە، و باخچەلی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە پشتیوانی لە ڕەوتی ئاشتەوایی لەگەڵ کورد کردووە، بەهۆی چڕبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە دەستیاندا، دەتوانن بڕیاری مێژوویی بدەن.

پایلان بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ساڵانی یەکەمی کۆماری تورکیادا وتی، ئەتاتورکیش دەرفەتی هەبوو کە مافەکانی کورد بە فەرمی بناسێت و لەگەڵ ئەرمەنەکاندا ئاشت ببێتەوە، بەڵام ئەمەی نەکرد. ئێستا ئەردۆغان و باخچەلی لەبەردەم هەڵبژاردنێکی هاوشێوەدان؛ ئایا میراتی خۆیان لەسەر بنەمای بەردەوامیی ململانێکان بنیاد دەنێن، یان ئاشتی و تەبایی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێدەهێڵن.

لووتکەی ناتۆ؛ دەرفەتێک بۆ ڕێککەوتنێکی مێژوویی

پایلان لەو بڕوایەدایە کە لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ کە بڕیارە لە هاوینی ٢٠٢٦ لە تورکیا بەڕێوە بچێت، دەکرێت ببێتە دەرفەتێک بۆ هاوێشتنی هەنگاوی گرنگ. ئەو پێشنیاری کرد کە ئەردۆغان لە پەراوێزی ئەم لووتکەیەدا، ئیلهام عەلیێف، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، و نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، بۆ کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی بانگهێشت بکات. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئەم کۆبوونەوەیە دەتوانێت هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی پێشوەچوون لە ڕەوتی ئاشتی لەگەڵ کورد، ببێتە هۆی کردنەوەی سنووری داخراوی نێوان تورکیا و ئەرمینیاش؛ سنوورێک کە لە ساڵی ١٩٩٣وە بە داخراوی ماوەتەوە.

پایلان هەروەها پێشنیاری کرد کە دەروازە سنوورییە نوێیەکە بە ناوی "هرانت دینک" بدرێت، کە ڕۆژنامەنووسێکی ئەرمەنی کۆچەری تورکیا بوو و لە ساڵی ٢٠٠٧دا تیرۆر کرا؛ کارێک کە بە بڕوای ئەو دەتوانێت ببێتە هێمایەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان هەردوو گەلدا.

کەمبوونەوەی پشتیوانی لە پاشینیان و نیگەرانی لە گەڕانەوەی هەژموونی ڕووسیا

ئەم سیاستمەدارە پێشووەی تورکیا لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا کە دەرفەتی بەردەست بە خێرایی لەدەست دەچێت. ئەو بە ئاماژەدان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەرمینیا وتی، ڕێژەی دەنگەکانی پارتی «پەیمانی مەدەنی» بە سەرۆکایەتیی نیکۆڵ پاشینیان لە سێ هەڵبژاردنی یەک لەدوای یەکدا ڕەوتی دابەزینی بەخۆوە بینیوە و لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ٢٠٢٦یشدا ئەم پارتە نەیتوانی زۆرینەی پێویست بۆ پێشخستنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئازەربایجان و تورکیا بەدەستبهێنێت. بە وتەی پایلان، زیادبوونی دەنگەکانی پارتە نزیکەکان لە ڕووسیا و خۆپاراستنی ڤلادیمیر پوتین لە پیرۆزباییکردن لە پاشینیان، نیشانەی نیگەرانکەرن سەبارەت بە داهاتووی ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. ئەو بە وەبیرهێنانەوەی ئەزموونی دەیەی ١٩٩٠ وتی، لیڤۆن تێر-پێترۆسیان، یەکەمین سەرۆک کۆماری ئەرمینیا، کاتێک ئامادەی ئاشتی بوو لەگەڵ تورکیا و ئازەربایجان، بەڵام بەهۆی پشتیوانی نەکردنی پێویست لەم ڕەوتە، دەسەڵاتی لەدەستدا و ئەرمینیا بۆ چەندین دەیە لە ڕێڕەوی سازان و پێکهاتن دوورکەوتەوە.

هۆشداری سەبارەت بە سەوداوپەیمانی زلهێزەکان

ئەم توێژەرە هەروەها هۆشداریی دا لەسەر کاریگەریی ململانێی هێزە جیهانییەکان لەسەر داهاتووی ناوچەکە و وتی، وڵاتانی وەک ئەمریکا و ڕووسیا هەمیشە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان بڕیار دەدەن. ئەو بە ئاماژەدان بە سیاستەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە هێزە کوردییەکانی سووریا ڕایگەیاند، وەک چۆن واشنتۆن لە هەندێک قۆناغدا هاوپەیمانە کوردەکانی خۆی پشتگوێ خست، ڕەنگە لە داهاتووشدا ڕێککەوتن لە نێوان هێزە گەورەکاندا بکرێت کە چارەنووسی وڵاتە بچووکەکان بە بێ بەشداریی خۆیان دیاری بکرێت.

ڕیشە مێژووییەکانی دوو قەیرانەکە

پایلان پێیوایە کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای سیاستگەلێک پێکهات کە ناسنامەی ئەرمەن و کوردی خستە پەراوێزەوە. بە وتەی ئەو، دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، سەرکردەکانی ئەو کاتە بە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەسەر بنەمای ناسنامەی تورک و موسڵمان، مەسیحییەکانیان لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی سڕییەوە و لە بەردەوامیشدا کۆمارە نوێیەکە لەسەر چەمکی «تورکبوون» دامەزرا. ئەو زیادی کرد کە کوردەکان لە یەکەمین ساڵانی دامەزراندنی کۆمارەوە لە دژی ئەم سیاستانە وەستانەوە و دوای بەدی نەهاتنی بەڵێنەکانی پەیوەست بە مافەکانیان، ڕاپەڕینیان دەستپێکرد، کە سەرکوتکردنی توندی ئەوان، لەوانەش ڕووداوەکانی دەرسیم لە ساڵی ١٩٣٨، بە یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی مێژووی هاوچەرخی تورکیا دادەنرێت.

ئاشتی لەگەڵ ڕابردوو بەسراوە بە دیموکراسیەوە

پایلان جەختی کردەوە کە ئاوڕدانەوە لە پرسی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان بە بێ دیموکراتیکتر بوونی تورکیا مەحاڵە. بە بڕوای ئەو، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکی تورکیا و ئەرمینیا، کردنەوەی سنوورەکان، گەشەپێدانی بازرگانی و هاوکارییە کولتوورییەکان دەتوانێت زەمینە خۆش بکات بۆ گفتوگۆیەکی جیددی سەبارەت بە دادپەروەری مێژوویی و ڕووداوەکانی ساڵی ١٩١٥. ئەو لە کۆتاییدا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە دەرفەتی ئێستا بۆ چارەسەرکردنی هاوکاتی دوو دۆسیەی مێژوویی کورد و ئەرمەن بێ وێنەیە، وتی ئەم پەنجەرەیە هێشتا بە تەواوی دانەخراوە، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە و ئەگەر سوودی لێ وەرنەگیرێت، ڕەنگە جارێکی دیکە بۆ ساڵانێکی درێژخایەن لەدەست بچێت.

News ID 227484

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha