ئۆجەلان: لە سەردەمی PKKوە، تێپەڕین بۆ قۆناغی کۆمەڵگەی دیموکراتیک

عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان پەیامێکی بۆ ڕۆژنامەی کۆمۆناڵ ناردووە و دەڵێت پاش کۆتایی سەردەمی خەباتی چەکداریی پەکەکە قۆناغێکی نوێ دەستی پێکردووە کە میحوەرەکەی نەک خەباتی چەکداری بەڵکوو بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگایە لەسەر پارادایمێکی نوێ.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی پەیامەکە لە ژمارەی تەمموزی ڕۆژنامەکەدا بڵاوکرایەوە؛ پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەم جۆرەیە:

"بە هیوا و جۆشوخرۆشەوە، ڕۆژنامە نوێیەکەتانم بینی. دیارە ناوتان لێ ناوە "کۆمۆناڵ". لە ڕاستیدا دەکرا "کۆمۆنار"-یش بوایە، بەڵام ئەم ناوەشم پێ بەدڵ بوو. دۆخێکی پڕ مانا و مێژووییە کە لە سەردەمی نوێدا ڕۆڵی "سەرخۆبوون"-ی گرتووەتە ئەستۆ. پێش هەموو شتێک سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

دیارە ئێوە لە هەوڵی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی بەهێزی تیۆریدان. بەڵام سەردەمی نوێ تەنها پێویستی بە گفتوگۆی تیۆری نییە، هاوکات پێویستی بە هێڵێکی وەشانە کە لە نێو ژیاندا وەڵامگۆ بێت، کۆمەڵگە ڕێک بخات، ڕێگا و ڕێبازی پراکتیکی دابهێنێت. لەبەر ئەم هۆکارە، بڕوام وایە دەبێت بەتایبەتی گرنگی بدەنە بابەتەکانی ڕێکخستنی پراکتیکی. چونکە سەردەمی نوێ بۆ ئێمە دەبێتە سەردەمی هەنگاوی کۆمۆناڵێتە (کۆمۆناڵبوون).

وەک دەزانرێت، بوونی کورد ڕاستینەیەکی زۆر دێرینە. لەوانەیە خاڵی دەستپێکی دەرکەوتنی مرۆڤی مۆدێرن بێت. لەبەر ئەوەی یەکێکە لە دیاریکەرەکانی مێژووی دێرین، توانیویەتی تایبەتمەندییەکانی خۆی بگەیەنێتە ئەم سەردەمە. بەم شێوەیە وەک نەتەوەیەکی بێ وێنە بوونی خۆی پاراستووە. بەڵام ئەم تایبەتمەندییانە لە هەمان کاتدا بوونە هۆی ئەوەی ببنە ناوەندی فشار و ستەم و هێرشەکان. جوگرافیای کوردستان گۆڕا بۆ زەمینەیەکی نکۆڵیکردن، لەناوبردن و قڕکردنی ڕێکخراو. مێژووی ئەنترۆپۆلۆژی و ئۆنتۆلۆژیی کورد، هەروەها گەشەسەندنە کەلتوورییەکان بەم هۆیەوە ڕووبەڕووی خیانەت بوونەوە. لەبەر ئەم ناکۆکییە، "کوردایەتی" لە "کوردبوون" دوور کەوتەوە و وەک لاشەیەکی برینداری لێی هات.

بێگومان تەنها گەلی کورد ڕووبەڕووی قڕکردن نەبووەتەوە. بەڵام نە وەک ئەو گەلانەی تر بەهۆی قڕکردنەوە لەناو چوون و نەمان، نە توانیان بە شێوەیەکی هاوچەرخ بوونی خۆیان لە ڕێگەی دەوڵەتێکی نەتەوەییەوە بەرجەستە بکەن؛ بە پێچەوانەوە، بەرامبەر بە هێرشە وێرانکەرەکانی هەر سەردەمێک، فۆرم و شێوازی بەرخۆدانی خۆی گوێرەی خۆی و نەریتە دێرینەکانی خۆی بنیات ناوە. هەر بۆیە کورد نموونەی نییە و بێ‌وێنەیە. بەداخەوە، گەلێک کە بەقەد مرۆڤایەتی خاوەن مێژوویەکی دێرینە و وەفاداری بەها دێرینەکانی خۆیەتی، لەژێر فشاری دەوڵەت-نەتەوەکاندا کە نوێنەری بکوژی کاستیکی سەدەی بیستەم بوون، ڕووبەڕووی لەناوبردن کرایەوە.

ئێمە وەک هیوای گەلێک دەستمان پێ کرد

لە دۆخێکی وەها سەختی نکۆڵیکردندا، بۆ گەلێک کە لە خۆبوون دوورخرابووەوە، نەک تەنها جەستە، بەڵکو خەیاڵەکانیشیان لە گۆڕدا نێژرابوون و ڕووبەڕووی کێشەی بوون کرابوونەوە، ئێمە وەک هیوایەک دەرکەوتین. لە پایزی ١٩٧٨دا کاتێک یەکەم ژمارەی "سەرخۆبوون" بڵاوکرایەوە، گوتبوومان: "ئێمە شەرم دەکەین لەم دۆخەی کە کوردی تێیدا دانراوە و ئەمە بۆ سەرخستنی ئەرکەکانمان دەبێتە سەرچاوەی ڕاستەقینەی هێز". لەسەر ئەم بنەمایە، بە درووشمێکی دوو وشەیی کە بە بێدەنگی بڵاو بووەوە، هەوڵمان دا مێژوو بەدی بهێنین و ڕاستی بنیات بنێین. لە کەشوهەوای نکۆڵیکردن، لەناوبردن و ئاسیمیلاسیۆندا، ئێمە پراکتیکی هەڵاتن لە بوونی خۆی کوردمان بە تێکۆشانێکی مەزنی ٥٢ ساڵە پێچەوانە کردەوە و قۆناغێکی نوێی مێژووییمان دەست پێ کرد. ئێمە گورزی قورسمان لە کۆیلایەتیی خۆویستانە و نکۆڵیکردنی خۆویستانە وەشاند.

لە ئەنجامدا، پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێ گەیاند و ئەو ڕاستینەیەی کە ئێمە پێی دەڵێین "بوونی کورد"، هەم سەلماندی و هەم وای کرد ئەو ڕاستییە قبوڵ بکرێت. ئەو ڕاستییەی کە پێی دەڵێین بوونی نەتەوەیی یان بوونی کورد، بەم شێوەیە دەرکەوت. لە ئێستادا، کورد گۆڕاوە بۆ ڕاستینەیەکی مێژوویی کە ئیتر ناکرێت نکۆڵی لێ بکرێت. قۆناغی بوونی تێپەڕاندووە و چووەتە نێو سەردەمی بەدیهێنانی ئازادییەوە. ئەمە سەرکەوتنی پەکەکەیە لە ئاستی سەرفرازیدا. دەستکەوتێکی ئەنترۆپۆلۆژیی و ئۆنتۆلۆژییە.

سەرخۆبوون توانی ببێتە ناو و زمان و ڕۆحی سەردەم

پەکەکە لە هەموو شتێک زیاتر لە مێشکی مرۆڤەکاندا ڕووناکی و هۆشیاریی بەدی هێنا، ڕاستییەکی وەهای لەگەڵ خۆیدا هێنا کە لەبری شەرمکردن لە بوونی خۆی، شانازی پێوە بکات، هەوڵ بدات ببێت بە خۆی و خاوەندارێتی لە بەهاکانی خۆی بکات. ئەم سەرکەوتنەی پەکەکە بەهۆی بەدیهێنانی ئەم ڕاستییەوە بوو. "سەرخۆبوون" یەکێک بوو لەوانەی ئەم هۆشیارییەی کوردی پێکهێنا، لە یەکەم هەنگاوی پەکەکەوە و بەدواوە، "سەرخۆبوون" دەنگی پەکەکە بوو، هاواری ڕاپەڕین و ئازادیی لە چیاکان، زیندانەکان و شەقامەکاندا گەورەتر دەبوو؛ ئەم هاوارەی گەیاندە گەنج، بەساڵاچوو، ژن، منداڵ؛ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە و بەم شێوەیە بوو بە یەکێک لە گەورەترین هاوڕێکانی ئەم ڕێگا پڕ لە زەحمەتییە. ئەو گەشتەی کە لە ساڵی ١٩٧٨دا بە ئامێرێکی تایپکردن کە دەشاردرایەوە دەستی پێ کرد، هەموو کۆسپ و زەحمەتییەکانی تێکۆشانی لە دوای خۆی بەجێ هێشت و بوو بە بەردێکی بناغەیی و گرنگی پێشکەوتنی عەقڵی کورد کە ئەمڕۆ دەتوانین بە ئاسانی باسی بکەین. هەر بۆیە "سەرخۆبوون" لە کاتی خۆیدا هەنگاوی پەکەکەی کردە بنەما و لەم بابەتەدا ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕا. وەشانی گرنگی کرد کە تێگەیشتن، هێڵی ڕێکخستن و تێکۆشانی سەردەمێکی دیاری کرد. هەموو ئەو مانا و واتایانەی کە لە کەسایەتی پەکەکەدا بەرجەستە ببوون، لە خۆیدا بەرجەستەی کرد. لەبەر ئەم هۆکارە "سەرخۆبوون" تەنها وەشانی سەر کاغەز نەبوو، ئەو ناو، زمان و ڕۆحی سەردەمێک بوو.

ئیتر ئەو ڕاستینەیەی گەلی کورد بەدەستهاتووە کە هەموو کەسێک قبووڵی دەکات و دانی پێدا دەنێت؛ بەڵام سەلماندنی بوون بە واتای پێکهاتنی تەواوەتیی ژیانی ئازاد نایەت. بەڵێ کورد هەیە، بەڵام ئەم کوردە چۆن دەژی، نیشانەی بوونی لەناو ژیاندا چۆن دەبێت، چۆن خۆی ڕێکدەخات و بونیاد دەنێت؟ ئەم کێشە و کەموکوڕییانە هێشتا بەردەوامن. واتە لەگەڵ پەکەکەدا بووە خاوەنی بوون، بەڵام ئازادی هێشتا چاوەڕێی پێکهاتن دەکات. ئەو پارادایمەی لەسەر بنەمای دەوڵەتی سۆسیالیستی کە پەکەکە بناغەی خۆی لەسەر داڕشتبوو، بەس نییە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم کێشانە بداتەوە. ئەم بنەمایەی پەکەکە پشتی پێ دەبەست، واتە دەوڵەتی سۆسیالیستی، بە داڕمانەکەی نیشانیدا کە بنەمایەکی ڕاستەقینەی سۆسیالیستی نییە. پەکەکە کە بەم ناوەڕۆکەوە دەستی پێکرد، بە بەرخۆدانە گەورەکەی پرسەکەی خستەڕوو، پێناسەی کرد و چارەسەرەکانی ڕزگاریی خستەڕوو. بەڵام بەو پارادایمەی کە پشتی بە ڕیال-سۆسیالیزم دەبەست، نەیتوانی لەمە زیاتر بڕوات و پێویستیی گۆڕانکاری هەبوو. ڕۆڵی خۆی لەناو مێژوودا جێبەجێ کرد، تەمەنی خۆی پڕکردەوە و لەپێناو ئەو دەستکەوتە کۆمەڵایەتییانەی کە لە پێشمانن، جێگەی خۆی بۆ ڕێبازی ڕێکخستنی کۆمۆناڵ هێشتەوە کە پشت بە پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبەستێت. هەم بۆ ئەوەی ڕاستیی ڕیال-سۆسیالیزم لەناوببرێت، هەمیش بۆ ئەوەی نکوڵیکردن و قڕکردن لە کوردستان کۆتایی پێ بهێنرێت، ئەمە پێویستییەکە.

ئێمە ئەم دۆخەمان بینی، پارادایمی دەوڵەت و دەسەڵاتپارێزمان گۆڕی، بە خوڵقاندنی پارادایمی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیپارێزیی ژن، لەناو پەکەکەدا ڕێگەمان بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی کردەوە و بە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا، بە گونجاومان زانی کە کۆتایی بە کارەکان لەژێر ناوی ئەو پارتەدا بهێنین کە خاوەنی بەرنامەی ڕیال-سۆسیالیستی و ستراتیژیی شەڕی ڕزگاریی نەتەوەییە. کۆنگرەی ١٢یەمینی پەکەکەش کە لە ٥-٧ی ئایار کۆبووەوە، کۆتایی بە پێکهاتە ڕێکخستنییەکەی خۆی هێنا و قۆناغی پەکەکەی داخست. تێپەڕین بۆ قۆناغێکی نوێی مێژوو بە واتای دەستپێکێکی تەواو نوێ دێت. لەگەڵ ئەوەی بەرنامە و تیۆریی ڕیال-سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوە و ستراتیژیی شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی لادەبرێن؛ لە شوێنی ئەوان تیۆریی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، بەرنامەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیک بەرەوپێش دەچێت.

'کۆمۆناڵ' بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەک کە ڕێگە ڕووناک بکاتەوە، دەستی بە وەشانی خۆی کرد

کارەکتەری ستراتیژی، بەرنامەیی و تیۆریی سەردەمی نوێ بەم شێوەیەیە. گۆڕانی پارادایم و چەکدانانی پەکەکە کۆتاییهاتن نییە، بەڵکوو نیشانەی دەستپێکێکی نوێیە. لەبەر ئەوە پێویستیمان بە دەنگێکی نوێ هەیە کە دەستپێکە نوێیەکە پێناسە بکات و بیگەیەنێتە کۆمەڵگە. بۆیە پێویستە (سەرخۆبوون) کە دەنگی پەکەکە بوو، لە مێژوودا جێگەی پڕشکۆی خۆی بگرێت و دەنگی دەستپێکێکی نوێی لەم شێوەیە بخوڵقێنرێت. 'کۆمۆناڵ' لە دەرەنجامی ئەم پێویستییەدا هاتە ئاراوە و بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەک کە لە ئەرکەکانی بونیادنانی کۆمەڵایەتیدا ڕێگە ڕووناک بکاتەوە، دەستی بە وەشان کرد. بێگومان ئەم دۆخە زۆر واتادارە و پێشکەوتنێکی مێژووییە.

کۆمۆناڵ کە لە ڕەگی 'کۆم'، 'کۆبوون'ـەوە هاتووە، تایبەتمەندییەکی سەرەکیی کۆمەڵایەتییە. لەبەر ئەوەی کۆمەڵایەتیبوون و مرۆڤبوون پێکەوە و لەناو یەکتردا خوڵقان، لە بنەڕەتدا پرەنسیپی سەرەکیی مرۆڤبوون بریتییە لە کۆمۆناڵبوون، واتە پشت دەبەستێت بە ڕێکخستنی ژیانێک لەگەڵ کۆمەڵگەکەیدا. هیچ مرۆڤێک بەتەنیا بوونی نییە، ئەو مرۆڤەی کە لە ڕووی فیزیکیشەوە بەتەنیا بێت، تەنیا بە خاوەندارێتیکردن لە یادەوەری و واتای کۆمەڵایەتیبوون دەتوانێت شکۆی مرۆڤبوون بپارێزێت. بەڵام ئەو پارادایمانەی ڕزگاری کە پشت بە چین و دەوڵەت دەبەستن، بوونە هۆی ئەوەی ئەو خاڵە بنەڕەتییانەی کە دەبێت وەک بنەما هەڵبسەنگێنرێن، بە باشی نەبینرێن. زۆرێک لە بیرمەندان، زانایان و فەیلەسووفان کە هەوڵیان دا ئەم قەیرانەی سیستەم خوڵقاندوویەتی چارەسەر بکەن، یان لە کۆتا ساتەکانی تەمەنیاندا لەم ڕاستییە تێگەیشتن، یانیش بە قسەی شەرمنانە ئەمەیان هێنایە زمان. بەڵام لەناو هەموو بارودۆخێکدا ئەو پراکتیکانەی کران، ئەوەیان خستە ڕوو کە هەڵاتن لە حەقیقەت ناکرێت و کۆمەڵایەتیبوون لە بنەڕەتدا بریتییە لە ڕێکخستن لەسەر بنەما ڕاستەکان.

دەوترێت یەکێک لە فەیلەسووفە گەورەکان، فرانسیس بیکۆن، کاتێک نەخۆش بوو و لە جێگەدا کەوتبوو، وتوویەتی 'ئەگەر من ئەم نەخۆشییە تێپەڕێنم و چاک ببمەوە، لەمەودوا ڕوو دەکەمە کۆمۆناڵیزم'. ئەم قسەیە ئەوە ئاشکرا دەکات کە چۆن خۆپەرستی و ژیانی دابەشبوو مرۆڤەکان دەخاتە قەیرانەوە، لە کاتێکدا لەناو هاوپشتی و کۆمەڵایەتیبووندا واتا بەدەست دەهێنرێت. بە هەمان شێوەش زانراوە کە لینین لە دوایین ساتەکانی ژیانیدا کەوتە ناو گەڕانێکی بەرفراوان بۆ لەناوبردنی دەوڵەتپارێزی،  بیری لە شێوازە هاوبەش و دیموکراتیک‌تری ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی کردووەتەوە. هەموو ئەمانە نموونەی ئەوەن کە مرۆڤەکان هەوڵ دەدەن سەرلەنوێ ڕوو بکەنەوە کۆمەڵایەتیبوون، ژیانی هاوبەش و بەها کۆمۆناڵییەکان.

پێداگری لەسەر کۆمۆناڵیزمی دیموکراتیک، لە هەر کاتێک زیاتر پێداگرییە لەسەر مرۆڤبوون

ئەو ئەرکەی ئەمڕۆ لە پێشمانە، ئەمەیە: چنینی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر بەها کۆمۆناڵەکان و فراوانکردنی خۆڕێکخستنی گەل، لە بەرامبەر هێزی وێرانکەری مەترسیداری سەرمایەداری کە سیستەمی تاڵان و دزییە، پاراستنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی کۆمۆناڵیزمەوە، پێویستییەکی مانەوەیی سەردەمی نوێیە. بۆیە پێداگری لەسەر کۆمۆناڵیزمی دیموکراتیک، لە هەر کاتێک زیاتر پێداگرییە لەسەر مرۆڤبوون. "کۆمۆناڵ" کە لە قۆناغێکی هێندە مێژووییدا دەستی بە وەشانی سەردەمی نوێ کرد، ڕایگەیاند کە ئەو ئەرکانە دەگرێتە ئەستۆی خۆی و پێداگریی خۆیشی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە لەگەڵ ناوەکەیدا دیاری کرد. لەبەر ئەوە دەبێت ئەم بڵاوکراوە نوێیە تەنیا وەک کارێکی وەشان و چاپەمەنی نەبینرێت. بەڵکوو لە هەمان کاتدا دەبێت ببێتە دەنگی بونیادنانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئایدۆلۆژیی سەردەمی نوێ و ببێتە هێزی ڕێنیشاندەر.

بێگومان هەوڵدان بۆ بونیادنانی چوارچێوەیەکی بەهێزی تیۆری گرنگە. بەڵام پێویستیی سەردەمی نوێ ئەوەیە کە قورسایی بخرێتە سەر بابەتەکانی ڕێکخستنی پراکتیکی و لە ڕووی کارەکانی بونیادنانی کۆمەڵایەتییەوە ببێتە هێزی ڕێنیشاندەر. چونکە سەردەمی نوێ دەبێتە سەردەمی هەڵمەتی کۆمۆناڵیزم. ئەمەش لە هەمان کاتدا پێویستیی بەشداریکردن و هاوبەشیکردنە لە کارەکانی بونیادناندا کە بە تێگەیشتنێکی کۆمۆناڵیستییانە بەڕێوە ببرێت. بەشداریکردن بە هەمان ڕۆح لە کارەکاندا تەنیا بەم شێوەیە دەبێت. هێڵێکی وەشان کە خۆڕێکخستنی گەل، کۆمۆنە، ئەنجومەن، هەرەوەزی، ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ئەخلاقی و کولتوور بکاتە بنەمای خۆی، دەبێتە خاوەنی ڕۆحی سەردەمی نوێ. چونکە کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندییە ڕێکخراوەییەکانی ناو ژیانی ڕۆژانەوە گەورە و هەمیشەیی دەبێت. بۆیە بڵاوکراوەکە، لەگەڵ قووڵبوونی تیۆری، دەبێت لە هەمان کاتدا ئەزموونە ڕێکخراوەییە پراکتیکییەکان، شێوازەکان و ڕێگەکانی دەرکەوتنیان بە بەهێزی هەڵبسەنگێنێت.

ئەرک و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکان لە پێش "کۆمۆناڵ"ـن

کۆمۆناڵ لە سەردەمێکی مێژووییدا دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد، بۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکان لە پێشین. ئەگەر ئێوە ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئاستێکی شایستەدا جێبەجێ بکەن، تەنیا کارێکی بڵاوکردنەوە ناکەن؛ بەڵکوو لە هەمان کاتدا زەمینەیەکی بەهێزی تێکۆشان و تێگەیشتن دەبەخشنە ڕێپێوانی کۆمۆناڵیزم و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی سەردەمی نوێ.

من لەو باوەڕەدام کە ئێوە بەم تێگەیشتنە لە بەرپرسیارێتییەوە دەستان پێکردووە و جارێکی دیکە هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتکارانی "کۆمۆناڵ" دەخوازم.

کۆمۆناڵ کە لە بەرامبەر هەموو هێرشەکانی سیستەم بۆ پارچەکردن، پەرتەوازەکردن و لەناوبردنی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی لە ڕێگەی خۆپەرستییەوە، بە درووشمی "پێداگری لەسەر سۆسیالیزم، پێداگرییە لەسەر کۆمۆناڵیزم" وەک ئەستێرەیەک درەوشایەوە، لە گەلان، ژنان، گەنجان و سۆسیالیستە دیموکراتەکان پیرۆز دەکەم.

News ID 227488

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha