بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیا بەناوبانگەکانی وەک: سایبەر سکۆپ، دەیلی بیست، تەک ڕادار پرۆ، دەیلی کاز و ڕاو ستۆری، ئەم هێرشەیان لە ڕوانگەی تەکنیکی، ئەمنی و سیاسییەوە تاوتوێ کردووە؛ ئەوان ئەم کارە لە تێکدانێکی سادەی ئەلیکترۆنی زیاتر دەبینن و پێیان وایە نیشانەی ناڕەزایەتیی بەشێک لە لایەنگرانی کوردە بەرامبەر بە گۆڕانی سیاسەتی واشنتۆن لە هەمبەر پرسی کورددا.
هاککردنی چەند ماڵپەڕێکی سەر بە سوپای ئەمریکا و بڵاوکردنەوەی پەیامگەلێک بۆ پشتگیریکردنی کوردستان و دژایەتیکردنی "دۆناڵد ترامپ" و "تام باراک" باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، سەرنجی میدیاکانی ئەمریکا و ناوەندە تایبەتمەندەکانی بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ڕاکێشاوە. هەرچەندە هەواڵی ئەم هێرشە سەرەتا لە لایەن پێگەی "سایبەر سکۆپ"ـەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا میدیاکانی دیکەش لە زوایای جیاوازەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد؛ لە شێوازی تەکنیکیی هێرشەکەوە بگرە تا دەرهاویشتە سیاسییەکانی بۆ سەر ئیدارەی ترامپ و پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ کورددا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، دوو بەشی ناوخۆیی ئینتەرنێتیی سوپای ئەمریکا کە بریتین لە "ماڵپەڕی تاقیگەی داهێنانی سوپا" و "ناوەندی گشتگیرکردنی ژیریی دەستکردی سوپا"، لە ڕێگەی گۆڕینی ناوەڕۆکی لاپەڕەکانی هەڵەی ناسراو بە (۴۰۴) هێرشیان کراوەتەسەر؛ ئەمەش شێوازێکە کە تێیدا هاکەرەکان بەبێ ئەوەی بچنە ناو لاپەڕە سەرەکییەکانەوە، دەستکاریی لاپەڕەکانی هەڵە دەکەن و پەیامەکانی خۆیانی تێدا بڵاو دەکەنەوە.
سایبەر سکۆپ؛ سەرەتای ئاشکراکردنی ڕووداوەکە
پێگەی پسپۆڕیی "سایبەر سکۆپ" یەکەمین دەزگا بوو کە ئەم هێرشەی ئاشکرا کرد. ئەم پێگەیە نووسیویەتی کە "ڕۆناڵد لاولیس" توێژەری سەربەخۆی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، سەرەتا لاپەڕە هاککراوەکانی دۆزیوەتەوە و پاشان سوپای ئەمریکا و ڕۆژنامەنووسانی ئەم دەزگایەی لێ ئاگادار کردووەتەوە.
بە نووسینی سایبەر سکۆپ، لە لاپەڕە هاککراوەکاندا دروشمی وەک «کوردستانی ئازاد»، «کورد لێرە بوون» و هەروەها پەیامی توند دژی دۆناڵد ترامپ و تام باراک بینراون. ئەم پێگەیە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە هاکەرەکان پێدەچێت سوودیان لە کەلێنێکی ئەمنی گرتوێت لە سیستمی بەڕێوەبردنی لاپەڕەکانی هەڵە یان پاشکۆکانی سیستمی بەڕێوەبردنی ناوەڕۆکی ماڵپەڕەکەدا، هەرچەندە هێشتا شێوازی وردی هێرشەکە دیار نییە.
لاولیس هۆشداریی داوە کە بینینی ئەم گۆڕانکارییانە لە چەند ماڵپەڕێکی جیاوازدا، ئەگەری بوونی لاوازیی قووڵتر لە ژێرخانی سەرەکیدا بەهێز دەکات و بابەتەکە لە تێکدانێکی سادە گەورەتر دەکات.
دەیلی بیست؛ هێرش هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی ترامپ بۆ تورکیا
ڕۆژنامەی "دەیلی بیست" ئەم هێرشەی لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و هاوکات لەگەڵ سەردانی دۆناڵد ترامپ بۆ تورکیا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ناتۆ لێکداوەتەوە.
ئەم میدیایە ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیامی هاکەرەکان تەنیا لە دروشمی لایەنگریی کورددا کورت نەبووەتەوە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ ترامپ و تام باراکی کردووەتە ئامانج؛ دوو بەرپرس کە بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای پشتگیریکردنیان لە ئۆپەراسیۆنی حکومەتی سووریا بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە کوردنشینەکان بۆ ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق، ڕووبەڕووی ڕەخنەی چالاکوانانی کورد بوونەتەوە.
دەیلی بیست ئەم هێرشەی خستووەتە پاڵ کێشە ئەمنییەکانی دیکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و ئاماژەی بە چیرۆکی دزەکردنی زانیارییەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "سیگناڵ" لە لایەن وەزیری بەرگریی ئەمریکا، "پیت هێگسێت"ـەوە کردووە. ئەم میدیایە ئەوەشی هێناوەتەوە یاد کە هێگسێت چەند مانگێک لەمەوبەر گرێبەستێکی ۱۰۰ ملیۆن دۆلاری بۆ پاراستنی ئەلیکترۆنی بەخشیوەتە کۆمپانیایەک کە خۆی پێشینەی دزەکردنی بەرفراوانی زانیارییەکانی هەبووە.
تەک ڕادار پرۆ؛ شیکاریی تەکنیکی و سیاسیی هێرشەکە
پێگەی "تەک ڕادار پرۆ" وێڕای باسی لایەنی تەکنیکیی هێرشەکە، ئەو دوو ناوەندە پێکراوەی وەک گرنگترین ناوەندەکانی سوپای ئەمریکا لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان، ژیریی دەستکرد و ئاسایشی ئەلیکترۆنی ناساندووە.
ئەم پێگەیە ڕوونی کردووەتەوە کە لاپەڕە هاککراوەکان لەسەر ژێرخانی هەوریی مایکرۆسۆفت و سیستمی بەڕێوەبردنی ناوەڕۆکی "وۆردپرێس" بوون، و هێشتا ڕوون نییە هێرشبەران چ کەلێنێکی ئەمنیی دیاریکراویان بۆ چوونە ژوورەوە بەکار هێناوە.
تەک ڕادار پرۆ هەوڵی داوە پاڵنەرە سیاسییەکەی پشت هێرشەکە ڕوون بکاتەوە؛ بە نووسینی ئەم پێگەیە، ئەنجامدەرانی هێرشەکە پێدەچێت لە لایەنگرانی کورد بن کە بەهۆی گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد، بەتایبەت پشتگیریکردنی ئیدارەی ترامپ لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و سووریا دژ بە ناوچە کوردنشینەکان، هەستیان بە خیانت لێکردن کردووە.
دەیلی کاز؛ تیشکخستنە سەر لاوازیی ئەمنیی ئیدارەی ترامپ
پێگەی "دەیلی کاز" بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی دەیلی بیست و سایبەر سکۆپ، ئەم هێرشەی وەک نیشانەیەکی دیکەی لاوازیی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئیدارەی ترامپ وەسف کردووە.
ئەم میدیایە وێڕای ئاماژەکردن بە دروشمەکانی دژ بە ترامپ لە ماڵپەڕەکانی سوپادا، هێناویەتەوە یاد کە ئەمە یەکەمجار نییە ئیدارەی ترامپ ڕووبەڕووی قەیرانی پاراستنی زانیارییەکان دەبێتەوە و باسی لە دۆسیەی ئاشکرابوونی گفتوگۆ نھێنییەکانی شەڕی یەمەنیش کردووە لە بەرنامەی سیگناڵدا.
ڕاو ستۆری؛ هۆشدارییەک لەسەر ئاسایشی ژێرخانە سەربازییەکان
پێگەی "ڕاو ستۆری"یش بە بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانی هێرشەکە، زیاتر جەختی لەسەر هۆشداریی پسپۆڕانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کردووەتەوە.
ئەم میدیایە لە زاری "فەرۆس ئەبوخەدیجە" بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاسایشی نەرمەکاڵای "سۆکێت" نووسیویەتی: کێشە سەرەکییەکە تەنیا گۆڕینی ناوەڕۆکی لاپەڕەکان نییە، بەڵکوو ئەم هێرشە نیشانی دەدات کە بەشێک لە ژێرخانە گشتییەکانی سوپای ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ نوێکردنەوە و چاودێریی گونجاو جێهێڵدراون. بە گوتەی ئەم پسپۆڕە، ئەوەی ڕووی داوە تەنیا تێکدانێکی ئینتەرنێتی نییە، بەڵکوو بەڵگەیە لەسەر بوونی سستی لە بەڕێوەبردنی پاراستنی سیستمە ئینتەرنێتییەکانی سوپای ئەمریکادا.
کاردانەوەی سوپای ئەمریکا
دوای پێوەندیکردنی ڕۆژنامەنووسانی سایبەر سکۆپ بە سوپاوە، هەردوو ماڵپەڕەکە داخران و لەبەرچاو لادران.
مەیجەر "شان مینتۆن" وتەبێژی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە لاپەڕە هاککراوەکان لەسەر سیستمێکی کۆن بوون کە سەر بە کۆمپانیایەکی دەرەکی (لایەنی سێیەم) بووە و بە تۆڕی سەرەکی و سەربازیی سوپاوە نەبەسترابوونەوە. بە گوتەی ئەو، تیمە تەکنیکییەکان دەستبەجێ لاپەڕە زیان لێکەوتووەکانیان پاراستووە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر سەرچاوەی هێرشەکە هێشتا بەردەوامن.
بۆچی ئەم هێرشە گرنگ بوو؟
ئەوەی ئەم هێرشەی لە تێکدانێکی ئەلیکترۆنیی سادە گەورەتر کرد، هاوکاتبوونی بوو لەگەڵ سەردانەکەی دۆناڵد ترامپ بۆ تورکیا و هەستیاریی دۆسیەی کورد. زۆربەی میدیاکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە کوردەکان لە ساڵانی ڕابردوودا هاوپەیمانی سەرەکەی ئەمریکا بوون لە شەڕی دژ بە داعشدا، بەڵام گۆڕانی ڕێبازی واشنتۆن لە هەمبەر کوردی سووریا و نزیکبوونەوەی زیاتر لە ئەنقەرە، بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی بەشێک لە لایەنگرانی کورد. لەبەر ئەوە، زۆرێک لەم میدیایانە هاککردنی ماڵپەڕەکانی سوپای ئەمریکایان نەک تەنیا وەک هێرشێکی ئەلیکترۆنی، بەڵکوو وەک هەنگاوێک بە پەیامێکی سیاسیی ڕوون دژ بە سیاسەتە نوێیەکانی حکومەتی ئەمریکا بەرامبەر بە پرسی کورد هەڵسەنگاندووە.
Your Comment