نهێنیی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و سلێمانی

پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە سەردەمێک بەهۆی دەرکردنی نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە، قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی و تۆمەتبارکردنی بە هاوکاریی پەکەکە گەیشتبووە نزمترین ئاستی خۆی، ئێستا لەسەر ڕێڕەوی چاککردنەوەدایە. زنجیرە دیدارەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی هەردوولا نیشانی دەدەن کە ئەنقەرە و سلێمانی، بەهۆی گۆڕانی هاوکێشە ناوچەییەکانەوە، وەرزێکی نوێیان لە هاوکاری دەستپێکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دیدارە یەک لەدوای یەکەکانی بەرپرسانی باڵای تورکیا و سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لەوانەش دیداری هاکان فیدان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی لە ئەنقەرە و سەردانی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا بۆ سلێمانی بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، ئاماژەن بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا؛ پەیوەندییەک کە لە ماوەی نزیکەی دەیەی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکی لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان لە باکووری عێراق و سووریا، چەندین جار تووشی گرژی ببوو. ئێستا، هاوکات لەگەڵ پێشوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان حکوومەتی تورکیا و پەکەکەدا، ئەنقەرە و یەکێتی خەریکی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ئەو پێوەندییانەن کە سەردەمێک تا لێواری بڕینی تەواوەتیی پەیوەندییە سیاسییەکان و سنووردارکردنی توندی ئابووری چوو. دوایین نیشانەی ئەم گۆڕانکارییە، دیداری هاکان فیدان، وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا بوو لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە. قوباد تاڵەبانی دوای ئەم دیدارە ڕایگەیاند کە بە پابەندبوونی جیدیی تورکیا بە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە خۆشحاڵە و یەکێتی پشتگیریی تەواو لە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دەکات.

چەند ڕۆژێک پێش ئەوەش، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کۆ ببووەوە. هەردوولا لەسەر پرۆسەی ئاشتی، پەرەسەندنەکانی عێراق، سووریا و گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان کرد. سەرچاوەکانی نزیک لە یەکێتی باسیان لە ئەگەری سەردانێکی نزیکی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەنقەرەش کردووە. ئەم هاتوچۆ دیپلۆماتییانە نیشانی دەدەن کە ئەنقەرە، دوای چەندین ساڵ لە گرژی، بەدوای دۆزینەوەی کەناڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ سلێمانی. پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی لە سەردەمی سەرکردایەتیی جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی کۆچکردووی یەکێتیدا، بە گشتی هاوسەنگ بوو. جەلال تاڵەبانی لە زۆرێک لە قۆناغەکاندا ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان حکوومەتی تورکیا و ئەکتەرە کوردەکاندا دەگێڕا و لە ئەنقەرە وەک کەسایەتییەکی جێگەی متمانە دەناسرا. بەڵام دوای کۆچی دوایی ئەو لە ساڵی ٢٠١٧دا، پەیوەندییەکانی هەردوولا بە خێرایی ڕووی لە تێکچوون کرد. لە هەمان ساڵدا و دوای ڕفاندنی دوو ئەفسەری ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا لە سلێمانی لەلایەن پەکەکەوە، ئەنقەرە نووسینگەی نوێنەرایەتیی یەکێتی لە تورکیا داخست و بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری دێرینی ئەم حیزبەی لە ئەنقەرە دەرکرد، کە نزیکەی ١٧ ساڵ بوو ئەو بەرپرسیارێتییەی لەئەستۆ بوو. هاوکات، تورکیا یەکێتیی تۆمەتبار کرد بە چاوپۆشیکردن لە پەکەکە و فەراهامکردنی ژینگەی چالاکی بۆ ئەم گرووپە لە سلێمانی. ئەم تۆمەتە بوو بە گرنگترین تەوەرەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا.

قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان و گوشار بۆ سەر سلێمانی

گرژییەکان لە ساڵانی دواتریدا ڕەهەندی ئابووری و گواستنەوەشیان بەخۆوە بینی. دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ هەولێر و سلێمانی ڕاگرت. هەرچەندە گەشتەکانی هەولێر لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستیان پێکردەوە، بەڵام سنووردارکردنی گەشتەکانی سلێمانی بەهۆی ناکۆکییە ئەمنییەکانەوە بەردەوام بوو. لە ساڵی ٢٠٢٣شدا ئەنقەرە جارێکی تر هێڵە ئاسمانییەکانی خۆی بەڕووی گەشتەکانی سەرچاوەگرتوو لە سلێمانی و بەرەو سلێمانیدا داخست و ڕایگەیاند کە بوون و چالاکیی پەکەکە لەم شارەدا هەڕەشە لە ئاسایشی فڕینی تورکیا دەکات. کەمێک دوای ئەوەش، هێرشێکی درۆنی لە نێزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی، ئەو کاروانەی کردە ئامانج کە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتی تێدابوو؛ هێرشێک کە هەرچەندە تورکیا بەرپرسیارێتییەکەی نەگرتە ئەستۆ، بەڵام زۆر کەس بڕیاریان دا بیبەستنەوە بە ئەنقەرەوە. ئێستا و لە دوای دەستپێکردنی قۆناغی نوێی گفتوگۆکان، تورکیا قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ سلێمانی و لێیەوە هەڵگرتووە؛ هەنگاوێک کە وەک یەکێک لە گرنگترین نیشانەکانی کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوولا سەیر دەکرێت.

ناکۆکیی سەرەکی؛ پەکەکە و کوردانی سووریا

بە بڕوای شرۆڤەکاران، گرنگترین هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکان، نیگای جیاوازی هەردوولا بووە بۆ پەکەکە و هێزەکانی سووریای دیموکرات. تورکیا، یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) بە لقی سووریایی پەکەکە دەزانێت، لە کاتێکدا یەکێتی پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتدا دروست کردووە. ئەم پەیوەندییانە دوای بەهێزبوونی بافڵ تاڵەبانی تۆختر بوونەوە. ئەو لە ساڵانی کۆتاییدا چەندین جار سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کرد، لەگەڵ فەرماندەکانی SDF کۆ بووەوە و باسی لە هاوکاریی نێوان هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی و هێزە کوردییەکانی سووریا کرد. لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە، ئەم پەیوەندییانە بە واتای نزیکبوونەوەی زیاتری یەکێتی بوو لە پەکەکە، و لەبەر ئەم هۆکارەش گوشارە سیاسی و ئەمنییەکان دژی سلێمانی زیادیان کرد.

بەشێک لەم سیاسەتەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازی کەسیی بافڵ تاڵەبانی. ئەو هەوڵی داوە یەکێتی لە ئەکتەرێکی تەنیا ناوخۆییەوە بگۆڕێت بۆ یەکێک لە ئەکتەرە کاریگەرەکان لە هاوکێشە کوردییەکانی ناوچەکەدا؛ ڕێبازێک کە لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر هاوپشتیی نێوان کوردانی عێراق، سووریا و تورکیادا بووە. بافڵ چەندین جار باسی لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە چوار دەیە ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکە کردووە و لە پەیامەکانیدا بەبۆنەی نەورۆز و بۆنەکانی ترەوە، جەختی لەسەر یەکێتیی کوردان و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد کردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی تورکیا ئەم هەڵوێستانەیان زیاتر لەوەی بە نێوەندگیری بزانن، وەک جۆرێک لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی خۆیان تەماشا دەکرد.

بۆچی پەیوەندییەکان لە گۆڕانکاریدان؟

شرۆڤەکاران پێیان وایە چەند پەرەسەندنێکی هاوکات، زەمینەی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی پەیوەندییەکانی ڕەخساندووە:

یەکەم: دەستپێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە نێوان حکوومەتی تورکیا و پەکەکەدا وایکردووە ئەنقەرە زیاتر لە ڕابردوو پێویستی بە هاوکاریی سلێمانی هەبێت؛ چونکە بەشێکی گرنگ لە پێکهاتە و تۆڕەکانی پەکەکە لە سنووری هەژموونی یەکێتیدان.

دووەم: تورکیا گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە پشتبەستنی تەنیا بە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی لە هەرێمدا بەس نییە و پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیش بۆ دروستکردنی هاوسەنگیی سیاسی زۆر پێویستە.

سێیەم: پەرەسەندنەکانی سووریا و داهاتووی هێزە کوردییەکانی ئەو وڵاتە، ڕۆڵی یەکێتیی بۆ تورکیا تۆختر کردووەتەوە؛ بەتایبەت ئەگەر پرۆسەی ئاشتی بکێشرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی کوردانی سووریا.

لە پاڵ تێبینییە ئەمنییەکاندا، ئابووریش پاڵنەرێکی گرنگە بۆ نزیکبوونەوەی هەردوولا. بەشێکی بەرچاو لە یەدەگی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانەدایە کە لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتیدان و تورکیا لە درێژخایەندا ئەم سەرچاوانە وەک یەکێک لە بژاردەکانی دابینکردنی وزەی خۆی دەبینێت.

لە بەرامبەردا، یەکێتیش بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان، پەرەپێدانی ژێرخانەکان و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێویستی بە باشکردنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ تورکیادا. بە بڕوای شارەزایان، ئەگەرچی ناکۆکییەکان لەسەر پەکەکە و پەیوەندییەکانی سلێمانی لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریا بە تەواوی لەناو نەچوون، بەڵام بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان، پێداویستییە ئەمنییەکان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، هەردوولای بەرەو چاککردنەوەی پەیوەندییەکان بردووە. دیدارەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، ئیبراهیم کاڵن، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەکرێت وەک گرنگترین نیشانەی ئەم گۆڕانکارییە لە ڕێبازدا سەیر بکرێن، کە لە ئەگەری بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتیدا، دەتوانێت ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی یەکێک لە پڕگرژیترین قۆناغەکانی پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧وە تا ئێستا.

News ID 227487

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha