بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەلیزا مارکوس، توێژەری باڵای پرسی کورد و نووسەری دوو کتێبی گرنگ دەربارەی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، لە گفتوگۆیەکی تێروتەسەلدا لەگەڵ "دامەزراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ڕایگەیاند کە پەکەکە بە پێچەوانەی خولەکانی ڕابردوو، ئەمڕۆ لە پێگەیەکی سەربازییدا نییە کە بتوانێت بە ئاسانی جەنگێکی بەرفراوان دژی تورکیا دەست پێ بکاتەوە و بەو هۆیەوە ناچارە زیاتر لە هەر کاتێکی تر ڕێگەی سیاسی بە جدی بگرێت.
مارکوس کە کتێبەکانی "خوێن و باوەڕ" و "سەرهەڵدان و شۆڕش؛ پەکەکە و خەباتی کورد لە تورکیا و سووریا"ی دەربارەی مێژوو و گۆڕانکارییەکانی ئەم گرووپە نووسیوە، لەم گفتوگۆیەدا پەرژایە سەر پڕۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، داهاتووی پەکەکە، ڕۆڵی سووریا و عێراق، و پێگەی ئۆجەلان لە پێکهاتەی ئەم ڕێکخراوەدا.
ناوبراو لە سەرەتای گفتوگۆکەدا دەربارەی بڕیاری پەکەکە بۆ قبووڵکردنی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە مەبەستی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە وتی کە لەم بڕیارە سەرسام نەبووە، چوونکە ئۆجەلان هێشتا وەک ڕێبەری بێ ئەملاوئەولای پەکەکە ئەژمار دەکرێت و شەرعییەتی تەواوی پێکهاتەی ڕێکخراوەکە لەو سەرچاوە دەگرێت.
بە وتەی مارکوس، لە ناو پەکەکەدا ڕەنگە ناڕەزایەتی و گومان بەرامبەر بە هەندێک لە بڕیارەکانی ئۆجەلان هەبێت، بەڵام وەستانەوەی ئاشکرا لە بەرامبەریدا تا ڕادەیەک مەحاڵە. ئەو جەختی کردەوە کە بیرۆکەی دروستبوونی باڵێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆجەلان لە ناو پەکەکەدا کارێکی زۆر سەخت و دوورە لە باوەڕ.
ئەم توێژەرە ئەمریکییە بە ئاماژەدان بە شکستی پڕۆسەکانی ئاشتی پێشوو لە ساڵانی ١٩٩٩، ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ وتی جیاوازی سەرەکیی دۆخی ئێستا لەگەڵ خولەکانی ڕابردوودا لە لاوازبوونی توندی سەربازیی پەکەکەدایە. ئەو ڕوونی کردەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم گرووپە ژێرخانێکی سەربازیی بەهێزی لە ناوخۆی تورکیادا هەبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ بەدواوە وردە وردە پێگەی خۆی لەدەست داوە و ئێستا لە کردارییدا توانای ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی لە تورکیادا نەماوە.
مارکوس زیادی کرد: "تورکیا ئەمڕۆ لە ڕووی سەربازییەوە باڵادەستی ڕەهای هەیە؛ درۆنەکان، هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆژیا نوێیەکان بوونەتە هۆی ئەوەی پەکەکە چیتر نەتوانێت وەک ڕابردوو جەنگی گەریلایی کاریگەر ئەنجام بدات. ئەم گرووپە بە شێوەیەکی سەرەکی کەوتووەتە دۆخی بەرگرییەوە و تەنانەت لە هەرێمی کوردستانی عێراقیشدا لەژێر گوشارێکی تونددایە."
هەروەها جەختی کردەوە کە ڕێبەرایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق چیتر لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیای نییە و جەنگی ئێستا بە هۆکارێکی تێکدەری سەقامگیری بۆ هەرێم دەزانێت.
ئەلیزا مارکوس، لە بەشێکی گرنگی گفتوگۆکەیدا دەربارەی ئەگەری چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە جەختی کردەوە کە ئەم گرووپە بە پێچەوانەی قۆناغەکانی ڕابردوو، ئەمڕۆ لە پێگەیەکدا نییە کە بتوانێت بە ئاسانی بگەڕێتەوە بۆ جەنگی بەرفراوان و هەر ئەم بابەتە شانسی بەردەوامیی پڕۆسەی ئاشتی زیاد کردووە.
ئەو وتی لە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ٢٠٠٤، ٢٠٠٩ یان ٢٠١٥، پەکەکە ئێستا لە ڕووی سەربازییەوە زۆر لاوازتر بووە و ژێرخانە کۆنەکانی خۆی لە ناوخۆی تورکیادا لەدەست داوە. بە وتەی مارکوس، سوپای تورکیا لە ساڵانی دواییدا بە پشت بەستن بە درۆنەکان، باڵادەستی ئاسمانی و تەکنەلۆژیا نوێیەکان، توانیویەتی پێگەی سەربازیی پەکەکە بە توندی سنووردار بکات؛ بە شێوەیەک کە ئەم گرووپە چیتر وەک ڕابردوو دەرفەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی لە ناوخۆی تورکیادا نییە و بە شێوەیەکی سەرەکی لە دۆخی بەرگریدایە.
ناوبراو ڕایگەیاند: "پەکەکە ئەمڕۆ دەبێت بڕیار بدات کە ئایا دەوێت بەرەو سیاسەت هەنگاو بنێت یان ببێتە ڕێکخراوێکی کەمکاریگەر، چونکە جەنگ لە ساڵانی ڕابردوودا لە کردارییدا هیچ دەستکەوتێکی نوێی بۆ ئەم گرووپە نەبووە."
مارکوس هەروەها بە ئاماژەدان بە هەنگاوی ڕەمزیی پەکەکە لە سووتاندنی چەکەکان وتی، ئەم گرووپە لە ئێستادا بەرامبەر بە بەردەوامیی پڕۆسەی ئاشتی جدی دەردەکەوێت و لانیکەم لە کورتخایەندا ئەگەری گەڕانەوەی خێرا بۆ توندوتیژی کەمە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جەختی کردەوە کە چەکدانانی تەواوەتی و بەردەوامی پەکەکە بەندە بە ئاستی پێشکەوتنی پڕۆسەی سیاسی و وەڵامدانەوەی دەوڵەتی تورکیا بۆ داواکارییەکانی کورد. بە وتەی ئەو، ئەگەر پڕۆسەی دانوستانەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ ئەنجامێکی بەرجەستە بەردەوام بێت، ڕەنگە بەشێک لە بدەنەی پەکەکە بەرامبەر بە داهاتوو تووشی گومان بن، چونکە ئەم ڕێکخراوە هەمیشە هەوڵی داوە پێگە و یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت.
مارکوس وتیشی: "دوای دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩، نزیکەی چوار ساڵی خایاند تا پەکەکە دووبارە بەرەو جەنگ گەڕایەوە. ئێستا تەنها نزیکەی ساڵێک بەسەر پڕۆسە نوێیەکەدا تێپەڕیوە و لە ئێستادا ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم گرووپە دەیەوێت ڕێگەی ئاشتی درێژە پێبدات".
ناوبراو لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە تەنانەت ئەگەر پەکەکە بییەوێت دووبارە بچێتە قۆناغی پێکدادانەوە، بارودۆخی ئێستا لەگەڵ ڕابردوو جیاوازە و ئەم گرووپە نە لە ڕووی سەربازییەوە، نە لە ڕووی ژێرخانی ناوخۆیی و نە لە ڕووی پشتگیری ناوچەییەوە، لە پێگەی پێشوودا نییە.
ئەم پسپۆڕەی کاروباری کورد هەروەها وتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هێشتا تەنها کەسایەتییەکە کە دەتوانێت پەکەکە بەرەو ڕێککەوتنێکی ئاشتی گشتگیر ببات و بەم هۆیەشەوە ڕۆڵی ئەو لە هەر پڕۆسەیەکی ئەگەریی چەکداناندا، بە یەکلاکەرەوە دەمێنێتەوە.
مارکوس لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بڕیاری پەکەکە بۆ گەڕانەوە بۆ جەنگی شار لە ساڵی ٢٠١٥دا بە "هەڵەیەکی مێژوویی" وەسف کرد و وتی ئەم بڕیارە بووە هۆی ئەوەی بەشێکی گرنگ لە دەستکەوتە سیاسییەکانی کورد لە تورکیا لەناو بچێت.
ئەو ڕوونی کردەوە کە لەو قۆناغەدا، پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) گەیشتبووە سەرکەوتنێکی هەڵبژاردنی گەورە، کوردەکان کاریگەرییەکی سیاسی بەرفراوانیان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا هەبوو و تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بەهۆی شەڕی دژی داعشەوە پشتگیرییان لێ دەکرا، بەڵام پەکەکە وای وێنا کرد کە بە دروستکردنی جەنگی شار و ڕاگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری لە هەندێک شاردا دەتوانێت دەوڵەتی تورکیا ناچار بە پاشەکشە بکات.
بە وتەی ئەو، ئەم لێکدانەوەیە هەڵە بوو و دەوڵەتی تورکیا بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان، ژێرخانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنیی سەر بە پەکەکەی لە شارە کوردنشینەکاندا تێکشکاند.
مارکوس وتی: "زۆرێک لە کوردەکان دواتر دەیانپرسی بۆچی بنەڕەتدا ئەو جەنگە دەستی پێکرد، لە کاتێکدا لە کردارییدا کۆنترۆڵی زۆرێک لە شارەکانیان لە دەستدا بوو و فەزایەکی تا ڕادەیەک خۆبەڕێوەبەری دروست بووبوو."
ئەم پسپۆڕە درێژەیدا و ڕایگەیاند کە ئەگەرچی بێمتمانەییەکی قووڵ بەرامبەر بە دەوڵەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە نێوان کوردەکاندا بوونی هەیە، بەڵام پەکەکە ئەمڕۆ بژاردەی سنوورداری لەبەردەستدایە و بە پێچەوانەی ڕابردوو کارتی گوشاری زۆری نییە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی سووریا لە هاوکێشە نوێیەکاندا کرد و وتی بەردەوامیی پێکدادانی پەکەکە لەگەڵ تورکیا، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەنقەرە پێکهاتە کوردییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی خۆی ئەژمار بکات.
مارکوس دەربارەی لقە ناوچەییەکانی پەکەکە لەوانە یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) لە سووریاش ڕوونی کردەوە کە ئەم گرووپانە لە سەرەتادا بڕیار بوو پێکهاتەی تا ڕادەیەک سەربەخۆ بن، بەڵام لە کردارییدا لەژێر چەتری ڕێکخراوەیی پەکەکەدا مانەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو پێی وایە گۆڕانکارییە نوێیەکانی سووریا ڕەنگە وردە وردە ببێتە هۆی سەربەخۆیی کرداریی زیاتری هێزە کوردییەکانی سووریا، چونکە بارودۆخی مەیدانی چیتر ڕێگە بە بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆ لە لایەن قەندیلەوە نادات.
ئەلیزا مارکوس دەربارەی دۆخی هێزە کوردییەکانی سووریا وتی کە مەسەلەی سەرەکی چیتر مانەوەی YPG نییە، بەڵکوو داهاتووی ئەو پێکهاتە سیاسی، کارگێڕی و کۆمەڵایەتییانەیە کە کوردەکان لە ماوەی ساڵانی جەنگی ناوخۆدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دروستیان کردووە.
مارکوس جەختی کردەوە کە کوردانی سووریا ئێستا هەوڵ دەدەن بەشێک لەم پێکهاتانە بپارێزن، لە ئەنجومەنە خۆجێییەکانەوە تا دامەزراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان، بەڵام دەوڵەتی نوێی دیمەشق هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر بەم داواکارییانە هەیە.
ئەو هەروەها وتی دانوستانەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا لایەنی مەعنای مامەڵەکردن لەسەر داهاتووی کوردانی سووریا نییە و ئۆجەلانیش دەسەڵاتی دیاریکردنی چارەنووسی سووریای نییە. بە وتەی ئەو، داهاتووی کوردانی سووریا زیاتر بە دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هێزە کوردییەکانی سووریاوە بەندە نەک بە ڕێککەوتنەکانی تورکیا و پەکەکە.
ئەلیزا مارکوس هەروەها جەختی کردەوە ئەزموونی کوردانی سووریا و هەستی "جێهێشتن" لە لایەن ئەمریکاوە دوای جەنگی داعش، بووەتە هۆی ئەوەی گرووپە کوردییەکان بەرامبەر بە متمانەکردن بە واشنتۆن وریاتر بن. ئەو وتی سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان لە سستیی پڕۆسەی دانوستانەکان، پەکەکە لە ئێستادا لە ڕێگەی ئاشتیدا بە جدی دەردەکەوێت و هەنگاوە ڕەمزییەکەی سووتاندنی چەکەکانیش نیشانەیەک لە هەمان ڕوانگەیە.
بە وتەی مارکوس، تەنانەت ئەگەر دانوستانەکان شکستیش بهێنن، ئەم بابەتە لایەنی مەعنای لاوازبوونی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نییە، چونکە بەشێکی گەورە لە کوردەکان ئەو هێشتا بە تەنها کەس دەزانن کە توانای ئاڕاستەکردنی پەکەکەی بەرەو ڕێککەوتنی ئاشتی هەبێت.
Your Comment