ڕەوتی وەرچەرخانی هزری پەکەکە لە ماوەی نیو سەدەدا

​ئلیزا مارکۆس، نووسەری کتێبی «ڕاپەڕین و شۆڕش»، پێیوایە مێژووی پەکەکە ئاوێتەیەکە لە جەنگ، وەرچەرخانی ئایدۆلۆژی، درز و ململانێی ناوخۆیی و هەوڵدان بۆ پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی کورد لە ناوچەکەدا.

​بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئلیزا مارکۆس، ڕۆژنامەنووس و توێژەری ناسراو، لە هەڤپەیڤینێکی تێروتەسەلدا لەگەڵ ماڵپەڕی «ئامارجی»، تیشک دەخاتە سەر وەرچەرخانە مێژووییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا، گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و داهاتووی ئەم حزبە دوای خەباتی چەکداری.
​مارکۆس کە ساڵانێکی زۆرە چاودێری ڕەوشی کورد لە تورکیا و سووریا دەکات، کتێبە نوێیەکەی بە ناوی «ڕاپەڕین و شۆڕش؛ پەکەکە و خەباتی کورد لە تورکیا و سووریا» بڵاوکردەوە. کتێبەکە باس لە ڕێڕەوی پەکەکە دەکات لە کاتی دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی ۱۹۹۹وە تاوەکو پێشهاتەکانی ئەمدواییەی سووریا و بڕیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی گەریلایی لە ناوخۆی تورکیا.
​لە گێڕانەوەی فەرمییەوە بۆ ناو جەماوەر
​مارکۆس دەڵێت لە کۆتایی هەشتاکاندا کاتێک لە تورکیا وەک پەیامنێر کاری دەکرد، تەنیا باوەڕی بە گێڕانەوەی فەرمیی دەوڵەت و میدیاکانی تورکیا هەبوو کە پەکەکەیان وەک ڕێکخراوێکی «تیرۆریستی» دەناساند. بەڵام دوای سەردانی بۆ ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە، تێڕوانینی گۆڕا؛ چونکە خەڵک وەک ڕۆڵەی خۆیان و خەباتگێڕی ڕێگەی ئازادی سەیری گەریلاکانیان دەکرد.
​درزەکانی ناوخۆ و پەیوەندییە تەمومژاوییەکان
​ئەم توێژەرە لە کتێبە نوێیەکەیدا، جگە لە ئەندامانی جیابووەوە، چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئێستای پەکەکە وەک "جەمیل بایک"یش کردووە. یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی توێژینەوەکەی، ئاشکراکردنی پەیوەندی نێوان «بازەکانی ئازادی کوردستان» (TAK) و پەکەکەیە. مارکۆس دەڵێت: "TAK بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانە لە ناوخۆی تورکیا دروست کرا کە پەکەکە نەیدەویست ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتییان بگرێتە ئەستۆ."
​ئەزموونی سووریا؛ کۆپیکردنی مۆدێلی پەکەکە
​مارکۆس پێیوایە پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان هەمان مۆدێلی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازیی باکووری پیادە کرد. دەڵێت کاتێک لە ساڵی ۲۰۱۱ جەنگی ناوخۆیی سووریا دەستی پێکرد، پەکەکە بە هێز و چەکەوە ئامادە بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکان، لە کاتێکدا لایەنە کوردییەکانی دیکە ئامادەکارییان نەبوو.
​وەرچەرخانی ئایدۆلۆژی و "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک"
​سەبارەت بە گۆڕانکارییە فکرییەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە پەکەکە لە داواکاری "سەربەخۆیی"یەوە بەرەو تیۆری "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک" هەنگاوی ناوە کە جەخت لەسەر خۆبەڕێوەبەریی ناوخۆیی دەکاتەوە. بەڵام مارکۆس دەڵێت لە نێوان تیۆرییەکانی ئۆجەلان و شێوازی فەرمانڕەوایی لە سووریا، جیاوازییەک هەستی پێ دەکرێت.
​جەنگی خەندەقەکان؛ هەڵەیەکی مێژوویی
​مارکۆس پڕۆسەی ئاشتیی ساڵانی ۲۰۱۳ تا ۲۰۱٥ بە نزیکترین دەرفەت بۆ ڕێککەوتن دەزانێت، بەڵام بڕیاری پەکەکە بۆ دەستپێکردنی «جەنگی خەندەقەکان» لە شارەکاندا بە «هەڵەیەکی مێژوویی» ناو دەبات. دەڵێت لەو کاتەدا کورد لە بەرزترین ئاستی کاریگەریی سیاسی و نێودەوڵەتیدا بوو، بەڵام گەڕانەوە بۆ شەڕی چەکداری لە ناو شارەکاندا، ئەو دەرفەتە زێڕینەی لەباربرد و شەرعییەتی نێودەوڵەتیی پەکەکەی لاواز کرد.
​داهاتووی پەکەکە
​لە کۆتاییدا، ئلیزا مارکۆس پێشبینی دەکات کە پەکەکە ناچار بێت زیاتر بەرەو کاری سیاسی و مەدەنی هەنگاو بنێت. جەختیش دەکاتەوە کە ناکرێت ڕۆڵی مێژوویی ئەم گرووپە لە گۆڕینی پێگەی سیاسی و ناسنامەی کورد لە تورکیا و سووریا پشتگوێ بخرێت، تەنانەت ئەگەر لە داهاتوودا تووشی گۆڕانکاریی بنەڕەتی یان دابەشبوونیش ببێت
.

News ID 227110

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha