کوردپرێس: پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) کە ئەم دواییانە ناوی خۆیان گۆڕیوە بۆ "بزووتنەوەی ئاپۆیی"، چووەتە قۆناغێکەوە کە تەنیا لە پەیوەندییە ناوخۆییەکانی تورکیا و کورددا کورت نابێتەوە، بەڵکو نەخشەی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکەشی گۆڕیوە. ئەم پڕۆسەیە ئێستا کاریگەری کردووەتە سەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ ئەکتەرە کوردییەکانی عێراق و سووریا، تەنانەت پەیوەندیی نێوان پارتە کوردییەکانی ناوچەکەشی خستووەتە قۆناغێکی نوێوە، کە تێیدا چارەنووسی ئەم ئەکتەرانە زیاتر لە جاران بە یەکترەوە بەستراوەتەوە.
لە کاتێکدا، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە هەولێر، بووەتە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی نێوەندگیری نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF). ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە هات کە پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانی سەر بە دیمەشق و هێزە کوردییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوویدا و لە کۆتاییدا گەیشتە ڕێککەوتنێکی لەرزۆک بۆ یەکگرتنەوە. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، بڕیارە هێزەکانی SDF لە ناو سوپای سووریادا تێکەڵ بکرێن و حکومەتی ناوەندیی دیمەشقیش کۆنترۆڵی تەواوی ئەو ناوچانە بگرێتە دەست کە لەژێر دەسەڵاتی ئەو هێزانەدا بوون. هاوکات، هەوڵەکانی تورکیا بۆ چارەسەری "کێشەی کورد" لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا، زەمینەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییە مێژووییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕەخساندووە.
تورکیا و متمانەبەخۆبوونی نوێ لە سیاسەتی ناوچەییدا
پەرەسەندنەکانی ساڵانی دوایی نیشانی دەدەن کە سیاسەتی ناوچەیی تورکیا بە متمانەیەکی زیاترەوە بەڕێوە دەچێت. لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا کە لەلایەن ئەنقەرەوە پاڵپشتی دەکرێن، توانییان حکومەتی بەعس لە دیمەشق بڕووخێنن؛ ڕووداوێک کە پێگەی تورکیای لە هاوکێشەکانی سووریادا بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز کرد.
لەم نێوەندەدا، پڕۆسەی کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەی نێوان تورکیا و پەکەکە چووەتە قۆناغێکی جدییەوە. دوای ڕاگەیاندنی ئامادەیی پەکەکە بۆ دانانی چەک لە ئایاری ٢٠٢٥، کۆمیسیۆنی تایبەتی پەرلەمانی تورکیا بە پاڵپشتی پارتە کوردییەکان، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکات. شارەزایان پێیان وایە ئەنقەرە ئەمجارە هەوڵی داوە وانە لە شکستی دانوستانەکانی ئاشتی ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ وەربگرێت، کە بەهۆی پشتگوێخستنی پرسی کوردی سووریا، لە کۆتاییدا هەرەسی هێنا. ئێستا ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و SDF، بەشێک لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیای لە سووریا ڕەواندووەتەوە.
بەڵام نیگەرانییە ناوچەییەکانی تورکیا هەر بەردەوامن. یەکێک لە گرنگترین دڵەڕاوکێکانی ئەنقەرە، ئەگەری پاڵپشتی ئیسرائیلە لە پەکەکە و هێزە کوردییەکانی سووریا بۆ سنووردارکردنی نفوزی تورکیا لە ناوچەکەدا. هەر بۆیە حکومەتی تورکیا هەوڵی داوە هاوکات لەگەڵ کەمکردنەوەی گرژییە ناوخۆییەکان، هەڕەشە ئەگەرییەکانی سەر سنوورە باشوورییەکانیشی بەڕێوە ببات. زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و هەروەها فراوانبوونی بوونی سەربازی ئیسرائیل لە لوبنان و باشووری سووریا، لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر پێگەی ناوچەیی تورکیا دادەنرێت.
عێراق؛ لە ڕکابەریی ئەمنییەوە بۆ هەوڵدان بۆ ئاشتەوایی
باکووری عێراق هێشتا یەکێکە لە گرنگترین گۆڕەپانەکانی ڕکابەری و مامەڵەی تورکیا لەگەڵ ئەکتەرە کوردییەکان. سوپای تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا بوونی سەربازی خۆی لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق فراوان کردووە و ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکە چڕ کردووەتەوە؛ هەنگاوێک کە چەندین جار ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بەغدا و هەندێک لایەنی کوردی بووەتەوە.
هەرچەندە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نزیک و ستراتیژی بووە، بەڵام پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵانی دواییدا پڕ لە گرژی بووە. تورکیا چەندین جار سلێمانیی تۆمەتبار کردووە بە هاوکاری ناڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکەکە و هەر ئەمەش درزی نێوان دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستانی قووڵتر کردووەتەوە. هێرشە درۆنییەکانی تورکیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا نیشانی دا کە ئەنقەرە بۆ شوێنکەوتنی ئامانجە ئەمنییەکانی لە عێراق، سنوورێکی ئەوتۆ ناناسێت.
بەڵام لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نیشانەکانی کەمبوونەوەی گرژی لە نێوان تورکیا و سلێمانی بینراوە. میوانداریکردنی یەکێتی لە مەراسیمی چەکدانانی هێزەکانی پەکەکە، لە ڕوانگەی چاودێرانەوە وەک نیشانەیەک بۆ ویستی ئەم پارتە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی ئاشتیدا بینرا. تورکیاش لە بەرامبەردا، قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ سلێمانی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ هەڵگرت. ئەم بڕیارە دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا.
جگە لەمانە، پاڵپشتی تورکیا بۆ پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە شێوەی خولی بە کەسایەتییەکی تورکمان کە نزیکە لە بەرەی تورکمانی ــ بەپێچەوانەی هەڵوێستی پارتی ــ وەک نیشانەیەکی دیکەی نزیکبوونەوەی تدریجی ئەنقەرە و یەکێتی دادەنرێت.
سووریا؛ لە ڕووبەڕووبوونەوەوە بۆ هاوکارییەکی وریایانە
پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە لەژێر کاریگەریی ناکۆکییەکانی سەر پەکەکەدا بووە، بەڵام پەرەسەندنە نوێیەکان ئەم هاوکێشەیەی گۆڕیوە. ئێستا کە هەولێر وەک یەکێک لە دەستەبەرە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی دیمەشق و SDF دەناسرێت، دیدارە بەردەوامەکانی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ مەسعود بارزانی بووەتە هێمایەک بۆ نزیکبوونەوەی هەردوولا.
ئەم نمایشە لە یەکگرتوویی کوردی، هەم بۆ پارتی و هەم بۆ فەرماندەی SDF گرنگی سیاسی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێزە کوردییەکانی سووریا دوای کشانەوەکانی ئەم دواییەیان لە بەرامبەر هێزەکانی سەر بە دیمەشق، زیاتر لە جاران پێویستیان بە پاڵپشتی سیاسی و ناوچەیی هەیە.
بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و SDF، بۆ تورکیاش گرنگی هەیە. ئەنقەرە ئێستا گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەگەر هێزە کوردییەکانی سووریا لەناو حکومەتی دیمەشقا تێکەڵ ببن و هەڕەشەی ئەمنی بۆ سەر تورکیا دروست نەکەن، دەکرێت لە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەها تێپەڕ بن. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بەم دواییانە جەختی کردبووەوە کە هێزە کوردییەکانی سووریا دەبێت بچنە ناو "گۆڕانکارییەکی مێژوویی" کە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دروست نەکات.
لە لایەکی دیکەوە، سەرکردە کوردەکانی سووریاش درکیان بە پێویستی کەمکردنەوەی گرژی لەگەڵ ئەنقەرە کردووە. ئاڵدار خەلیل، یەکێک لە سەرکردەکانی پەیەدە، ڕایگەیاندبوو کە بەبێ ڕەزامەندی تورکیا، زۆرێک لە ڕێککەوتنە ناوچەییەکان بە ناتەواوی دەمێننەوە. لەم چوارچێوەیەدا، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەک لە ئەندامە ناسوورییەکانی SDF خاکی سووریایان بەجێهێشتووە و چوونەتە چیاکانی قەندیل لە عێراق؛ هەنگاوێک کە بەشێک لە داواکارییە ئەمنییە مێژووییەکانی تورکیا دابین دەکات.
دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا
پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە ناتوانرێت وەک کۆتایی ناکۆکییەکان دابنرێت، بەڵام بەبێ گومان ناوچەکە چووەتە قۆناغێکی نوێوە. هەرچەندە ئاساییبوونەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی تورکیا و هێزە کوردییەکانی سووریا هێشتا دوور دەردەکەوێت، بەڵام ئەگەری گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و تەنانەت سەردانی سەرکردە کوردەکانی سووریا بۆ ئەنقەرە چیتر سیناریۆیەکی مەحاڵ نییە.
لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم پڕۆسەیە، هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا، عێراق و ناوچە کوردنشینەکانی سووریا؛ بەتایبەت لە بواری وزە، ئاوەدانکردنەوە و بازرگانیدا دەکرێت فراوانتر بێت. بەڵام داهاتووی ناوچەکە هێشتا تەمومژاوییە. زیادبوونی گوشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەروەها چڕبوونەوەی ڕکابەریی زلهێزە ناوچەییەکان، هەموویان دەتوانن هاوکێشەکان بگۆڕن. سەرەڕای ئەمانە، پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە نیشانی دەدات کە تورکیا زیاتر لە جاران گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ناتوانێت ئاسایش و سەقامگیری خۆی جیا لە چارەنووسی کوردانی ناوچەکە پێناسە بکات.
Your Comment