لێکدابڕانی جوگرافیایی خاڵی لاوازی کوردانی سووریا

هاوسنوور نەبوونی عەفرین، کۆبانێ و حەسەکە هەر چەشنە هەوڵێک بۆ دروست کردنی کیانێکی یەکپارچەی کوردی لە سووریا تووشی شکست دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شیکردنەوەی ڕاستییە مەیدانییەکانی باکووری سووریا دەری دەخات کە پێکهاتەی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە، هەر لە سەرەتاوە توانایەکی سنوورداری هەبووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی کوردی؛ هەر ئەم هۆکارەش وای کردووە کە لاوازبوون و پاشەکشەی پلەبەندیی سیستەمی سیاسی بە ڕێبەرایەتی «هێزەکانی سووریای دیموکرات» تا ڕادەیەکی زۆر پێشبینی کراوبێت.

بەپێی ئەم هەڵسەنگاندنە، پەشێویی جوگرافیی کورد لە سووریادا —کە لە سێ ناوچەی لێکدابڕاوی عەفرین، کۆبانی و حەسەکەدا چڕ بوونەتەوە— لەگەڵ بوونی بەرفراوانی دانیشتووانی عەرەب و مەسیحی، ڕێگر بووە لە دروستبوونی قەڵەمڕەوێکی یەکگرتوو و سەقامگیر. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێچەوانەی سووریاوە، کوردەکان لە وڵاتانی دراوسێدا خاوەن چڕییەکی جوگرافیی زیاترن. تەنانەت خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانی کوردی سووریا لە دەرەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەژین؛ ئەمەش وای کردووە هەر ستراتیژێک کە تەنیا جەخت لەسەر ئەم ناوچانە بکاتەوە، ڕووبەڕووی تەحەددای جیدی ببێتەوە.

لە نێوان ئەمانەدا، پارێزگای حەسەکە وەک ناوەندی سەرەکیی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری، ئاڵۆزترین ئاوێتەی دانیشتووانی هەیە. زۆربەی دانیشتووانی ناوچە گوندنشینەکانی ئەم پارێزگایە عەرەبن و لە شارە سەرەکییەکانیشدا ئاوێتەیەکی هەمەچەشن لە کورد، عەرەب و مەسیحییەکان نیشتەجێن. لە شاری حەسەکەدا، کوردەکان کەمینەیەکی بەرچاون و لە قامیشلوشدا، هەرچەندە زۆرینەی ڕێژەیی لە ناو شاردا هی کوردە، بەڵام دەوروبەرەکەی بە گشتی عەرەبنشینە. ئەم دۆخە پڕۆژەیەک کە تەنیا ڕەهەندێکی کوردی هەبێت، تووشی سنووردارییەکی جیدی دەکاتەوە.

لە بەرامبەردا، ناوچەی عەفرین سەرەڕای گرنگییە جیۆپۆلیتیکییەکەی —بەتایبەت بەهۆی نزیکی لە دەریای ناوەڕاست— لە هاوکێشە ستراتیژییەکانی کورددا کەمتر بایەخی پێ دراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێگەی جوگرافیی ئەم ناوچەیە دەیتوانی لە درێژخایەندا سوودێکی زیاتر لە حەسەکە یان کۆبانی دابین بکات. جەختکردنەوە لەسەر جێگیرکردنی خۆبەڕێوەبەری لە حەسەکە، لەسەر حیسابی لاوازکردنی پێگەی عەفرین، لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە بە بڕیارێکی پڕ تێچوو هەژمار دەکرێت.

 

ئەم شیکارییە هەروەها ئەو گریمانەیە ڕەت دەکاتەوە کە لایەنێکی سیاسیی دیکەی کوردی دەیتوانی ئەنجامێکی باشتر بەدەست بهێنێت. بە پێچەوانەوە، ڕێبازێکی نەتەوەیی ڕاشکاوانەتر، پێدەچوو بە توندیی زیاترەوە لەگەڵ ڕاستییە دیمۆگرافییەکاندا بەریەککەوتنی هەبێت و دەستکەوتی کەمتری لێ بکەوێتەوە. لە ڕاستیدا ئەوەی هەسەدە لە سووریادا بەدەستی هێنا، بە بەراورد بە دۆخی هەبوو، دەستکەوتێکی کەم وێنە ئەژمار دەکرێت.

سەرەڕای ئەمانە، ئەم بابەتە بە واتای پشتگوێخستنی لاوازییەکانی حکومڕانیی هەسەدە نییە. کارانەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەتایبەت لە شارەکانی وەک حەسەکە، لە کێشە درێژخایەنەکانی ئەم پێکهاتەیە بووە. بەڵام ڕەخنەی سەرەکیی ڕەوتە نەتەوەییەکان، نەک ئەم بێتواناییانە، بەڵکو ئاستی نەرمی و سازشی هەسەدە بووە لە هەمبەر عەرەب و مەسیحییەکاندا؛ ڕێبازێک کە لە کردەوەدا لە پێویستییە دیمۆگرافییەکانی ناوچەکە سەرچاوەی گرتبوو.

لە دۆخی ئێستادا، چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق ڕەنگدانەوەی ئەم سنووردارییانەیە. بەپێی ئەم چوارچێوەیە، بەشێک لە دەسەڵاتە ناوخۆییەکان دەپارێزرێن، بەڵام کۆنترۆڵی دامەزراوە دادی و ئەمنییەکان دەخرێتەوە ژێر دەستی حکومەتی ناوەندی؛ پێکهاتەیەک کە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا خاوەن شەرعیەتێکی بەرفراوانترە. ئەم دابەشکردنی کارە، لە ناو واقیعێکی وەهای دانیشتوواندا، وەک پێویستییەکی کرداری دەبینرێت.

هاوکات، ڕێبازی دیمەشق لە ناوچە جیاوازەکاندا جیاواز بووە. لە کۆبانی بەهۆی یەکدەستیی زیاتری دانیشتووان، حکومەت بە خێراییەکی زیاترەوە پێکهاتەکانی هەسەدەی لاواز کردووە، بەڵام لە حەسەکە بەهۆی ئاڵۆزیی پێکهاتەی دانیشتووان، ڕێبازێکی بەحەزەرتری گرتووەتە بەر.

لە ئاستی جێبەجێکردندا، هەردوو لا لەسەر کردنەوەی پلەبەندیی دادگا دەوڵەتییەکان لە حەسەکە و قامیشلۆ گەیشتوونەتە ڕێککەوتنم. هەروەها بڕیارە دادوەرەکانی پێشووی دەوڵەت لە تەک هەندێک دادوەری دەستنیشانکراوی هەسەدە —ئەگەر لێهاتوویی پێویستیان هەبێت— لە ناو پێکهاتە نوێیەکەدا تێکەڵ بکرێن. ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانیش بەردەوامە تا زەمینە بۆ ڕادەستکردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بە دەوڵەت خۆش بکرێت. جگە لەوەش، بڕیارە هێزە ناوخۆییەکانی سەر بە هەسەدە بە شێوەی تاکەکەسی و لە چوارچێوەی هێزی پاسەوانی سنووردا بچنە ناو پێکهاتەی فەرمیی سوپای سووریاوە.

بە گشتی، زانیارییە دیمۆگرافی و جوگرافییەکان دەری دەخەن کە پڕۆژەی سیاسیی کورد لە سووریادا، زیاتر لەوەی لەژێر کاریگەریی هەڵبژاردە تاکتیکییەکاندا بێت، ڕووبەڕووی سنووردارییەکی قووڵی پێکهاتەیی بووەتەوە کە هێشتاش سێبەر دەخاتە سەر ئایندەی ئەم دۆسیەیە.

News ID 227107

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha