کوردپرێس:
لە ساحەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا ناوی جەلال تاڵەبانی گرێ دراوە بە قۆناغی ڕاگوزەری مێژوویی و ئاشتیخوازی و سیاسەت کردن لە سەر بنەمای نەرمی نواندن. مام جەلال لە پەنجاکاندا وەکوو یەک لە هەڵسووڕاوانی سیاسیی کورد، دەرکەوت و لە ۱۹۷۶دا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بونیات نا و یەکەمین سەرۆککۆماری کوردی عێراق بوو. ئەوە لووتکەی ڕوئیای چریکێک بوو کە بەسەرهات و چارەنووسێکی وەک فیدل کاسترۆ بۆ خۆی تۆمار بکات. ئەو پیاوە توانیی بە پشت بەستن بە کاریزمای کەسایەتیی خۆی تۆڕێکی پێوەندیی بەرفراوانی ناوچەیی و بە توانای خۆی لە دیالۆگدا، یەکێتی بکات بە یەکێک لە دوو جەمسەری سەرەکیی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی جەلال تاڵەبانی پاش شۆڕشی ئیسلامیی ۱۹۷۹ی ئێران و پاش ئەوەش لە شەڕی عێراق و ئێراندا لای ئێرانی گرت و تا کۆتایی شەڕ و پاش ئەوەش هەر وەفای بۆ ئێران هەبوو.
مام جەلال لە لووتکەی دەسەڵاتدا و ئەو کاتەی سەرۆککۆمار بوو واژۆی لە سەر قەراری لە سێدارەدانی دوژمنە خوێنییەکەی کوردەکان (سەدام حوسێن) نەکرد ئەوەش لە پێناو یەکڕیزیی نیشتمانیی عێراق و سەلماندنی ئاشتیخوازیی کوردەکان.
مام جەلال لە مەوزووعی ۳۱ی ئابدا چاوپۆشیی لە ڕاکردنی ڕکابەرە کۆنەکەی کرد و ڕێگەی پێدان کە لە سلێمانییەوە بەرەو کەرکووک هەڵبێن. ئەو کەسایەتییە هەرگیز وەڵامی دەنگی ناڕازیی بە توندوتیژی نەدەدایەوە و بە پێدانی سەکۆی ڕەخنەگرتن و دامەزراندنی سەکۆی هەمیشەیی ڕەخنە لە پارکی ئازادی مامەڵەی لەگەڵ بابەتی ناڕەزایی کرد. لە سەردەمی مام جەلالدا یەکێتی دەوری کۆڵەکەی سەقامگیریی سیاسی دەبینی و سلێمانی چەقی قەرارە گرینگەکان بوو. ئەوەش ڕۆڵێک بوو کە تا کۆتا ساڵەکانی تەمەنی سیاسیی مام جەلال بەردەوام بوو.
لە سەردەمی مام جەلالدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک لە دوو کۆڵەکەی سەرەکیی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بوو و هاوشانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە سیاسەتی هەرێم و عێراقدا دەبینی. کاریگەریی کاریزماتیک و خیتابی نەتەوەیی و توانای دانوستانی سیاسیی ئەو پیاوە وای کردبوو کە کاریگەریی حیزبەکەی تەنها بە ناوچەی ناسراو بە زۆنی سەوز (سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین) کورت نەکرێتەوە و لە سەر ئاستی هەرێمیشدا وەک هێزێکی کاریگەر و متمانەپێکراو دەرکەوێت. لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە ساڵی ۱۹۹۲ بەڕێوە چوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ۴۹ کورسیی مسۆگەر کرد و هاوشانی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێک بوو لە دوو ئەکتەری بێ ڕکابەری دەسەڵاتداری لە هەرێمی کوردستان. ئەو پێگەیە تا دەیەی یەکەمی ۲۰۰۰ بەردەوام بوو. بەڵام لە کۆتایی ئەو دەیە بەتایبەتی پاش جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ۲۰۰۹، یەکەم درزی قووڵ کەوتە هەیکەلی ناڕازی و هێزە ڕیفۆرمخوازەکانی ئەو حیزبەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و بزووتنەوەی گۆڕان هەر زوو بوویە یەکێک لە هێزە کاریگەرەکانی سنووری سلێمانی. ئەم جیابوونەوەیە و نەخۆش کەوتنی درێژخایەنی مام جەلال لە ۲۰۱۲ و دوورکەوتنەوەی لە ساحەی سیاسی، وای کرد کە یەکێتی تووشی بۆشایی کاریزماتیک بێت و بۆیەش لێکترازان و چەند دەستەیی داوێنی حیزبەکەی گرت و پێگەی دەنگی مێژوویی ڕووی نا لە دابەزین. ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ۲۰۱۳ بەئاشکرا ئەوە دەسەلمێنێت. یەکێتی بۆ یەکەم جار ژمارەیێکی زۆر لە کورسییەکانی لە سنوری سلێمانی تەسلیمی گۆڕان کرد. ئەو بابەتە لە هەڵبژاردنەکانی ۲۰۱۸ و ۲۰۲۳یشدا دووبارە بوویەوە و یەکێتی نەیتوانی پێگەکەی پێشووی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ۲۰۱۸ تەنها ۲۱ کورسیی بەدەست هێنا و بە کرداری لە ڕکابەری کەوتە دواوە. لە بەرامبەردا پارتی توانیی پێگەی خۆی بەهێزتر بکات.
پاش کۆچی دوایی مام جەلال لە ۲۰۱۷، یەکێتیی نیشتمانی تووشی کۆمەڵێک کێشە هات کە ئەمڕۆکە لێی بۆتە قەیرانی هەیکەلی و دەکرێت ئەو قەیرانانە لە چوار تەوەردا کورت بکەینەوە:
یەکەم: کەلێنی قووڵ سەرکردایەتیی. ڕکابەریی نێوان میراتهەڵگرانی بنەماڵە و حیزبەکەی تاڵەبانی، بەتایبەتی ڕکابەریی نێوان بنەماڵەکەی و جیلی سیاسیی کادیرە کۆنەکان، بووە هۆی لاواز بوونی یەکڕیزیی ناوخۆی حیزب و سەرهەڵدانی چەندین ناوەندی هاوتەریب بۆ قەراردان. نەبووی دەموچاو و کەسایەتیی خاوەن سەنگ و پێگەی کاریزمایی وەک مام جەلال بووە هۆی ئەوەی بڕیارە گەورەکانی حیزب لە چوارچێوەی مۆئەسساتی حیزبیدا دەرنەکرێت بەڵکوو لە هاوپەیمانیی کاتی و پشت ئەستوور بە کەسایەتی قەرار بدرێت.
دووهەم: وەلا نانی کادیر و فەرماندە کۆنەکان. بەشێکی سەرەکیی ئەو هێزانەی لە سەردەمی شاخدا دژی بەعس و لەپێناو پێکهاتنی هەیکەلی حیزبیدا دەوری ئەساسییان بینی، لە پێکهاتەی ئێستاکەی حیزبەکەدا خرانە پەراوێزەوە. ئەوەش بووە هۆی پووکانەوەی پێگەی کۆمەڵایەتیی حیزب و دابەزینی هەستی یەکێتی بوون لە ناوخۆی حیزب. ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو بابەتە بەڕوونی دەسەلمێنێت.
سێیەم: گۆڕینی وجوودی حیزبی لە هێزێکی سیاسییەوە بۆ کۆمەڵەیێکی ئەمنی. لە ماوەی ئەو ساڵانەی ڕابردوودا بەشێکی یەکێتی لە جیاتی بووژاندنەوەی فراوان کردنی دەسەڵاتی سیاسی بە کاری حیزبی و بەرنامە بۆ مەڵبەندەکان، تەرکیزی کردۆتە سەر بەهێزکردنی باڵی سەربازی و ئەمنی. ئەو پڕۆسەیەش سەرباری ئەوەی بێ متمانەیی لە کۆمەڵگە دروست دەکات، زەمینە بۆ نفووز و پەرەسەندن و بەهێزبوونی خەڵکانێک خۆش دەکات کە ناتەبا و نامۆن بە بەرژەوەندیی گشتی و دەموچاوی حیزبەکەیان لە هێزێکی سیاسیی کاریگەرەوە بۆ ئەکتەرێکی ئەمنی دابەزاندووە.
چوارەم: لاوازبوون لە توانای شەرعیەت بەخشین و بووژاندنەوەی ناوەندەکانی قەرار. لێڵ بوون و شەفاف نەبوونی پڕۆسەی هەڵبژرادنی حیزبی و دیالۆگی ناوخۆی حیزب، قرارەکانی خزاندۆتە ناو بازنەی بەرتەسکی خێزانی و سیاسی و ڕێگرە لە سەرهەڵدانی دەموچاوی تازەی و بەهێزکردنی شەرعیەتی موئەسسەاتی حیزبی. ئەوەش بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی مام جەلال کە سەرباری تەرکیزی کاریزمایی، کەشێکی لەباری بۆ ڕەخنە و دیالۆگ ڕەخساندبوو، پاشەکشەیێکی ئاشکرای حیزبییە.
میراتهەڵگرانی ڕاستەقینەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دڵساردبوونەوە و کاڵ بوونەوەیان پێوەدیارە و هەندێکیشان پەراوێز خراون. لەو قۆناغەدا پێویستە گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی ئەوسای یەکێتی ببێتە سەرمەشقی عەقڵییەتی جیلی بەڕێوەبەر و میراتهەڵگرانی مام جەلال. هەندێک هەڵسوکەوتی میراتهەڵگرەکانی مام جەلال بە ئەنقەست و بە نائەنقەست خشت بە خشتی بینای متمانەی ئەو یادگارییە نەمرە لێدەکەنەوە و حیزبەکە بەرەو وجوودێکی سەربازی و ئەمنی پەلکێش دەکەن کە ژینگەی خەڵکانێکی نالەبار بۆ کۆمەڵگە و ناوچەکە ئەژمار دەکرێت.
ئەنجامی ئەو پڕۆسەیە دابەزینی دەور و ڕۆڵی یەکێتی لە هاوسەنگیی هێز لە هەرێم و عێراق دەبێت و لێکترازانی نوخبەی سیاسی و هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە سنووری ژێردەسەڵاتی ئەو حیزبە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. قەیرانی ئەمڕۆکەی یەکێتی قەیرانی نەبوونی سەرۆک و سەرکردە نیە. بەڵکوو قەیرانی موئەسەسات و هەیکەلی حیزبییە. میراتی مام جەلال تەنها لە ناوی ئەو کەسایەتییەدا کورت نابێتەوە بەڵکوو مەنهەجی سیاسی و گوتاری ئاشتیخوازانە و پشت ئەستوور بوونی بە کادیر و هەیکەلی حیزبی خاڵی سەرەکییە.
گەڕانەوەش بۆ ئەو مەنهەجە، لە سەروو دروشمەکانەوە پێویستی بە هەنگاونانی کردارییە. بونیاتنانەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە بەشداریی هێزە مێژوویی و ڕەسەنەکان هاوشانی جیلی تازە، شەفافسازی لە پڕۆسەی قەراردان، دوورکەوتنەوە لە تەرکیزی ئەمنی و سەربازی و دوبارە پێناسەکردنەوە عیلاقاتی حیزبی لەگەڵ کۆمەڵگە، مەرجە سەرەکییەکانی بووژاندنەوەی پێگەی یەکێتین. ئەگینا یەکێتی دەخزێتە ڕێچکەی پەراوێز کەوتن و گرفتار بوون لە ململانێ و ڕکابەریی حیزبی و پووکانەوەی شەرعیەت و داڕمانی مێژوویی.
Your Comment