هەرێمی کوردستان و گرفتەکانی داهاتوو/ محەمەد هادیفەر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- زیاتر لە سێ دەیە لە تەمەنی دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراق بە هەوراز و نشیوی فراوانەوە تێدەپەڕێت؛ گۆڕانی ڕەژیمی بەعس بۆ فیدراڵی، بەشداریی کورد لە دەسەڵاتی سیاسیی عێراق، پەسەند کردنی زمانی کوردی وەکوو زمانی دووهەمی وڵات و ئاوڕدانەوەی ناوچەیی جیهانی لە هەرێمی کوردستان، دەسکەوتەکانی کوردانی عێراق بووە لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا.

کوردپرێس

هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو دەسکەوتانەی لە سێ دەیەی ڕابردوودا بەتایبەت پاش ڕووخانی ڕەژیمی بەعس، هەیبووە بەهۆی هەندێک بڕیار و لێکدانەوەی سەرکردە سیاسییەکانی کورد لە قۆناغە چارەنووسسازەکاندا، تووشی کێشەی و گرفتی فراوان بووە کە بە تێپەڕبوونی کات زیاتر و بەربڵاوتر بۆتەوە و دەسکەوتەکانی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە خستۆتە مەترسییەوە. لێکەوتەی ئەم کێشە و گرفتانە لە واقیعی ئەمڕۆی هەرێم و شەقام و ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە پڕۆسە سیاسییەکاندا لەوان هەڵبژاردنی پێشوو، خۆی نیشان داوە.

سەرەکی‌ترین گرفتەکانی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا

تەگەژەی یەکەم، دوورکەوتنەوەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردە لە ڕۆح و خواستی گەل و دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی کوردی. پێکنەهێنانی بەرەی یەکگرتووی کوردستانی و پاشان شەڕی براکوژی، دابەش بوونی هەرێم بە سەر دوو ناوچەی سەوز و زەرد، کۆچی دوایی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی، هێرشی داعش و لە کۆتاییدا ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ و ڕیفراندۆمی سەربەخۆی و پاش ئەوەش جیابوونەوەی کەرکووک و ناوچەجێناکۆکەکان لە هەرێمی کوردستان بەشێکی دیکەی گرفتەکانی بەردەمی ئەم ناوچەیە بوون.

لایەنەکانی پێکهێنەری دەسەڵات لە هەرێم هەریەکەش کێشە و گرفتی تایبەت بە خۆیان هەیە کە بوو بەهۆی پووکانەوەی سیاسیی ئەو حزبانە. یەکەم گرفتیان ئەوەیە کە پارتی دیموکرات بە تەگبیری نەوەی یەکەم و دەسەڵاتی نەوەی دووهەم و یەکێتیش بە عەقڵیەتی نەوەی دووهەمەوە بەڕێوەدەبرێن. سەرکردایەتیی هەردوو حزب لە باوکەوە بە کوڕ دەدرێت و ئیدیعای دیموکراسیەتیش تەنها وەکوو بانگەشە ماوەتەوە.

 هەردوو حزب تووشی گرفت و کێشەی نێوان ئامۆزاکانن و لە پارتیدا ڕووبەڕووبوونەوەی نەوی سێهەمیش خەریکە دروست دەبێت کە ڕۆحی بە میرات بردنی دسەڵاتی لە کۆمەڵگای کوردیدا زەق کردۆتەوە و ئەمەش ناڕەزایی بەدواوە هەبووە و هۆکارێک بووە بۆ سەرهەڵدانی حزبە ڕەخنەگرەکان و ئۆپۆزیسیۆن لەناوخۆی هەرێمدا ئەوەش تا ئەو ئاستەی کە ئاستی جەماوەریی ڕەوتە نوێکان ئەوندە بەرز بووەتەوە کە ئەگەری گۆڕانکاریی سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەی حزبی دوورنییە کە ڕووبدات.

دەستبەسەرداگرتنی شاڕێیانی ئابووری لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکان و کۆکردنەوەی سەرمایەیەکی فراوان بۆتە هۆی تووڕەیی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستاندا.

گەرم‌بوونی پشتی حزبە دەسەڵاتدارەکان بە هێزی سەربازی و ئەمنی بۆ هەێشتنەوەی هێژمۆنی و پێگەی خۆیان لە یەکێکە لە گرینگترین هۆکارەکانی ناڕەزایی خەڵکی هەرێمی کوردستان. پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر کامەیان هێزی ئەمنی، سەربازی و دامودەزگای تایبەت بەخۆیان هەیە. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە سر شەقام و کۆڵانەکان بریتیە لە کێشەی ئابووری و سیاسی و ڕەخنەی سەرەکیشیان لەسەر ئەو بارودۆخەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دروستیان کردووە و توانای بەڕێوەبردنی ڕاست و دروستی هەرێمیان نییە بەڵام بەهۆی ئەوەی کە هێزی سەربازیی تایبەت بە خۆیان هەیە کەس ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە. ئەو هەموو ناڕەزایەتییە کۆکراوەیە ئێستا لە خۆپیشاندانی ئاشتیانەی خەڵکی هەرێمدا خۆی نیشان داوە.

خەرج کردنی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان کێشەیەکی دیکەی بەردەم هەرێمی کوردستان

گرفتێکی دیکەی بەردەم هەرێمی کوردستان، شێوازی خەرج کردنی مووچەی کارمەندان بەتایبەت مامۆستایانە کە بەڕێوەبەرایەتیی حزبەکان و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی سەرقاڵی خۆی کردووە. ماوەی چەند ساڵە چۆنیەتیی خەرج کردنی مووچەی کارمەندان و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لە هەرێم کەلێنی قووڵی دارایی دروست کردووە کە بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت، لە ئێستادا کە حکوومەتێکی وردبین و تاڕادەیەک یاسامەند لە بەغدا دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە یەکەم هەنگاوی ئەوە بووە کە چاودێریی حیساباتی داهات و خەرجەکانی هەرێمی کوردستان بکات و لە ئەنجامدا جیاوازیی زۆری بینیوە لەو لیست و ئامارانەی کە بەڕێوەبەرانی هەرێم پێشکەشیان کردووە و  ئەنجامی ئەو بەدواداچوونانەی کە حکوومەتی ناوەندی ئەنجامی داون و بڕیاری داوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی ئەو لیستە کە خۆی بەدەستی هێناوە خەرج بکات نەک ئەو لیستەی لەلایەن هەرێمەوە ڕادەستی بەغدا کراوە، ئەمەش کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی لێکەوتۆتەوە چوونکە ئەگەر ئاماری ڕاستەقینە ڕادەست بکرێت یەکەم پرسیاری بەغدا ئەوەیە کە ئەو مووچانەی پێشتر بە لیستی ناڕاست دراون چارەنووسیان چی دەبێت؟ بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێم نە وەڵامێکیان بۆ بەغدا هەیە و نە مامۆستایانی ناڕازی ڕازی بە وەڵامەکانی بەڕێوەبەران دەبن.

حکوومەتی ناوەندیش تا ئەو کاتەی لیستی ڕاستەقینەی کارمەندانی هەرێمی پێنەدرێت مووچەکان بەو لیستە خەرج دەکات کە خۆی بەدەستی هێناوە و ئەوەش وادەکات کە هەم کارمەندانی هەرێم ڕازی ببن هەم ئەو قەرز و وامانەی کە لەسەر هەرێمە زیاتر بکرێت. ناڕەزایی گشتیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بەشداریی مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆکان بەرپرسانی هەرێمی تووشی تەنگەژەیەکی جیددی کردووە کە هەندێک جار بۆ کەم کردنەوەی خۆپیشاندانەکان و چارەسەر کردنی کێشەکان ڕووی خۆپیشاندەران لە بەغدا دەکەن کە وەڵامەکەی بەغدا لەبارەی خەرج کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەم بابەتەشی پووچەڵ کردۆتەوە.

پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەروەها تەنگەژەیەکی جیددی لەنێو حزبە کوردستانییەکاندا دروست کردووە، یەکێتیی نیشتمانی و نەوەی نوێ و حزبە ئیسلامییەکان خوازیاری خەرج کردنی ڕاستەوخۆی مووچەی فەرمانبەراننن لەلایەن بەغداوە بەڵام ڕوون نییە کە بۆچی پارتی دیموکرات لەگەڵ ئەو بابەتەدا نییە. بەگوێرەی ئەو زانییارییانەی کە میدا سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردۆتەوە ۸۰ لەسەدی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ ئەوەدان کە مووچەکەیان ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بێت و ڕەنگەی ۲۰ لەسەدی دیکەشیان لەژێر گوشاری ئەمنیدا دەنگی خۆیان گۆڕی بێت. بەڵام پارتی ئەوەش دەزانێت کە مووچەی ڕاستەوخۆی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە بە واتای لاواز بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئەمەش ئەو نیگەرانییەیە کە سەرکردەکانی پارتی نەیانشاردۆتەوە.

کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و لەدرێژەی ئەوەدا نایاسایی بوونی هەموو دەمودەزگانی حکوومەتی هەرێم بەو هۆیەوە، بیانوو و دەرفەتێکی باشی بە بەغدا داوە کە ئامانجە یاساییەکانی خۆی لەو ناوچە فیدراڵییەدا جێبەجێ بکات. لەنێو دروشمە ڕادیکاڵەکانی فەرمانبەرانی هەرێمدا لەم کات و ساتەدا دروشمی «ئاشبەتاڵ» لەهەموویان زەقترە کە ئەمەش هۆشدارییەکی جیددیە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم کە کوردانی عێراق بە تایبەت پارتی بیرەوەرییەکی باشی لەو دروشمە نییە چچونکە ئەو وشەکە کورتە بەواتای هەرەسهێنانی بزووتنەوەکوردییەکانی عێراق و ئاوارەبوونیانە لە گرێبەستەکەی ۱۹۷۵ی دەوڵەتاکانی ئەو کاتەی ئێران و عێراق.

بەم‌پێیە بەئاوڕدانەوە لە نزییک بوونی دوو هەڵبژاردنی گرینگ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و دووهەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان عەقڵیەتی سیاسی و بڕیاردان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوایەتی لە ئێستادا سەرەکی ترین پێداویستیی سەرکردە سیاسیە کوردییەکانە کە دەبێت هێش هەموو بەرژەوەندییەکی حزبی و شەخسی بخرێت؛ زیاتر لەهەموو کاتێکی‌تر ئەم پێداویستییە لە ئێستادا زەق بوو چوونکە بەردەوام بوونی بارودۆخی ئێستا کێشە و گرفتەکان قووڵتر دەکات و دەبێتەهۆی ئەوەی کە ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان بەربڵاوتر ببنەوە.

News Code 222604

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha