لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووکدا ئەوانەی بە "خەیانەت کردن" تۆمەتبار کران سەرکەوتن و ئەوانەی ئیدیعای "خزمەت کردنیان" هەبوو شکستیان هێنا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەنگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵبژادنەکانی پارێزگای کەرکووک و دیالە زیادی کرد و ئەمەش دەریخست کە ئیدیعای خەیانەتی ئەم حزبە کاریگەریی لەسەر ڕاستییەکان نییە بەڵکوو خزمەت کردنی ڕاستەقینە بەخەڵک سەنگی هەیە نەک ئیدیعای بێ‌بنەما.

کوردپرێس:

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕووداوەکانی ۱۶ی ئۆكتۆبەری ۲۰۱۷ بەردەوام بوو لە تۆمەتبار کردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەوەی کە کەرکووکی ڕادەستی حکوومەتی ناوەندیی کردووە و خەیانەتی لە میللەتی کورد کردووە.

پارتی بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتیی خۆی بۆ ئەو هەنگاوەی یەکێتی لە هەڵبژارنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ۲۰۱۸ بەشداری نەکرد، یەکێتیی نیشتمانی لەو هەڵبژاردنەدا لە کۆی ۱۲ کورسی پارێزگای کەرکووک توانیی ۶ کورسی مسۆگەر بکات.

پاشان پارتی دیموکرات لە هەڵویستەکانی خۆی کشایەوە و بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ساڵی ۲۰۲۱ی عێراق کرد و لەو هەڵبژاردنەشدا یەکێتیی نیشتمانی ۳ کورسی و پارتی دیموکرات ۲ کوردسی و نەوی نوێ توانییان ۱ کورسی بەدەست بێنن. ئەم ئەنجامەش دەریخست کە کوردەکانی کەرکووک پشتیان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەکردووە و تۆمەتبار کردنی یەکێتی بە خەیانەت کردن کاریگەریی لەسەر ڕای خەڵکی کەرکووک لەبارەی یەکێتییەوە نەبووە.

لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووکدا ئەوانەی بە "خەیانەت کردن" تۆمەتبار کران سەرکەوتن و ئەوانەی ئیدیعای "خزمەت کردنیان" هەبوو شکستیان هێنا

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا سەرەڕای ئەوەی کە دووبارەی پرسی خایەن و خەیانەتکار لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەرز کرایەوە و هێنرایەوە گۆڕەپارنی هەڵبژاردنەکانەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانی ۵ کورسی لە ۱۵ کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەدەست بهێنێت و پارتی دیموکراتی کوردستانیش تەنها ۲ کورسیی مسۆگەر کرد و جووڵانەوەی نەوەی نوێش سەرەڕای بانگەشەکانی ئۆپۆزیسیۆن بوونی نەیتوانی یەک کورسییەکەی خۆی لە کەرکووک بهێڵێتەوە و ئەوەش سەلمێندرا توانای ڕکاربەری کردنی ئەم حزبە تازەیە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دابەزیوە و دەبێت چاوەڕوانی هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو بکات کە ئایا دەتوانێت خۆی ڕێکبخاتەوە یان نا؟

سەرەڕای ئەو کەشوهەوا قورسەی دوو هەڵبژاردنی پێشووتر پاش ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ لەسەر هەڵبژاردنەکەی ئەمدواییە دروستیان کرد و هەروەها زیاتر بوونی بانگەشەی خەیانەت کردن، خەڵکی کەرکووک بۆ سێیەم جاری یەک‌ لە دوای یەک دەنگیان بە یەکێتیی نیشتمانی دا. ئەمەش لە ئاماری دەنگەکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت:

۱۵۵۰۴۸ دەنگی کوردەکان لە پرێزگای کەرکووک بۆ یەکێتیی نیشتمانی بوو کە دەکاتە ۶۴.۷ لەسەدی دەنگەکان و ۵۲۰۶۵ دەنگ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە دەکاتە ۲۱.۷ لەسەدی دەنگەکانی کوردەکانی کەرکووک ئەمەش دەریدەخات کە:

. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ۳ هێندەی پارتی دیموکرات کاریگەریی لەسەر کوردەکانی کەرکووک هەیە.

. دوو لەسەر سێی کوردەکانی پارێزگای کەرکووک دەنگیان بە یەکێتی دا کە مەسعوود بارزانی بەم شێوەیە ئەوانی وەسف کردبوو: "بە هاوکاریی دەستێکی خەیانەتکار و ناپاک پیلانێکی گەورە لە دژی گەلی کورد داڕێژرا بوو". هەروەها مەسروور بارزانی سەرۆکی ئێستای حکوومەتی هەرێم دەڵێت: "پیلانی ۱۶ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ گەورەترین خەیانەتێک بوو کە لەدژی میللەتێکی چەوساوە کرا بەڵام دەموچاوی ڕاستەقینەی خەیانەتکارانی دەرخست و وەتەن فرۆشی لە خزمەتکارانی میللەت جیا کردەوە".

ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، دەرکەوت کە تەنها یەک لەسەر پێنجی کوردانی پارێزگای کەرکووک دەنگیان بە "خزمەتکارانی نیشتمان" داوە.

بەپێی ئەنجامی دەنگەکانی ئەم هەڵبژاردنه، به ڕوونی دەرکەوت که پارتی دیموکراتی کوردستان له پارێزگای کەرکووک هەم له ڕووی دەنگ و هەم له ڕووی سیاسییەوه شکستی هێنا و ئێستا لەبەرەدەم بژاردەیەکی تاڵدایە.

ئێستا پارتی دوو ڕێگای لەپێشە:

۱- ئەگەر لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوپەیمانی پێکبهێنێت و ڕێکبکەوێت لەسەر بەدەستەوە گرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەلایەن کاندیدی یەکێتییەوە:

ئەلف: ئیئتیلافی لەگەڵ «خەیانەتکارانی ناپاک» و «وەتەن فرۆشان» لە پارێزگای کەرکووک کردووە.

ب: پاش ۶ ساڵ قبووڵ کردنی پارێزگارێکی عەرەب لە کەرکووک و ڕێگری کردن لەبەدەست هێنانی ئەو پۆستە لەلایەن یەکێتییەوە لە کۆتاییدا ئەو پۆستە ڕادەستی یەکێتی بکاتەوە.

۲- ئەگەر هاوپەیمانێتیی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی پێکنەهێنێت و عەرەب و تورکمان زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەدەست بێنن، لەم حاڵەتەیشدا دەنگی کوردەکان لە پارێزگای کەرکووک ئەو پێکهاتەیە ناکاتە هێزی باڵادەستی سیاسی و پڕۆژەیەکی نوێ بۆ خەیانەت سەرهەڵدەدات.

ئەوەش هەمان چیرۆکی دژەیەکە کە لە هەموو حاڵەت و بژاردەیێکدا، پارتی دەکاتە «دۆڕاوی بەئیدیعا» و یەکێتی دەبێتە «براوەی بێ ئیدیعا».

ئەم دەستکەوتە سیاسییە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانین بۆ ئیعتیباری خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی لە کەرکووک بگەڕێنینەوە کە هەموو یار و نەیارەکانی یەکێتیی نیشتمانی بەشدارییان کرد لە پێکهێنانیدا.

ئەم هەڵبژاردنە دەتوانرێت وەک پێشەکییەک بۆ ئاسۆی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق سەیر بکرێت، کە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا لە عێراق بەڕێوەدەچێت و بە دڵنیاییەوە کێبڕکێی ناو هەرێم زۆر قورستر و ڕەنگە سەرسوڕهێنەرتر بێت لە ئێستا هەڵبژاردنەکان.

ئەم هەڵبژاردنە سەرسوڕهێنەریەکی تری هەبوو و تاکە کورسی کورد لە پارێزگای دیالە لەلایەن یەکێتییەوە مسۆگەر کرا کە ئوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی بەڕەچەڵەک عەرەب سەرکەوتنی بەدەست‌هێنا، ئەو کەسە خۆی بە قوتابیی مام جەلال دەزانێت کە ئەمەش مانای تایبەتی خۆی هەیە.

بە لەبەرچاو گرتنی دەنگە یەک لە دوای یەکەکانی کەرکووکییەکان لە سێ هەڵبژاردندا بۆ ئەوانەی کە بە تاوانبارانی ۱۶ی ئۆکتۆبەر ناوبران و دەنگی ماناداری دیالە بە کاندیدی یەکێتی دەتوانین بڵێین پەڕەیەکی نوێ لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا کراوەتەوە کە بە ئارامی ڕێگای نێوان بەغدا بۆ کوردستان  و کوردستان بۆ بەغدا دەکاتەوە و دەستەواژەی وەهمیی "خەیانەت" کاریگەریی لەسەر نابێت و دەیسەلمێنێت "خزمەت کردنی ڕاستەقینە بە خەڵک" دەنگەکان بەدەست دێنێت نەک تەنها "ئیدیعای خزمەت کردن".

لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووکدا ئەوانەی بە "خەیانەت کردن" تۆمەتبار کران سەرکەوتن و ئەوانەی ئیدیعای "خزمەت کردنیان" هەبوو شکستیان هێنا

News Code 222716

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha