گۆڕینی ڕوئیای پێشمەرگایەتی بۆ سەرەڕۆیی بنەماڵە/ محەمەد هادیفەر

دەستگیر کردنی لاهوور تاڵەبانی لە ڕووداوەکەی لالەزاردا تەنها پێشهاتێکی ئەمنی یان یاسایی نەبوو؛ بەڵکوو نیشانەیەکی ئاشکرایە لەو ڕێگا پڕ هەوراز و نشیوە کە سیاسەتی هەرێمی کوردستان لە سێ دەیەی ڕدابردوودا بڕیویە. لە ڕۆژگارێکەوە کە پێشمەرگە لە شاخدا بە ئامانجی گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی شەڕی دەکرد تاکوو ئەمڕۆ کە بووەتە پێکهاتەیەکی حیزبی و میلیشیای بنەماڵە. ئەم گۆڕانکارییانە نەک هەر داهاتووی یەکێتیی نیشتمانی بەڵکوو داهاتووی دیموکراسی لە هەموو هەرێمی کوردستان دەخەتە ژێر کاریگەری.

بزووتنەوەی سیاسی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەنێوان سێ دەستەواژەی کوردایەتی، حیزبایەتی و بنەماڵەیی بووندا لە هاتوچۆ بووە. ئەگەر تا پێش ئینتیفازەی ۱۹۹۱ شەڕڤانانی شاخ لە کەشوهەوایەکی ئارمانجخوازانەدا بۆ ئازادی و دادگەری و دیموکراسی شەڕیان دەکرد، پاش ڕووخانی بەعس و گۆڕانکارییەکانی ۲۰۰۳، ئاقاری سیاسی هێدی هێدی لە مەیدانی ئارمانخوازییەوە بۆ ململانێی حیزبی و پاشان بۆ ئولیگارشی بنەماڵەیی، گۆڕدرا.

لە ئارمانجی شاخەوە تاکوو دەسەڵاتی حیزب

جیلی یەکەمی پێشمەرگەکان بە خوێن و گیانی خۆیان ڕێگایەکیان کردەوە کە بەرهەمەکەی خۆبەڕێوەبەریەک بوو لە باکووری عێراق. ئەو سەردەمە هەرچەند ململانێی ناخۆیی لەگەڵدا بوو بەڵام ئامانجێکی هاوبەشی هەبوو کە ئەوەش ئازادی و قبووڵ نەکردنی خۆسەپاندن بوو. بەڵام زۆر زوو دوای جێگیر بوونی دەسەڵات ئەوەش پاش شەڕی ئەوەڵی کەنداو و پشتگیریی هاوپەیمانان، ڕۆئیای کوردایەتی خۆی بۆ مەیدانی تەسکی حیزبایەتی گۆڕا. لەو سەردەمەدا ململانێ حزبییەکان شەڕی خوێناویی ناوخۆیی لێکەوتەوە و هەزار گەنجی کورد بوونە قوربانیی شەڕی دەسەڵات.

گۆڕین بۆ میلیشیای بنەماڵەیی

پاش ماوەیێک لە سەقامگیری و کۆکردنەوەی سەروەت و سامان، میحوەری هێز لە حزبەوە بۆ بنەماڵە گۆڕدرا. پارە و سامان بوو بە گرینگترین پێوەری دابەشکردنی هێز و نەوەی دووهەم و سێیەمی سەرکردە حزبییەکان گەیشتنە قۆناغێک کە زیاتر لەوەی کە هێمای بەرژەوەندیی حزبی بن، بەرگرییان لە میلیشیای بنەماڵەیی کرد. لەم ڕێگایەشدا زۆرینە پێشمەرگە خۆبەدەستەوەنەدەرەکان یان زۆر بە ڕێزەوە لادران یان ئەوەی کە خرانە پەراوێزەوە. لە ئەنجامدا چیدی هێماکانی جیلی شاخ لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا سڕایەوە و جەوی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر تێکەڵ بە ململانێی بنەماڵەیی کرا.

نموونەی ئاشکرای ئەم پڕۆسەیە لە گەورەترین حیزبی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت کە مومکینە ناکۆکییە ناوخۆیەکان لە داهاتوودا تەنانەت بگاتە ئاستی «شەڕی براکان» و ئێستاکەش ململانێی کەسی و خێزانی بووەتە پرسێکی چارەنووسساز بۆ پارتی دیموکرات. لەلایەکی دیکەشەوە یەکێتیی نیشتمانیش پاش کۆچی نەمانی سەرکردەیەکی کاریزما وەکوو مام جەلال زیاتر لە ڕابردوو گیرۆدەی ململانێی بنەماڵەیی و خێزانی بۆتەوە.

ڕووداوی لالەزار و دەستگیر کردنی لاهوور تاڵەبانی

لە نوێترین نموونەی ئەم پێشهاتانەدا ڕووداوی لالەزار لە ۲۲ی ئابی ۲۰۲۵دا جارێکی دیکە سەلماندی کە ململانێی بنەماڵەیی لەناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیدا دەتوانێت تەنانەت ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی لێبکەوێتەوە. هێزەکانی سەربە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە بەکارهێنانی چەکی قورس و زرێپۆش و تەنانەت درۆن  ماڵی لاهوور تاڵەبانییان گەمارۆ داو و ناوبراویان دەستگیر کرد کە ئامۆزای بافڵ تاڵەبانی و یەکێک بوو لە سەرکردە پێشووەکانی یەکێتی.

ئەم ڕووداوە لە باری یاساییەوە زۆر پرسیاری لێدەکەوێتەوە، چوونکە لە هێچ سیستەمێکی دیموکراتیکدا باو نییە کە جێبەجێ کردنی بڕیارێک بەمشێوازە و لەڕێگای سەربازییەوە ئەنجام بدرێت. زۆرینەی شرۆڤەکاران ئەم ڕووداوە نەک بە ڕووداوێکی یاسایی داد بەڵکوو بە نیشاندەری ململانێی بنەماڵەیی بۆ پاراستنی دەسەڵات لە قەڵەم دەدەن. دەستگیر کردنی هاوشێوە لەوان دەستگیر کردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی بزووتنەوەی نەوەی نوێ و هەروەها دەستگیر کردنی ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی نیشاندەری ئەمەیە کە میلیشیای بنەماڵەیی تەنها بە سڕینەوەی ناوحزبیدا ناوەستێت بەڵکوو نەیارانی خێزانیش دەگرێتەوە.

قەیرانی سەرکردایەتی لە ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاش کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی (مام جەلال) پێی نایە قۆناغێکی قەیراناوی. سەرکردەیێکی کاریزما کە دەیتوانی لەنێو باڵە جیاوازەکاندا هاوسەنگی دروست بکات چیدی بوونی نییە و یەکێتی بوتە مەیدانێک بۆ ناکۆکی نێو بنەماڵە و خوێشان. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە پارتی دیموکرات سەرکردایەتی نەوەی پێشوو یەکگرتووترە، یەکێتیی نیشتمانی گیرۆدەی کێشەی ناوخۆییە کە ئەمەش بۆتە هۆی لاواز بوونی هەمبەر ڕکابەرەکەی.

دیموکراسی لە سایەی هێزی بنەماڵەدا

ڕووداوەکەی لالەزار و سڕینەوەی لاهوور تاڵەبانی تەنها نموونەیێکە لە چەندین نموونەی دیکە و پڕۆسەیێکە کە دیموکراسی قوربانی دەکات. کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ، پاکتاوی حزبی، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنی لەگەڵ دژبەرانی تەرکیزی سامان و سەروەت و سەرچاوە نەوتییەکان لە دەستی بنەماڵەکاندا، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئارمانجەکانی نەوەی شاخ وەلانراوە و بۆتە مێژوو. هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبینن کە داهاتە نەوتییەکان و سەرچاوە سروشتیەکان لەدەستی بنەماڵەکاندایە و مەعیشەتی ئەوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تووشی قەیرانی زیاتر دەبێت. ڕاپۆرتەکان ئاشکرای دەکەن کە ڕۆژانە بە سەدان بارهەڵگری نەوت بەشێوەیەکی ناشەفاف سنوورەکان دەبڕن و حکوومەتی ناوەندیش ئاگای لێ نییە و چارەنووسی ئەم سامانە نادیارە.

میراتێک لە توندوتیژی و یادگاری ئەمنە سوورەکە

ئەدای حزبە کوردستانییەکان لەگەڵ نەیاراندا نیشان دەدات کە ئەگەرچی ئەوان بەڕواڵەت گەیشتوونەتە سەردەمی دیموکراتیک و مۆدێرن، بەڵام بە کردار وەفایان بۆ شاخ تەنها بۆ توندوتیژییەکەیەتی. لە جیهانێکدا کە پێوەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیاران، یاسایە؛ لە هەرێمی کوردستاندا هێشتا سڕینەوەی جەستەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنی بژاردەی یەکەمە.

یەکێک لە هێما دیارەکانی ئەم مێژووە خوێناوییە، سجنی ئەمنە سوورەکەیە لە سلێمانی؛ تۆقێنەرترین زیندانی حیزی بەعس کە پاش شۆڕشی ۱۹۹۱ لەسەر دەستی خەڵک و پێشمەرگەکانی یەکێتی ئازاد کرا. ئەم زیندانە ئێستا کراوەتە مۆزەخانە بەڵام بەسەرکردنەوەی ئەم شوێنە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەم پرسیارە وەبیر دەخاتەوە کە بۆچی چارەنووسی بەرخۆدانی پێشمەرگەکان ئێستا هەمان توندوتیژی سەردەمی بەعسی لێکەوتۆتەوە، ئەمجارەیان لە جلی حیزبی و بنەماڵەییدا.

داهاتوویەکی نادیار

ئێستا کە دەسەڵاتداریی قەومیی کوردەکان پێی ناوەتە دەیەی چوارەمی خۆیەوە پرسیاری گرینگ ئەوەیە کە ئایا ئەم پڕۆسەیە دەتوانێت ئارمانجە سەرەتاییەکان زیندوو بکاتەوە یان ئەوەی کە زیاتر گیرۆدەی دەسەڵاتی بنەماڵە دەبنەوە؟  گومان لەمەدا نییە کە ئەگەر ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بێت، دوورکەوتنەوەی خەڵک لە دەسەڵات تا دێت زیاد دەکات و هەرێمی کوردستان زیاتر لە دیموکراسی دوور دەکەوێتەوە.

News ID 226047

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha