بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دژە تیرۆری کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، ۱۶-۷-۲۰۲۵ لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت: " بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاژێرەکانی ۶:۰۰ و ۶:۱۵، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتیی DNO لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ".
هەروەها دەشڵێت: "لە کاژێر ۷:۰۰ لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتیی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ".
بەپێی زانیارییەکانی دژە تیرۆر، "جگە لە زیانی مادیی کە بەر کێڵگەکان کەوتوون، هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە".
دژە تیرۆر ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە کاژێر ۷:۱۴، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هەنت ئۆیلی ئەمریکی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێ نەکەوتەوە".
لەم مانگەدا ۱۵ هێرشی درۆنی کراونەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی لە هەرێمی کوردستان؛ سێ هێرش بە چوار درۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر کراون؛ سلێمانی بە پێنج درۆن، چوار هێرش کراون؛ لە دهۆک سێ هێرشی درۆنی کراوە؛ لە کەرکووک سێ هێرش هەبووە کە دووانیان درۆن و ئەوی دیکەش بە مووشەک بووە و لە زاخۆش دوو هێرش بە سێ درۆن کراون.
Your Comment